كاڕل یۆران ئێكێـــرڤاڵــــد
وه‌رگێڕانی له سویدیه‌وه: گۆران مه‌ریوانی
١٦ ساڵم، تازه خوێندكاری دواناوه‌ندیم له شاری ئۆێستێرشوند، (١٩٤٠) كتێبێكی عه‌جیبم به ناوی ، تذكـره الاولياء، خوێنده‌وه. كتێبه‌كه له‌لایه‌ن ده‌رمانساز فریدالدین العطار، نزیكه‌ی (نزیکەی ـ ساڵی ١١٨٠) نووسراوە. عه‌تتار له شاری نیشانپوور ده‌ژیا، به‌دووری (نزیکەی ـ٢٠٠٠) كم به‌ره‌و سنوری ئه‌فغانستان. به سویدی ئه‌م به‌رهه‌مه خۆی له چوار به‌رگ گرتووه‌و ناوی یادی یاوه‌رانی لێنراوه، ١٩٣١ ده‌مێ باڕۆن ئێریك هێڕمهلین، كه به ئیجباری له پیسیكخانهی سانت لاش(٢) له شاری لوند ده‌خرێ، وه‌ریده‌گێڕێ.
له دواییدا نووسینێكم په‌یداكرد كه به‌ڕاستی هه‌ستوهۆش وروژێنه‌ر بوو. به هیچجۆرێ به هیچ كام له نووسینێ نه‌ده‌چوو كه تا ئه‌وده‌م من خوێندبێتمه‌وه.
خه‌لیفه‌ی به‌غدا وه‌زیرێكی هه‌بوو ناوی غولان خه‌لیل بوو. ده‌سته‌ودایره‌ی ئاسایشی ئه‌و په‌ییان به پێنج وه‌لی ده‌نێو سۆفیاندا بردبوو.
ئاغای وه‌زیر به خه‌لیفه‌ی خۆی ده‌ڵێ: “ئه‌مانه كۆمه‌ڵێ كافرن، ستراندهبێژن، ده‌ڕه‌قسن، گه‌مه و یاری نه‌شیاو ده‌كه‌ن، ده‌سته‌یه‌ك بێ‌دین و خودانه‌ناسن! ڕێبده دمودهست له نێویان به‌رین. دڵنیاتان ده‌كه‌م به سوودی خه‌لیفه ده‌شكێته‌وه”.
خه‌لیفه فرماندهدا ڕاسته‌وخۆ ڕاپێچیانبكهن، ابو همزه، ارقم، شیبللی، جونهیید و نوری. جه‌لادیش به شمشێره بریسكهدارهكهیهوه له ده‌ربار ئاماده‌بێ. سوێسهی بوو بۆ مل په‌ڕاندن.
جه‌لاد بڕیاریدا كه له ارقم ـه‌وه ده‌ستپێبكات. لێ نوری ده‌موده‌ست خۆی به‌سه‌ر ههردووپای ارقم ـ ده‌كێشێ و له جه‌لاد تكادهكا: “ئه‌تۆ له‌منه‌وه ده‌ستپێبكه!” و ده‌ست به سترانگۆتن و خه‌نین ده‌كا.
جه‌لادیش گۆتی: “ئه‌ی هاوڕێیی جه‌وانم! چاوه‌ڕێی نۆبه‌ی خۆتبه. شمشێری كهلـلهپهڕێنی من بۆ گاڵته‌وگه‌پ له هه‌ودا ڕاناوهشێنرێ.”
