نامەوێت بێزارت بکەم

ڕیچارد براوتیگان/شاعیری ئەمەریکی

December 30, 2021

ڕیچارد براوتیگان شاعیری ئەمەریکی، ٣٠ـی جێنیوەریی ١٩٣٥ لە ئەمەریکا لە دایک بووە، لە ١٦ـی سێپتەمبەری ١٩٨٤ـدا بە تفەنگی ڕاو خۆی کوشت. ئەو نۆ ڕۆمانی نووسیوە کە “ڕاوی ماسیی سەلەموون لە ئەمەریکا” بەناوبانگترینیانە، هەروەها کۆمەڵەچیرۆکێک و چەندین دەفتەرەشیعریش. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

نامەوێت بێزارت بکەم
ڕیچارد براوتیگان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سایۆ ڕەجەب

 

 

 

 ماڵئاوایی ڕاست و نا ڕاست

کە لە دەرگاکە چووە دەر،
گوتی کە ناگەڕێتەوە،
بەڵام گەڕایەوە، کوڕی دێڵەسەگ،
ئێستا من دووگیانم و
ئەو هەر قنیشی ناجووڵێنێ

*

 

 قەسرێک لە مراوییە ڕەشکە*

هاملێت
هاوسەرگیریی لەگەڵ ئۆفیلیا کرد
بە مراوییە ڕەشکەیەکەوە
لەژێرباڵی هەڵیگرتبوو
هێشتا هەر تەڕ بوو
هێندەی خۆی نقوم بکات
وەک گوڵە سپیلکەکان وا بوو
کە ماوەیەکی زۆر
لەژێر باران جێ هێڵدرابێت
ئۆفیلیا گوتی: خۆشم دەوێی
ئەو باڵندەیەڕەشەشم خۆشدەوێت
کە هەڵت گرتووە.

 

شوباتی ١٩٥٨
*قەسرێک لە مراوییە ڕەشکە:هاملێتی ویلیەم شکسپیر(١٦٠١)

*

 

 پاسەکان

فەلسەفە دەبێت بوەستێ
لە نیوەشەواندا
هەروەک پاسەکان.

بێنە پێش چاوت
نیچە و عیسا و بێرتراند ڕەسڵ
لە گەراجێکی بێدەنگ
پارک کراون.

*

 

 پانزە چیرۆک لە شیعرێکدا

نامەوێ بێزارت بکەم،
بەڵام هەر ئێستا
لە پەنجەرەوە
منداڵێکم بەردایەوە

بوو بە پانزە چیرۆک و
پڕژایە سەر شۆستەکە

گسکێک بێنم؟

*

 

 بمکە بە یەدەگ

دەخوازم ڕۆژ ببێتە شەو،
شەویش ببێتە ڕۆژ،
تا جارێکی دی خۆشەویستی نەکەم.

 

تەمووز ١٩٨٣دوای کۆتاییهاتنی پەیوەندیی نێوان براوتیگان و ماساکۆ کانۆ
تۆکیۆ، ژاپۆن.