ژان وەک‌ ڕووبار

دابان عەتار | (١٩٩٠ - )

دابان عەتار | (١٩٩٠ - )

January 7, 2025

دابان عەتار ساڵی ١٩٩٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە. لە بوارەکانی ڕۆمان و چیرۆک و شیعردا دەنووسێت و لە ئێستادا خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە، ئەوانیش، (تابووتی خۆڵەمێش-ڕۆمان- ٢٠١٨)، (ناچیرۆک- چیرۆک ٢٠١٩)، (کتێبی نا -شیعر-٢٠٢٠).
خوێنەری ئەم وتارەی بن لەسەر کتێبی (زمانم دەکێشمەوە)ی دیار سۆفی.

 

 

 

ژان وەک‌ ڕووبار
دابان عەتار

 

 

تا ئێستا دوو کتێبی بڵاوکراوەی (دیارسۆفی)م خوێندووەتەوە، زمانم دەکێشمەوە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن دەزگای نووسیارەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
پێش ئەوەی بێمە سەر وردبوونەوە لە دەقەکانی ئەم کتێبە هەتا بیرم نەچووە با شتێک بە دیار بڵێم: هەرچەندە برین هێند نەمرە مرۆڤی داڕزاندووە و هێند شاکارە مرۆڤی ڕاچڵەکاندووە، بەڵام لەمێژە لەنێو بریننامەدا دەخوولێیتەوە ئەمجارە ئەگەر شیعرت نووسی تکایە لە برین دوورکەوەرەوە و هێند خۆت مەکولێنەوە و هەوڵ بدە ئەگەر ئازاریشت نووسییەوە، بەبێ بەکارهێنانی وشەکانی(ئازار، برین) دەری بڕیت! كتێبی یه‌كه‌میشت، برینێكم به‌ڕوومه‌تی زه‌وییه‌وه‌/ ٢٠١٩، هەروەها له‌ كۆمه‌ڵێک شیعری تری بڵاوكراوه‌ و نه‌كراوه‌شتدا، كه‌ من تا ئێستا خوێندوومنه‌وه‌، ئه‌و دوو وشه‌یه‌ زۆر دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌كوو له‌لایه‌ن زۆر شاعیری دیكه‌ی گه‌نجه‌وه‌ سه‌تباره‌ ده‌بنه‌وه‌.

ئەمە ڕەنگە تاکە ڕەخنە بێت بۆ شێوازی شیعری دیار کە بمەوێت لێرەدا بینووسم، ئەگەر شتێکی تر هەبێت نامەوێت لێرەدا لەسەری بووەستم.

زمانم دەکێشمەوە بونیادنانەوەی دونیایەکی خەمگینە لە گۆشەنیگایەکی شاعیرانەوە و دروستکردنی فەزایەکی نیگەرانانه‌یە بۆ ڕوانین لە دونیا و ئەوەی تێیدایە. مرۆی نیگەران دەتوانێت بیر بکاتەوە، یەکەم قۆناغی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی خود و دەوڵەتی سەربەخۆی ناوەکیی هەر ئادەمییەک، ئەو نیگەرانییەیە کە لە دەرەوە دێت و لەناوەوە چەکەرە دەکات و دیسان بۆ دەرەوە ئاڕاستە دەکرێتەوە. جا مرۆ چی هەیە بۆ دەربڕینی ناوەوەی جگە لە زمانی؟ زمانیش لەلای هەر کەسە و شێوازێکی هەیە بۆ دەربڕین و لەلای شاعیریش شێوازی تایبەتی خۆی، ئەگەر زمان یان دەربڕین تاکە جیاوازی شاعیر نەبێت، ئەی دەبێت چی تر بتوانێت دیدگایەکی شاعیرانەی تێدا پیشان بدرێت، یا بجووڵێنرێت؟ ئایا دیار مەبەستیەتی لەم کتێبەیدا زمانی بکێشێتەوە؟ ئایا شاعیر دەیەوێت زمانی لە چی بکێشێتەوە؟ سەرەتای کتێبەکە هەست بە نیگەرانییەکی قوڵی شاعیر دەکەین، کە زۆر شارەزایانە ئەو نیگەرانییە لە کۆمەڵ دایدەبڕێت و دەیخاتەوە نێو تەنیایییەکی شیعریی زۆر جوان. دەگاتە ئەوەی بنووسێت:

 

جیهان ڕادەکێشمە ناوەوەم
تا بەئاسانی بەنێویدا پیاسە بکەم
دەبێ هاوسەنگی ڕاگرم
لەنێوان خۆم و دەرەوەدا
وەختە ناوەوەم لە جیهان فراوانتر بێت.

 

ئایا دەیەوێت جیهان ڕاکێشێتە ناو خۆی کە چی ببێت؟ ئایا دەیەوێت جیهانێکی تایبەت بەخۆی لە ڕەنگدانەوەی جیهانی دەرەوە بخولقێنێت؟ تا بەئاسانی بەنێو جیهانی دەرەوەدا کە لەناوەوەیەتی پیاسە بکات؟ ئەگەر شاعیر تەنیا ئیشی لاساییکردنەوەی جیهان بێت گرنگییەکی ئه‌وتۆی نییه‌، چونکێ جیهان بەو پەری وردەکارییەوە هەیە و پێویستی بە دووبارەکردنەوەیەکی سواوی کەموکورت نییە، بەڵکو دیار لەو کتێبەیدا بیری لەوه‌ کردووەتەوە جیهانەکەی ناوەوەی ڕەنگە جیاوازتر بخولقێنێتەوە، بگرە نیرۆسی شاعیرانە بەڕادەیەک لە نێویدا زەق دەبیتەوە کە بڵێ وەختە لە ناوەوەم جیهان فراوانتر بێت! ئایا وزەی پێویستی پێیە بۆ خەلقکردنەوەی جیهان بەو شێوازەی دەیبینێت؟

 

من لەناو خۆمدام
لێرە کەسم نییە
جگە لە ترس و دوودڵی.

