پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر – ٢٠٢٤

March 21, 2024

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر (٢١ـی مانگی ٣ـی هەموو ساڵێک)، پەیامێکە هەر ساڵێک و لە لایەن شاعیرێکی جیهانەوە دەنووسرێت. شاعیرەکە لە لایەن (ناوەندی باڵندە)وە بۆ نووسینی پەیامەکە دەستنیشان دەکرێت. ئەم پەیامە بایەخ بە ڕۆڵ و گرنگیی شیعر لە جیهانی ئێستادا دەدات، جیهانێک کە تێیدا بەردەوام ئاشتی و پێکەوەژیان لە پاشەکشەدان و شەڕ و توندوتیژی و نادادپەروەری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنن. ئایا شیعر دەتوانێت لە جیهانێکی ئاوادا چی بکات؟ هەروەها بایەخی شیعر لە ژیانی شەخسیی شاعیردا و تێڕوانینی ئەو شاعیرە بۆ دنیای شیعر. پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر شیعر چڕتر بکاتەوە و پێمان بڵێت شیعر چییە و چی پێ دەکرێت. 

سەلیم تەمۆ، نووسەری پەیامی باڵندەیە بۆ ساڵی ٢٠٢٤

 

زمانی زێڕین
سەلیم تەمۆ
لە کورمانجییەوە ژیار هۆمەر

 

لەم شارەوە، چوار هەزار کیلۆمەتر دوور لە پەرتووکخانە و دەفتەرە پڕ لە خەون و پەیڤەکانمەوە، دەتوانم چی لەسەر شیعر بڵێم؟ ئەم شارە ڕۆژانە لە سایەی هەورێکی نامۆتردا ڕۆژ دەکاتەوە. پۆڵ سێلان لەم پردەوە خۆی هاوێشتە چەمی سێنەوە، شارل بۆدلێر لەم ماڵەدا ئاوەزی شڵەقا، ڕاینەر ماریا ڕیلکە لەسەر ئەم شەقامە ژیا، «بەلەمی سەرمەست»ـی ئارسەر ڕامبۆ لەسەر ئەم دیوارەوە لە مرۆڤ دەڕوانێت، ئەم دارە میر کامەران عالی بەدرخانی خۆش دەویست…

     چەند ساڵێکە بە ناو پەیڤی شاعیرە مردووەکاندا دەگەڕێم، پەرتووکخانەکەی ناو سەرم تا دێت قورستر دەبێت. چ بە زمانی خۆم، چ بە زمانی دیتران، چ بە زمانی وەرگێڕان کە لە نێوان دوو زماندا بە دوو زمان دەئاخڤێت، گوێ لە شاعیران دەگرم، پاشان بۆم دەردەکەوێت شیعر هەر بە یەک زمان دەنووسرێت. بەو زمانەی میر کامەران لە هەڵبەستی «کولیلکێن عەزێب»، هاوشێوەکەی «گوڵەکانی خراپە»ـی شارل بۆدلێر، ناوی لە شیعر ناوە: «چرا دەسووتێت؛ زمانێکی زێڕین.» ئەم زمانە زێڕینە لەسەر زمانی شاعیران قورس دەبێت، دەنگ دەکوژێت، هەڵم دەبڕێت، ئاگر دەسووتێنێت. دواسات شاعیرێک لە شوێنی ئەو شاعیرە دێت بەڵام ئەویش دەمرێت.

     زمانی زێڕین ڕاستییە، لە زمانی ڕاستییش ڕاستبێژترە. چوارسەد ساڵ لەمەوبەر لە جزیرەی بۆتانی ناو ئامێزی دیجلە، مەلای جزیری دەیگوت ڕووناکیی جوانی لە عیلم/زانستدا خۆی دەنوێنێت و ئەڤین هەڵدەبێت، ھەروەھا دەیپرسی: «کێ دی حەقیقەتی بێمەجاز؟» ئێمە ڕاستی و حەقیقەت بە زمان دەردەبڕین لە کاتێکدا زمان خۆی مەجازە، چونکە ناوی شتەکان دەنێنین و شتەکان بە ناو پێناسە دەکەین. شتی بێناویش هەیە، بەڵام ناو شت دەکاتە شت، لە شتی تر جیایان دەکاتەوە. ناویش هەر لە خۆیەوە نییە، شت لەشی پێ دەبەخشێت. نەخوازە ئێمە تەنیا حەقیقەت لە ڕێی مەجازی لە-زمان-زاوەوە دەبینین و دەبێژین. تا ئێرە هاتین، بەڵام قووڵییەکەی مەلێ بنکی نییە، بۆیە وشەی «عیلم»ـیشی دەربڕیوە و بردووینیەتە سەر پێناسەی شیعر: «عیلمی مەجاز»، واتا شیعر. شیعر زانستی مەجازە. وەڵامی مەتەڵەکە ئەمەیە: کەس ناتوانێت بەبێ شیعر ڕاستی بڵێت و ببینێت. ئەم زمانە زێڕینە لە زماندا دەپاڵێورێت، ئێمەیش لە پێناسەی بەربڵاو و درێژدادڕی ڕزگار دەکات. ئینجا با هێربێرت مارکۆزە وەبیر بهێنینەوە: «دنیا لە شیعردا ڕاستتر دەردەکەوێت.»

