ویلیام وۆردسوۆرس یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی شیعری ڕۆمانتیکی ئینگلیزی و یەکێک بوو لە کەسایەتییە ناوەندییەکان و ڕۆشنبیرە گرنگەکانی. وەک شاعیرێکی ڕۆحی و زانستناسی، شاعیرێکی خەمخۆری پەیوەندی مرۆڤ بە سروشت و داکۆکیکارێکی توندی بەکارهێنانی وشەسازی و شێوازی قسەکردنی مرۆڤە ئاساییەکان لە شیعردا پێناسە دەکرێت. کوڕی جۆن و ئان کوکسۆن وۆردسوۆرس، ویلیامووردۆرس لە ٧ی نیسانی ١٧٧٠ لە شاری کۆکەرمۆس لە ویلایەتی کمبرلاند لەدایکبووە، کە دەکەوێتە ناوچەی دەریاچەی ئینگلتەرا: ناوچەیەک کە بۆ زیاتر لە دوو سەدە دوای مردنی پەیوەندییەکی نزیکی بە وۆردسوۆرسەوە دەبێت. هەر لە کوڕێکی گەنجەوە لە قوتابخانەی ڕێزمان دەستی بە شیعر نووسین کردووە و پێش تەواوکردنی کۆلێژ گەشتێکی بۆ ئەوروپا کردووە، ئەمەش خۆشەویستیی بۆ سروشت و هاوسۆزیی بۆ مرۆڤی ئاسایی قووڵتر کردووەتەوە، کە دوو تەوەری سەرەکین لە شیعرەکانیدا. وۆردسوۆرس بە شیعری گۆرانی (بالەدی لیریکی) ناسراوە، کە لەگەڵ ساموێل تایلۆرکۆلەریج بە هاوبەشی نووسیویەتی.
١
فەرەنگستان و زۆر جێ گەڕاوم
لێ وەک جارێکیان سەرنەسوڕماوم
ببینم پیاوێ پێگەیشتوو و جوان
ئاشکرا بگری لە نێو شەقامان
وەلێ یەکێ وا لە فەرنگستان
کەوتە پێش چاوم بەهەڵەداوان
لەسەر ڕێگەی پڕ لە خەڵکی زۆرێ
بەسەر کوڵمەیا فرمێسک بچۆڕێ
بەهێز وێنەی دا بێزار لە دڵدا
مەڕێکی شل بوو لە باوەشیدا
٢
کە منی بینی ڕووی خۆی وەبادا
وەکو بیەوێت وا خۆی حەشاردا
ئینجا بە چمکی کراسی دڕاوی
دەستی برد بسڕێ فرمێسکی چاوی
وەدووی کەوتم و پرسیم ئەی هاوڕێ
بۆ دەگری چییە؟ چی لێت ناگەڕێ؟
شوورەییە بۆم هەر ئەم مەڕەیە
هۆی گریە و ئەم دوو چاوە پڕەیە
لای بەردەڵانم ئەمڕۆ هێناوە
لەگشت ڕانەکەم ئەمەم بۆ ماوە
٣
کاتێ کە لاو بووم کوڕێکی تەنیا
کە ئیتر گێلی گەنجیم دا بەبا
لێ بێ دەربەست، بێ خەمخۆری
وا چووم و کاوڕێکم لەبۆی کڕی
هەر لەو یەکە بەرخی زۆر جوان
زۆر بوو، بوو بە دووان و سیان
وەکو ویستم ساماندار بووم
خاوەن خێزان و ماڵان بووم
مەڕ بووە ڕانێکی فراوان
هەر زیاد ئەبوو ماڵ و سامان
٤
ساڵ دوای ساڵ سامانەکەم
زۆربوون لەگەڵ ڕانەکەم
لە کاوڕ پەنجا مەڕم بوو
ڕان تا چاو حەزکا جوانتر ئەبوو
لە بناران لەوەڕیان ئەکرد
ماڵ و ئەوان گەشەیان کرد
ئێستە ئەم مەڕەی باوەشم
لە دنیایە هەموو بەشم
گەر لە هەژاریشدا بمرین
قەیدی نییە گەر نەمێنین
٥
وتی هاوڕێکەم شەش منداڵ
بۆ تێرکردنیان بووم عەوداڵ
لە کاری سەختی کاتی سەخت
ژیاندنیان زیاتر بوو سەخت
شکۆم شکا و لە خەماندا
ئەموت دیندار نەجاتمان دا
وتیان دەوڵەمەند و بوونەی
خاوەن مەڕی ئەو کێوانەی
لەو کاتەیا بوو مەڕم برد
قوربانی لەتێ نانم کرد
وتیان گەنجدارم لەم ژینە
بەرخی نێر بۆ سەربڕینە
٦
لە دوای کۆڵێ سەگەوەڕێ
من بۆ نان فرۆشتم مەڕێ
منداڵ بە نان ساغ و سڵامەت
بۆ من نەهار و نەهامەت
بۆ من وەختی بەدبەختیم بوو
ئاویلکەی گەنج و رەختیم بوو
ئەو ڕانە جوانەی گەورەم کرد
لەگەڵی ڕەنج و ئێشم برد
کە دیم وەک بەفر بووە ئاو
ڕۆژی ڕەشم هاتە پێش چاو
٧
جارێ یەکێک، جارێک یەکێک
جارێ دایکە و جارێ بەرخێک
وەک دەمار خوێن لێی ئەچۆڕێ
لە دڵم ئەتکا مەڕ و نێرێ
تا ئەو کاتەی سی مەڕ نەما
مەڕ هەر کەمی کرد تا نەما
خۆزگەم وابوو یەکجار نەبن
نەک دانە دانە ون ببن
کەمیان ئەکرد دانە دانە
نەهاتیم دی بەم چاوانە
٨
بە لای بەدکاری مەیلم بوو
بیرم بۆ خراپەکاری چوو
هەرکەسم دی وام ئەزانی
لە دەردم باشی ئەزانی
نە ڕاحەتم بوو نە ستار
بێ ئارام لە دەر و دیوار
شێتانە و بە هیلاک ڕۆشتوو
زوو زوو بەرەو کاران ڕۆشتوو
جار نا جار ئەمووت من هەڵێم
ڕۆژی نەهاتی وا هەڵهات لێم
٩
ئەو ڕانەم زۆر لا ئازیز بوو
وەک جگەرگۆشەی خۆم وابوو
لێ کە سامانم زیادی کرد
ئازیزی ڕانەکەم باری کرد
مخابن ڕۆژێ نەگریس بوو
زام و ئازار سزای من بوو
دایم نزام لەسەر زمان
زگار بوبووم لە منداڵان
هەر هەفتە و ڕۆژ ئەخولایەوە
وەک بڵێی ڕان ئەتوایەوە
١٠
کەم بوون، خەمگین بوو بینیان
لە دە پێنج ما، لە پێنجیش سیان
بەرخێ، بەرانێ، مەڕێک بوو
لە سیانەوە وا بوون بە دوو
لە پەنجا سەر تاکو دوێنێ
یەکێ ما زیندوو بمێنێ
ئەم یەکەیە لەسەر دەستم
نەمان! گشتی چوو لە دەستم
ئەمڕۆ لای بەردەڵانم هێنابوو
لە ڕانەکەم ئەمەم مابوو