هەندرێن
هێمن، هایدیگەر واتەنی، شاعیرانە لەناو خاکی زمانی کوردبووندا ژیا، بۆیە هەر زمانێکی شیعریی نەبوو، بەڵکو ژیانێکی شاعیرییش بوو. شیعرە هەرە سادەکانیشی، وەک خۆی زرینگانەوەی بوونی بوو. ئەو شاعیرە ئەڤیندارە، وەک “کوێستانی کورد” کۆچەرییانە ژێی ژیانی دەچڕی. ئەو پیاوە دڵ بۆهیمییە بە دەستێک شیعری کلاسیکیی و فۆلکلۆری لە زمانیدا موتوربە دەکرد بۆ ئەوەی بە دەستەکەی تریشییەوە، جوانیی نوێ لە شیعرەکانیدا بەرجەستە بکاتەوە.
هێمن لە شیعری “سووڕی دەوران”دا، هێمنانە بە شێواز و زمانێکی سەروادار، بەڵام ناوەڕۆکێکی هاوسەردەم، ئاوێتەکردنێک لە کلاسیک و نوێوە، ئیرۆسیی ژیان و ئێرۆسیی سیاسیی، هونەریی سیاسەتاندن ئاوێتە دەکات، بەمەش دەخوازێت چامەیەک لە ‘مەم و زین”ێکی هێمنیی دابهێنێیت، ئەوەتا لەوێدا دەڵێت:
قەڵای میران بە دەست ناکەس دەنەخشێ
کە “دار هۆرەی لە خۆی بێ زوو دەقەڵشێ”
ئەگەر زێڕ و دراو دەوری نەبووبا
بلووری ژین دەبوو غەوری نەبووبا
ئەگەر خوێڕی نەکا میللەتفرۆشی
لە خۆی نابینێ زاڵم خێر و خۆشی
لێ بۆ ئەوەی سیاسەت بکا بە ژیان، ژوانێک بۆ خۆشەویستیی و سیاسەت دەسازێنێت، تا هەردوو دونیا ئاوێتە بکات:
بەڵام کەیفی هەبوو بەزمی شەوانە
بە ڕۆژ ئاوارە بۆ پێخۆر و نانێ
بە شەو دەستەملانبوون تا بەیانێ
زمان دەیگوت ژیان چەند نازانینێ
ڕووحی ئەڤینداریی وای لە هێمن دەکرد بنووسێت، هەروەک ئیرۆسیی ژیان هاندەری بوو، کە شۆڕشگێڕانە بژیت. شیعرییەتی ژیانی هێمن تەنێ جێنیشینی نییە لەسەر زەویدا، بەڵکە بوونێکی کۆچەرییشە، تاکوو زایەڵەی ناوەکیی سروشت و جوانیی کیژی ئازا و زامی ژیانەکەی خۆیی و نەتەوەکەیشی کۆ بکاتەوە و بیانچڕێت.
هێمن ئەگەرچی وا دەنوێنێت کە “دێم و دێم”ـەکەی لە شیعری “ناڵەی جودایی”دا لەرینەوەی تاراوگەیە، لێ “دێم و دێم”ـەکەی ئەو بۆ ناو نیشتیمانی زەمەنێکی نادیارە.
بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شێوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە
شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گرۆی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێبەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە
با لە زارم بێتە دەر پشکۆی شیعر
با فراوانتر بکەم ئاسۆی شیعر…
دێم هەتا هەمبێ بڕست و بیر و هۆش
گەر گلاشم کوردەواریی ئێوە خۆش
ئەوها ئەگەرچی ئەمڕۆ هێمن لەبەر بێڕەخنەیی، بێباکیی نووسەرانی هاوزمانەکەیەوە دڵبزوێن نییە، لێ ئەو دیاردەیەکی شیعریی نامۆ و ناوازەی شیعریی حەفتا و هەشتایەکانی کوردییە.
هێمن ئەو شاعیرەیە کە لەم ڕۆژگارە مەکینەیییەدا، هەر کاتێک کە تۆ لە ڕەقیی جیهان و ئاوابوونی ناسکوێژی بێهوودە دەبیت، دەتوانیت بۆ دڵدانەوەی خۆت و زمانەکەت هانای بۆ ببەیت. وێڕای شیعری گۆرانیی، دانسقەترین بنووسی چامەی شیعریی خۆماڵیی بوو. بۆیە هێمن ئەگەرچی موکریانیی بوو، کەچی دەگمەنترین شاعیری سەرمەستی ئەمدیوی سنوورەکان بوو. هێمن حەزی لە کیژ و مانگەشەو بوو، چونکە خۆی تریفەدزی مانگەشەو بوو.
هێمن موکریانی، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ، لە ساڵی ١٩٢١ـدا لە مەهاباد لە دایک بووە. ١٦ـی ئەپڕێڵی ١٩٨٦ لە ورمێ کۆچی دواییی کردووە. تاریکوڕوون، ناڵەی جودایی، لە کتێبەکانی ئەون.