لێ نوری گۆتی: “به باوه‌ڕی من ده‌بێ سه‌ر به قوربانی هاوڕێیان بكرێ. خۆشه‌ویسترین شت له دونیادا ژیانه، له ژیانیش له‌به‌ر دڵانتر، ئه‌وه‌یه ـ من چه‌ند ئاماده‌م ژیانم بكه‌مه قوربانی و ساقه‌سه‌ری دۆستانم. باشیش ده‌زانم، هه‌ناسه‌یه‌كی ئه‌م دونیایه‌ی لام له هه‌زاران ساڵانی ئه‌و دونیایه‌ی ئه‌زیزتره. چونكه خزمه‌ت ده‌نێو ڕه‌شماڵی دونیای فانیدا گوزارشته له چوون به‌ره‌و خزمه‌ت ده‌نێو هۆبه‌ی حوزوریدا. له دیدی به‌نده‌شه‌وه هه‌ر بۆخۆی خزمه‌ت نزیكێتی له خودا عهیاندهكا”.
له‌كن عارفان و سۆفیان واجیبه به عه‌شقه‌وه له خزمه‌ت هاو ـ بونیادهمهكانتدا بیت. خۆ گه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ت پێڕاپه‌رێنرێ ئه‌وه خزمه‌تی حوزوریت كردوه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه خودا بونیادهمی خوڵقاندوه.
خه‌لیفه ده‌ستبه‌جێ كوشتارگهلی ڕاده‌گرێ و دهستوردهدات دادوه‌رێ په‌یدابكه‌ن. فرماندهدرێ له باوه‌ڕ و ئیمانی وان بكۆڵێرێتهوه.
دادوه‌ر چاك ده‌زانێ ده‌ستبه‌سه‌ركراوان سه‌ریان باش له عیلمی قورئان و په‌یامی نێویدا ده‌رده‌چێ. لاكین له‌به‌ر خۆیه‌وه گۆتی: “ده‌رحاڵ و هه‌رچۆنێ بێ، لێپرسینه‌وه‌یه‌ك له‌ته‌ك ئه‌م شیبللیـه شێتووێتهدا ده‌كه‌م، بزانم چۆن زاری ده‌چێته كلیله و ده‌می ته‌ته‌ڵان ده‌كا”.
شیبللی بۆخۆی له شاری ده‌ماوه‌ند سهرئۆستان بوو، لێ خودا فرمانی پێدا كه چی شكدهبا بیبه‌خشێ و خۆی و خانه‌واده‌ی به پای په‌تی گهدائاسا به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێبكه‌ون. ئه‌ویش فرمایشتی خودا به‌جێده‌هێنێ، به‌ڵام له‌و ده‌وران و مهكانهدا، له شاری ماریستان، ده‌یگرن و وه شێتخانه‌ی داوێژن. لێ ده‌مێ حاڵیده‌بن كه كابرایه‌كی نوورانییه و عه‌قڵی له‌ده‌ستنه‌داوه به‌ریده‌ده‌ن.
ئه‌وجا دادوه‌ر دێته سه‌ر باسی تێز و كێشه ئاڵۆزه‌كان له‌باره‌ی خودا و فرمایشتهكانیهوه. شیبللی وه‌ڵامی قایلدار و ڕێك‌وپێك ده‌داته‌وه. دادوه‌ر شهرمهندهگی و خه‌جاڵه‌تی بۆ ده‌مێنێته‌وه، به‌وه‌ی حهولیداوه نێچیره‌كه‌ی وهداوهوه نێ. جا شیبللی دێته گۆ: “ئه‌ی دادوه‌ر! جه‌نابتان جۆره‌ها پرسیاری هه‌مه تهرزتان له من كرد، لێ پرسیارێ هه‌یه هه‌رگیز نه‌تان كرد ـ ده‌شێ بونیاده‌م خۆی ماڵی خودا بێ؟ ده‌شێ خانووبه‌ره‌یان، ته‌واوی وجودیان خودا بێ؟ ده‌شێ جوڵه و بزوتنهوهشیان هه‌ر پڕ له خودا بێ؟ پشوویان؟ ئایا سه‌رله‌به‌ری ژیان و كار و كرده‌یان هه‌ر خودا نییه؟ له‌ودا (له خودادا) ده‌نوون. له‌گه‌ڵ (ئه‌و) ده‌خۆن. بۆ هانا له‌و ده‌به‌ن. به یاوه‌ری (ئه‌و) ڕێگاده‌گرن. بیناییان ئه‌وه. بیستنیان ئه‌وه. به ساده‌و سادهگی ته‌واوی بوونیان هه‌ر (ئه‌وه). ئه‌مانه بۆخۆیان ته‌واوی دانشمهندیه”.
