شێموس داغتەکین، شاعیرێکى کوردە، لە ساڵى ١٩٦٤ لە شارۆچکەى هارون لە باکوور لەدایکبووە. لە ساڵى ١٩٨٧ـەوە لە فرەنسا دەژى. بە کوردى و بە فرەنسى و بە تورکی دەنووسێ. بەڵام زیاتر وەک شاعیرێکى فرەنسى ناسراوە. تا ئێستە یانزە کۆمەڵە شیعر و ڕۆمانێک بە فرەنسى بڵاو کردۆتەوە، دوو خەڵاتى شیعرى فرەنسى بەناوبانگى وەرگرتووە، خەڵاتى شاعیر مالارمێ و خەڵاتى شاعیر تیۆفیل گۆتیێ.
دواجار پێکەنین هەر دێ
شێموس داغتەکین
کوردییەکەی موحسین ئەحمەد عومەر
خۆزگە ماڵم لەناو پەیکەرى ئازادی بایە، لەناو ئەو دارستانەى لەناو سەریەتى
لەناو ئەو کیسەڵ و پلنگ و فیلانەى لەسەر گیاى ناو سەرى وەرکەوتوون
لە ڕاستیدا، پەیکەرى ئازادى ئەژدیهایەکى گەورەیە
ئەژدیهایەکى حەربا ئاسا، لەسەر هەموو تیرێکى وێڵ شین دەبێ
من تیرێکى وێڵم، ناتوانێ خۆى لەناو ئەوانى دى بدۆزێتەوە
تیرێکى وێڵ کە خۆى بە سێبەرى ئێوەوە دادەپۆشێ
من، من تیرێکى وێڵم بە ڕوومەتى زۆر جوانى ئەژدیها دەکەوێ
تیرێک لە دەنگۆ، لەناو قاپێک لە برنج، کە لە بن لووتى تۆ ڕایدەگرم
تیرێکى وێڵ وادەزانێ من چاوى تۆم، دژ بە ملت پاڵم پێوە دەنێ
وەک زارێک کە لە نێو مەمکەکانت هەڵى دەدەمەوە
تیرێک لەناو مێرگ، لەناو دارستانى پەیکەرت
ئەو دەمە بشکێنە، ئەمەت بینیوە، هى ئەو مارەى کوێر بوو
پۆشاکى وردکراو، دەمى پڕ لە عەشق، هیچ لە هیچ
تۆ دنیات داگیر نەکردووە، دنیاى مێشانیشت داگیر نەکردووە،
هى لمى قووتدروایشت داگیرنەکردووە، هى لێوە کراوەکانیشت داگیر نەکردووە،
ئەمە کردە دەتەقێنێتەوە، بە پێى چەشەى دڵە، خۆشە
ئەمە بە بیزۆن گەرم دەبێتەوە، بە تەختەدارێکى لاسووتاو، سنگ دەتەقێنێتەوە، خۆش نییە
دەبا هەنیەت بێدەنگ بکەین، دەمارەکانت،
من، تیرێکى وێڵم
ئاهـ، ئەم مەمکە نیانە کە تێکەڵى نانى تۆى دەکەم
دواجار پێکەنین وەک دەرهێنانى لم لە ناو کەوشەکانت هەر دێ.