     شیعر لە هەر ڕۆحێکدا بۆ قووڵییەکی جیاواز دەگەڕێت. واتای شیعر لە ڕێی ئەم قووڵییە جیاوازانەوە قووڵتر دەبێتەوە. بەڵام گەر [وەک چیرۆکی یووسف] بیرێک نەبێت، چۆن ئەو جوانییەی ئیرەیی دەبزوێنێت بشارینەوە؟ زمانی زێڕین پێویستی بە دەنگێک-دەنگدانەوەیەک و گوێیەک-گوێگرێکە. دەنا سەر ناگرێت، بێلەش دەبێت، تەواو نابێت. بۆیە ئەحمەدی خانی دەڵێت دڵی من سەدەفە، دوڕ/گەوهەری تێدایە، بەڵام «مەتنخوانەک کو نەبت ساحبێ مەعنا چ بکەت؟» واتا شیعر بە خوێنەر تەواو دەبێت، خوێنەر نەبێت شیعر نابێت. مرۆ لێرەدا دەتوانێت بڵێت خوێنەریش هاوبەشێکی شیعرە! دەبێت بیشزانێت چەندێک لە ڕاستیی ئەزموونییەوە دوورە و چەندێکیش لە ڕاستیی ناخەوە دوورە. کاتێک ڤلادیمیر مایاکۆڤسکی دەڵێت: «لەسەر پشتملی کەفچەڕێنی چەمەکانی باکوور» ئیدی گومان نامێنێتەوە و دەڵێین بەڵێ، پشتملی چەمەکانی باکوور کەف دەچەڕێنن.

زمانی زێڕین لە نێوان ئافراندنەوەی ڕاستی و زایەڵەی دڵاندا، لە سنگی دوور لە یەکترەوە، دنیایەکی تر لە ڕاسەری دنیای هەبووەوە ڕۆ دەنێت. شیعر دەبێتە دوورەزمانێکی ڕزگاربوو لە کۆتوبەندی ڕاستیی هەبوو. سا ئەفڵاتوون دژایەتیی شیعری دەکرد، چونکە شیعر حەقیقەتی دەکردە شێوازی مرۆیانە. شیعر مرۆئاسایش لە دەرەوەی دەڕوانی و مرۆی دەکردە پارچەیەک لە پارچە هەبووەکان. شیعر لە ترسان خۆی نەدەسپاردە بیر و بڕواکان. واتا زمانی زێڕین، کۆپیی کۆپی نییە، نەخێر، ئەفڵاتوون هێشتاکەیش هەڵەیە، شیعر هێشتاکەیش حەقیقەتە.

کەواتە خاوەنی زمانی زێڕین دەچێتە ئاستی خوداییەوە؟ نەخێر، بۆیە من لە سەرەوە گوتم خوێنەریش لە دنیای شیعردا هاوبەشە. شیعر زمانێکی نوێی خاوەندەسەڵاتی نوێ لەسەر دنیا ناسەپێنێت. بە پێچەوانەوە، لێکچوون دەھێنێتە ئاراوە و لێکچوون لە نێوان دوو لایەندا وەک پردی وشە دادەنێت.

لەم دنیایەی بە ڕاستی پۆخڵ بووە، هەڵبەست دەتوانێت لە نێوان سنگی دوور لە یەکترەوە پردی وشە بە زمانێکی زێڕین هەڵببەستێت کە مەجازە، مرۆڤ تەنیا بەم مەجازە دەتوانێت ڕاستی بڵێت و ببینێت.

زستانی ٢٠٢٤، پاریس