دادوه‌ر دۆش داده‌مێنێ. به خه‌لیفه‌ی ده‌بێژێ: “ئه‌مانه دووڕو، كافر و بیدعهكار نین. باوه‌ڕیان به یه‌كبوون له‌ته‌ك خودادا هه‌یه”.
خه‌لیفه ئازادیاندهكا و بانگهێشتیان ده‌كا بۆ ده‌ربار و ڕوویان تێده‌كا: “چتان گه‌ره‌كه داوایبكهن”.
ئه‌وانیش گۆتیان: “داوامان ئه‌وه‌یه، بمان هاوێژیته بنی ده‌ریای فه‌رامۆشیه‌وه، وڵاتبه‌ده‌ر و سیاچارهمانكهیت. ته‌نێ ئه‌و ڕه‌حمه‌ته داواده‌كه‌ین، قوربان!” ئیدی خه‌لیفه له‌پڕمه‌ی گریاندهدا و لێیان ده‌گه‌ڕێ. ئه‌م سه‌ربورده‌یه نه ئه‌فسانه‌یه و نه حیكایه‌ت!
عه‌تتار (٣٩) ساڵ له ته‌مه‌نی ته‌رخانده‌كا بۆ گه‌ڕیده‌یی له ته‌واوی میسردا. شوێنی تریش؟ باكوری ئافریكا، توركیا، ئێراق، هیندوستان، تا شایه‌ت و گهواهخوایی ده‌رباره‌ی شێخان و پیرانی ته‌ریقه‌ت كۆبكاته‌وه، گشتی له چه‌رخ و ده‌ورانی (٧٠٠) كه ده‌كاته (٩٧) ژیاننامه، سه‌رجه‌می له دووتۆی (یادی یاوه‌ران) دا كۆكردۆته‌وه.
ئه‌ز له شه‌ش ساڵیه‌وه خوێنه‌رم. به (ئاهه‌نگی گه‌وره و گچكه) ی (هــ .س. ئاندرسێن) دهستمپێكردو، هه‌ڵبژارده‌م بوون. پاشان كتێبی ئیندیانه‌كان هاتن، (دوورگه‌ی خه‌زێنه‌ی میجهوههرات)، هۆكلهربێری فین، ڕۆبینسۆ كرۆسۆ. له ده‌ساڵیه‌وه خوێنه‌ری بایبڵ بووم. له‌ودا زریان و دراماگهلی وا هه‌بوون كه له ئه‌ده‌بیاتی ئاسایی‌دا نهمدهبینیهوه. پاشان ڕێمكهوته لای ڤیلهێم ئێكلوند و نیتشه. لێ شیعری فارسی و گۆتاری عارفانه‌و سۆفیان ـ نه‌خێر، چی نووسینگه‌لێ هه‌یه، له‌به‌رابه‌ر وان‌دا ده‌سڵه‌مینه‌وه. دواجار ئیدامه‌ی خوێندنه‌وه و موتاڵاكردن له‌كن من بووه ئاهه‌نگێكی ئایدیای ـ شاگهشكهیان ده‌كردم، بۆ كه‌شكه‌ڵانی فهلهكیان ده‌بردم، له‌ته‌ك خۆیاندا ڕاپێچیان ده‌كردم، ئه‌بڵه‌ق ده‌مام، خۆشیان پێده‌به‌خشیم. ئه‌ی دهرسودهور، “خوێندنی فێرگه”، جاربهجهههنهم، بۆ كوێ ده‌ڕۆن با وهلبن!