 

لە دێڕێکی تردا دەنووسێت:

 

من تەنێکی بچکۆڵانەم
لەنێو بێزارییەکی گەورەدا
ئەمەش وا دەکات بیر لە ئازادیم بکەمەوە.

 

یان:

 

بەشی هەمووتان چۆڵەوانیم هەڵگرتووە

 

 

 

ئەو شتانە چین کە شاعیر وەک بونیادی جیهانەکەی ناوەوەی بەکاریان دەهێنێت؟ ترس و دوودڵی، نیگەرانی و بێزاری، بەڕاددەیەک نیگەران کە بیر لە ئازادی دەکاتەوە، مەگەر نیگەرانی لە سەرچاوەی بیرکردنەوە نییە لە ئازادی و لادان لە کۆیەکی یەک نەفەرە؟ یا چۆڵەوانییەکی پێویست نییه‌، تا بە شیوازی خۆی دەوڵەتە ناوەکییەکەی بوونیاد بنێت و دواتر ڕای گەیەنێت!
مرۆڤ بۆ ئەوەی لە (کۆ) یەکڕەنگەکە بێتە دەرەوە، سەرەتا پێویستە بیناسێت، دواتر خۆی لێ ببوێرێت و بگەڕێتەوە بۆ تاکایەتی سەربەخۆ. دیار لەم کتێبەیدا لەسەرەتاوە کێشەی لەگەڵ پێی ئەوەکانی ترە کە خۆیان کوتاوەتە نێو ژیانی ئەوەوە.

 

کێشەیەکی گەورەم هەیە
خەڵکی زۆر بەنێومدا تێدەپەڕن
پێی ئەو خەڵکەیە تەنیاییم پێشێل دەکەن

 

یان دەنووسێت:

 

ڕۆژگار قەرەباڵغ بووە
مرۆڤەکان هەڵدەکووتنە سەر تەنیایی یەکتر

 

تا دەگاتە نامۆیی و دەنووسێت:

 

هەستێکی نامۆ دایگرتووم
کیمیای خودێتیم گۆڕانی بەسەردا دێ
وەختە ئاوەزم لەدەست بدەم

 

دواتر نامۆ بوون بەگژ شوێنیدا دەکاتەوە و دەگاتە ئەوەی تەنانەت بێزاری خۆی بەرانبەر سنوورەکان ڕابگەیەنێت.

 

گەرمیان تیاما ڕەێڕەوی تاریکاییە
ڕوانین تیایا خەسێنراوە

 

دواتر بێزارییەکەی بە شوێنەکەی دەگرێ و دەبینێت پێک ناکەن:

 

لە گوندێکی بچووکم
کەچی بیزارییم گەورەیە.

 

دەگاتە ئەوەی خۆی بەری بکات لە شار و شوێن و بنووسێت:

 

شارم نییە جگە لە خەونەکانم

 

دواتر دەغدەغەی سەفەر لە کەللــەی دەدات و خۆزگە بە ڕووبار دەخوازێت:

 

خۆزگەم بە ڕووبار کە چارەنووسی سەفەرە.

 

لە کتێبەکەدا بەر چەندین وێنەی شیعری و ئیستاتیکی دەکەویت کە هەندێکیان منیان دەخرۆشاند و وەسفەکانی تێکستەکە بەتەواوی خۆی لە زمانی وەسفی ئاسایی تێپەڕ دەکرد و دەبووه‌ زمانێکی وەسفی شیعری. لە شوێنێکدا نووسیبووی

 

من خۆڵم
چیرۆکی هەزار گەردەلوولم پێیە
سەیرکەن بەدەم ڕەشه‌باوە
رۆژگار چۆن دەمگێڕێتەوە.

 

لەکاتی خوێندنەوەی ئەم دێڕانەدا بیرم بۆ وێنەیەکی دی چوو کە من لە (کتێبی نا)دا وێنەیەکی لەو جۆرەم بەشێوەیەکی تر نەخشاندووە و نووسیومە:
گەڵایەک حیکایەتی خۆڵی بۆ با گێڕایەوە

لێرەوە هێزی شیعر و زمانی شیعری دەردەکەوێت، کە دەتوانێت بۆ دەربڕینێک هەزاران ڕێگە بدۆزێتەوە و ڕستەیەک بە هەزاران شێوە خەلق بکاتەوە.
ئەو نیگەرانیی و بێزارییەی شاعیر لەم کتێبەدا دەیخاتە نێو شیعرەوە نیگەرانییەکی هاکەزایی نییە، بەڵکو وەکوو ئیسماعیل سابیری شاعیر لە کتێبی سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوەدا دەری دەبڕێت و دەنووسێت “ژان وەک ڕووبار هەمیشە بە چەمەکانی مەعریفەدا دەڕژێت” سەرچاوه‌کەی ژانێک یان برینێکە لە مەعریفەوە هاتووە، لە ڕامان و قوڵبوونەوەی شاعیرەوە هاتووە، لە ژینگەی دەورووبەرەی.

خۆ جوداکردنەوە و دامەزراندنەوەی ژینگەی ناوەکی، دواتر وێناکردنەوەی ئەو جیهانە ناوەکییە لە ڕێی شیعرەوە، کە ئەگەر ئەو بونیادنانە ئەدەبییە سەختتر نەبێت لەو ئازارەی لە قوڵاییەکانەوە نیگەرانیی دروست کردووە و وەڕسی بە جۆرێک شەپۆلی داوە کە بڕژێتە نێو وشەکانەوە، كه‌متریش نییه‌!