نەهرۆ جەرجیس عومەر، شاعیرێکی گەنجی کوردستانە، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە، دەستپێکی کارەکانی وەک ڕۆژنامەوان بووە. تا ئێستا سێ کۆمەڵە شیعری چاپ کردووە، (زمانی دووەم، كۆمەڵە شیعر، ٢٠٢٠)، (پیاوێكی سپی، شیعر و پەخشانە شیعر، ٢٠٢١)، (یادەوەریی فرمێسكاوی، ٢٠٢١). فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری نەهرۆ بن.
هەوری دڵتەنگی
نەهرۆ جەرجیس
دڵتەنگى سەرم گێژ دەکات.
لە چاوەکانمدا خۆی دەشارێتەوە.
ڕووناکییەکی مەترسیدارە.
وەک سپێدە و شەیدایی،
لە وشەیەکی چۆڵدا:
سازی شکاو دەژەنێت، شەو دەچنێت.
هەناسەی وەریو، کۆدەکاتەوە.
لەسەر زەمینێکی کوێر
بە یادی درەختێک لە لم، کاتێک لە خەونی دارستانیش مۆسیقاکەی نقومی وشکێتی دەبێت
دەمکاتە بۆنفرۆش و ناڵە گەلێک سڕ دەکەین!
لەگەڵ دواتیشک شۆڕ دەبینەوە
بەینی باڵەکانی دواخەونی خەوتوو.
وەک چۆن مێروولە بە دارێکەوە دەنووسێت؛
وەها دڵتەنگی پێمەوە نووساوە!
دەترسم کونم بکات و ئیتر بمرم.
تابوتى خۆزگەکانم،
لە کەلاوەیەکى تاریک جێبهێڵم و
چاولەڕێی بەرەبەیان،
تا خوێنی ڕژاوی بخۆمەوە.
بڕوا بهێنم، کە ناتوێتەوە.
بیکەم بە چەتری ڕۆژە ساردەکانم.
ئەو ڕۆژە ساردانەی،
دنیا لە حەوشەی دڵمدا پێنەکەنی.
لە دەروونی نێرگزێک بەختەوەریی نەپرژاند،
چەکەرەی نەکرد و
چووپی بەخت بریندار بریندار…
پێکێک شادیشی، لەگەڵ نەخواردمەوە.
هاژەی خەونەکانم
ڕەنگ و بۆنی خوێنی گرت،
بووم بە وشە سووتاوەکانی حیکایەتی تابووت.
لە تاریکی دامەزرام،
گۆرانییەکانی عەزابم گوتەوە!
بە ئاسۆی سیسدا ڕێ دەکەم…
لە تۆڕی تیشکەکانی چرایەک؛ خۆم نا!
ڕستەکانم دەسووتێن.
تەنیاییم کانیاوێکی بریندار
خەمناکیم خوێنی لێ دەتکێ.
مەراقم پەککەوتەیەکە
بێ دەست، قاچ، چاو، گوێ!
خەونەکانم، لەنێو دارەمەیتێک پاڵیان داوەتەوە.
گۆرانییەکانم، لەگەڵ میلی کاتژمێرێکی شکاو
جێماون، نا، وەستاون.
هەستی سەربڕاو،
لە گۆڕستان هەواری سازداوە.
چونکێ هەموو پێنجشەممەیەک؛
لە هەڵدێرى نەخێری ژیان،
دەکەومە نێو گۆمى دڵتەنگى.
باشترین وەهم دەدۆزمەوە و تیمارى دڵم دەکەم.
ئاگرێک دەکەمەوە و شیعرێک دەنووسم،
سەرم مەست دەبێت.
بڕێک لە دڵتەنگییەکەم گڕ دەگرێت،
هاواری لێ دەتکێتەوە.
لە بەژنی قەڵات دەمڕوێنێت.
لەنێو گۆڕێکی قووڵ،
ئاشنای ڕەگەکانی زەویم دەکات.
دەمکاتە تاقە دار،
تاقە بیانووی بێ سەرپۆش.
تاقە شەوی نەدرەوشاوە!
تاقە سپێدەی سەرخۆش.
لەگەڵ قاسپەی بایەک، بانگ دەدەم:
“چ زەمەنێکە تێی کەوتووین؟
چ کارەساتێکە ئەم هەسارەیە؟”
وەها دەجەنگم؛ دەبمە شۆڕشگێڕ.
لە قووڵایی بیرێکى تاریک،
لە شەقەی باڵ دەدەم.