باڕۆن (میر) هێڕمێلین، عمر خیامی وه‌رگێڕا، عه‌تتار، ڕۆمی، سعدی، گه‌لێ سه‌رسوڕمانم تێیاندا بینیه‌وه. ده‌نێو ئه‌م به‌رهه‌مانه‌دا، ژیان له پێناو هاوڕێیه‌تیدا له‌سه‌ر ده‌ستان بوو، هه‌میشه مرۆڤێ ئاماده‌بوو خۆی بكاته قوربانی یاوه‌رێكی. مرۆڤ له خزمه‌تی مرۆڤانی دیكه‌دا بوو، به‌وپه‌ڕی بهخشندهگیهوه چیت هه‌بایه، بێ منه‌ت، دهتبهخشیهوه. خودی بیرۆكه‌ی، كه چی مرۆڤه له هه‌قیقه‌تدا له خودادا ده‌ژین، له خودادا ده‌نوون، بۆ من، زێباییهكی بێ پایانی تێدا بوو، ڕوونیدهكردهوه كه خودا قابیل به سه‌لماندن نییه. گه‌ر مرۆڤ هه‌موو شتێ بێ و گشت شتێكی له خۆ گرتبێ، ئیدی مرۆڤ وردكردنه‌وه هیچ نییه. گه‌لێ ده‌رباره‌ی “نه-بوون” ده‌دوان كه له ڕاستیدا ناكرێ “بوون” تێپه‌ڕێنێ. به‌وه‌ی چی بوون ـ ـه له نه ـ بون ـ ده‌بنه‌وه. كه‌سێ كه خانوویه‌ك بینادهكا هیچی نییه. به‌وه‌ی خودی خانووه‌كه له نا ـ خانووه‌وه دروستده‌بێ.
عه‌تتار ڕێنمایی جوانی كردوه:
سه‌ر نه‌وی مه‌كه بۆ خاوه‌ن پایه و مه‌قام.
هامشۆی كه‌سانێ مه‌كه كه له‌سه‌ر ڕه‌نجی كۆكراوه‌ی كه‌سانی تر ده‌ژین.
پوولداران له لاشه و كه‌لاك ده‌چن. هامشۆی لاشه و كهلاكان مه‌كه.
به‌شكردن با به‌یه‌ك ـ هاوتاو دادپه‌روه‌رانه بێ.
بۆ خودی خۆت به شوێن دادپه‌روه‌یدا مه‌گه‌ڕێ ـ به‌ڵكو بۆ ما باقیش.
له‌به‌ر چاوی كه‌سێكی تر قه‌ت گله مه‌كه.
درۆ مه‌كه، زه‌م مه‌كه، به‌ناوی هیچ مرۆڤێكه‌وه قسه هه‌ڵمه‌به‌سته.
روحم به هه‌موو ڕۆحله‌به‌ر و مه‌خلوقێكی په‌روه‌ردگار بكه ـ به گیاندارانیشه‌وه.
گهرخزم و كه‌سوكارت به‌دن ـ پشتیان تێمهكه.
ده‌مێ ئه‌م ژیاننامانه و ڕێنماییه چاكانه‌م ده‌خوێندنه‌وه، ته‌واو له خۆم ڕازیدهبووم. ڕاستوڕه‌وان، گه‌لێكم پێ خۆشبوون. له شازده ساڵیدا وه‌رگێڕانه‌كانی هێرمێلین ـم ده‌خوێنده‌وه ـ ئێستاكونێ خۆم وا له (٩٥) ده‌ده‌م و ڕۆژانه چاویان لێده‌كه‌م. هێنده‌ش فارسی فێربووم كه ده‌توانم مه‌تنه فارسیه‌كان به زمانی ئۆڕژیناڵیان بخوێنمه‌وه. دوو جاران دیده‌نی ئێرانم كردوه: ١٩٧١ و ٢٠١٥.
گۆتێ دیندار نه‌بوو، كه‌چی وێڕای ئه‌وه‌ش سهڕیسوڕدهما له‌وه‌ی بایبڵ و كتێبگهلێ كه له‌سه‌ر بنه‌مای دینداری نووسراون، هێنده به‌ختیاریان پێده‌به‌خشی. پێده‌چێ له ناخی هه‌ر تاكێكدا ڕۆحێكی په‌نهان هه‌بێ كه هه‌ستی زێبایی و حاڵه‌تی دڵنه‌وایمان پێده‌به‌خشێ.
ڕۆمی ته‌واو “ئێستێتیكای فارسی” ده‌ستنیشانكردوه. نووسه‌ر “ره‌نگی” تابلۆیه‌ك ده‌ڕێژێ:
ئه‌و تابلۆیه‌ك بۆ خاتری میوانه ئازیزه‌كانی ڕهنگدهكا
تا شادی به یاوه‌رانی نهوجهواندهبهخشێ و
له خه‌م و كه‌سه‌ر ڕه‌هایان ده‌كا
تابلۆیه‌ك بۆ خۆشنوودی منداڵان و یادی یاوه‌رانی وه‌فادار
ئازیزانێ به جێیان هێشتین تا ڕۆژی دیدار
مه‌سنه‌وه‌ی ٤ \ ٢٨٨٢ (٤)
من له خۆمدا، ئه‌م كاریگه‌ریه، به‌رده‌وام هه‌ست پێده‌كه‌م. به‌م ڕووداوه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌زانم هه‌قیقه‌ته:-ئه‌وی چاوی منی له‌به‌رانبه‌ر دونیای عهتتاردا كرده‌وه، هاوفێرگهیهكم بوو به ناوی ئاڕن. ئه‌ز هامشۆی ماڵیانم ده‌كرد. دایكی ئه‌و، گه‌لێ دڵی به من ده‌كرایه‌وه، چوون من (پێتاو) ـم له به‌ر پێڵاوم ههڵدهكێشان، له دیدهنیاندا له پێڵاوم دامدهماڵین و ماڵیانم پیس نه‌ده‌كرد. بابی ئاڕن هاورده‌كاری كۆنسێرڤ (خواردنی قوت‌و) بوو، پێشان دووچاری سه‌رگه‌رمیه‌كی بێ سنوری ئه‌لكهول ده‌بێ ـ به جۆرێك كه كۆمپانی و خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كه‌ونه به‌ر ڕه‌حمه‌تی ڕیسكی له‌ناوچوون، دایكی ئاڕۆن هه‌ڵده‌ستێ، بۆ كۆمه‌ك و ڕێنمایی، ده‌چێته كن قه‌شه (ستێن ڕۆسبۆڕن)، ئه‌و قه‌شه‌یه‌ی منی پیرۆزكردبوو. ئه‌ویش ده‌پرسێ كه داخۆ ته‌نیا عاره‌ق كێشه‌ی باوكی ئاڕۆنـه: “نه‌خێر، سه‌رمه‌ستی شیعریشه!” ڕۆسبۆڕن-یش ده‌ڵێ: “بڕۆ بۆ كتێبخانه، سه‌رجه‌می وه‌رگێردراوه‌كانی هێڕمێنلینس قهردبكه و سه‌لامی من به بابی ئاڕۆن بگه‌یه‌نه و بڵێ، شتی وا هه‌یه له كۆنیاكیش به‌قوه‌تتره!”
بابی ئاڕۆن ڕێنماییه‌كه قهبوڵدهكا و ده‌ستده‌داته خوێندنه‌وه‌یان، ئیدی ده‌ست له ئه‌لكهولیش هه‌ڵده‌گرێت.
گوندی لاگه ٧ ژانیوه‌ری ٢٠١٨، سوید
په‌راوێزی وه‌رگێڕ:
(١)-كاڕل یۆران ئێكێـــرڤاڵــــد: له دایكبووی (٣٠ دیسه‌مبه‌ری ١٩٢٣-……..) له ئێستهرشوند-سوید، له زانكۆی لوند خوێندویه‌تی، بۆته مامۆستا، پاشان به‌ڕێوه‌به‌ر، نووسه‌ر و وه‌رگێڕه، خاوه‌نی (نزیکەی ٥٠) به‌رهه‌مه، تا ئێستا به‌رده‌وامه له نووسین، له‌كن ڕۆژنامه‌وانێ گوتوویه‌تی: “به‌هۆی كارەکەمهوهیه تا ئێستا له ژیاندام، ده‌مێ كارنه‌كه‌م ئیدی وجودم نامێنێ!”. له منداڵیه‌وه خولیای ئه‌ده‌بیاتی عارفانه‌یه، به‌رهه‌مێكی زۆری سۆفیزمی وه‌رگێڕاوه.
(٢)-ئێریك هێرمهلین: ٢٢-٦-١٨٦٠ تا ٨-١١-١٩٤٤، له خانه‌واده‌یه‌كی ئیریستۆكراته، میرمهقام، فه‌لسه‌فه‌ی له ئۆپساله خوێندوه، دوای دوساڵان واز له خوێندنی باڵا ده‌هێنێ و ده‌بێته گه‌ڕیده، دونیای بینیوه، ناوناو دووچاری ئهلكهولیزم بووه، فرهگهلێ زمانی زانیوه، به لاتینیشه‌وه، فارسناسه، تا ساڵی ١٩٠٩ ئه‌وده‌م له‌به‌ر هه‌ندێ هۆی ده‌روونی له پیسیكخانهی لوند ده‌خرێ تا مردنی ١٩٤٤، له وێنده‌رێ سه‌رقاڵی نووسین و خوێندنه‌وه ده‌بێ به ته‌نیا مه‌به‌ستێ كه شاره‌زایی له ڕۆح و عارفناسیدا مرۆڤ ده‌كاته دۆستی یه‌كدی، ده‌ڵێ: “له سه‌داوه بۆ شته‌كان و له سایه و سێبه‌ره‌وه بۆ هه‌قیقه‌ت”، قورئان، بایبڵ، ئه‌ده‌بی ئاڵمان، فارس… تاد وه‌رگێراوه. به‌رهه‌می زۆرینه‌ی عارفانی دونیای وه‌رگێڕاوه، كۆی به‌رهه‌می ده‌گاته ٣٦ به‌رگ. گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر نووسه‌ره سویدی و سكه‌نده‌ناڤی و ئاوروپیهكان هه‌یه. لێ به‌داخه‌وه هه‌رگیز ناوبانگی دهرنهكردوهو قه‌دری نه‌زانراوه، دوای ١٥٠ ساڵ له سوید یادیهكی ڕژدیان كرده‌وه. نووسه‌ره نایابه‌كان بێ ناونیشان ده‌مرن.
(٣)-عه‌تتار: له ئێران و دونیای عارفاندا ڕۆژی ١٤ ئاپڕیل ته‌رخانكراوه بۆ ساڵڕۆژی سۆفی و دهرمنساز عه‌تتار. ئه‌م ئاڕتیكڵه به‌و بۆنه‌یه‌وه نووسراوه، له گۆڤاری مانگی مارسی كارواندا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
(٤)زمانی سویدی گه‌لێ دووره له زمانی عارفان و سۆفیان، ده‌می وه‌رگێڕان، به‌داخه‌وه ده‌قه فارسیهكهم ده‌ستنه‌كه‌وت، بۆیێ نازانم چه‌ند وه‌رگێرانه‌كه له مهتنهكهوه نزیكه، تا پهیدایدهكهم جارێ با ئه‌و وه‌رگێڕانه كاتهكی بێ، ده‌گێڕمه‌وه كه فارسیهكهم په‌یدا كرد، بمبورن جارێ تا ئه‌وده‌م، گ. م.