زمان وەک موڵکی گشتی لە شیعرەکانی ڕەشید مەحمووددا
حەمە مەنتك
شاعیری داهێنەر ئەو کەسەیە زمان بە موڵکی خۆی نازانێت، کاتێک زمان لە دەقدا لە موڵکی تایبەتییەوە دەکەیتە موڵکی گشتی ئەو کاتە خوێنەر هەست بەو تەوژمانە دەکات، کە لەناو وشەکاندا هەن. ئەو تەوژمانە چاوەنۆڕی ساتێك دەکەن، بێنە دەرەوە. کاتێک شاعیر و دەق تەنێ بۆ خۆیان نادوێن، ئەوا زمان دەبێتە هیی ئەوانی دیکەیش، بەمەیش زمان لە وێرانکردن دەپارێزن. ڕەشید مەحموود لەم شیعرانەیدا (هاوینی شەوە ساردەکان) زمانی لە وێرانکردن پاراستووە. دەمەوێت بڵێم دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ زماندا بکات. کاتێك ناونیشانی (ڕزگاربوون لە دۆستۆیۆڤسکی) دەخوێنینەوە، خوێنەر بەر (دۆستۆیۆڤسکی) وەکوو نووسەر ناکەوێت، بەڵکوو بەر ئەو تەوژمەی ئەم نووسەرە لە ڕۆمانەکانی لەسەر خەڵک بە جێی هێشتووە دەکەوێت. لەناو ناوی (دۆستۆیۆڤسکی)دا من هەم، تۆ هەیت، ئەو هەیە، بەوەی هەموومان تەورێکمان بە دەستەوەیە، خەریکین خۆمان دەکوژین. کەسمان ناتوانین ڕزگارمان بێت، تەنانەت ئەگەر بە تەورێک خۆیشمان بکوژین، ئەدی ئەو هەموو تارمایی و سێبەرەی بە دوامانەوەن. هەموومان دۆستۆیۆڤسکییەکین و ڕاسکۆڵینکۆفێک لە ناخماندایە. هەموومان لە ململانێداین لەگەڵ ئیگۆی خۆماندا، هەوڵ دەدەین دەرۆستی بێین.
زمان لەم دەقانەدا هێندە نایابە، حەز دەکەین لەبەر خاتری زمانەکەی بیخوێنینەوە. زمانی ناونیشانەکان هێندە ئێستاتیکییە وەکوو شیعر ڕاتدەگرن. واتە پێش ئەوەی دەقەکە بخوێنیتەوە ناونیشانەکان ئەو تەوژمەت ئاراستە دەکەن، کە لە خۆیاندا هەڵیان گرتووە. هاوکات ناونیشانەکان شێوەیەکی تەنزیان هەیە. بۆ نموونە (نیچە دوای پۆستمۆدێرنە)، ئەوەی نیچە باسی دەکات، لە جیاتی دروستکردنی مرۆڤی سووپەرمان، مرۆڤێکی هیلاک و ماندوو بەرهەمی پۆستمۆدێرنەیە. لێرەیە زمان دەبێتە موڵکی منی خوێنەر، لە موڵکی شاعیر دەردەچێت. چونکە ئەوەی شاعیر نووسیویەتییەوە، ئازاری مرۆڤەکانە. وەک نووسەری ئەمەریکی (مەكکارتی) دەڵێت: “هەمیشە ئازار بزوێنەری کاری داهێنەرانەیە، لە هەموو دەقەکاندا شیعرەکان کۆمەڵێک شتیان کەشف کردووە.” ئەو واقیعی بە جۆرێکی دیکە نیشان داوە:
هەڤاڵ کوێستانی لە خەونمدا
نیشتیمان هیچ ڕۆژێک هیی هەموان نەبووە.
ئەوەی (هەڤاڵ کوێستانی) دەڵێت: ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان هیی هەموان بوو، شاعیر شتێکی دیکەی بۆ کەشف دەکات، کە هیچ ڕۆژێک، نە سەردەمی شۆڕش و نە ئێستا نیشتیمان هیی هەموان نەبووە. ئەم کەشفکردنە، هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی واقیع. دەمەوێت بڵێم واقیع بە شیعر نیشان دەدات. ئەو نیشاندانەی هەموان نایبینن، یان بە هۆی جۆرێک لە بیرکردنەوە، ئایدیۆلۆجیاوە واقیع نابینن. ئەمەیە واقیعیی شیعری. جوانیی ئەم شیعرانە لەوەدایە نامانگەیەننە هیچ کوێ! بەڵام بەردەوامیش ڕێیەکانمان بۆ دەکەنەوە، بەردەوام هەوڵی بەردەوامیدانی بیرکردنەوەمان دەدەن.
بە دیار کتێبێک کە حەزت بە تەواوبوونی نەدەکرد پاکەتەکەت تەواو بوو، دەستت لەژێر چەناگەت دادەنێیت و دەڵێیت: سبەینێ دوێنێ تەواو بوو، ئەمڕۆ پێویستە پشوویەک وەربگرم.
زمان ماڵێکە بەردەوام دەتوانین لەوێدا خۆمان نوێ بکەینەوە. ئەو زمانەی لە بۆ خەڵقکردنی ئەو شیعرانە بەکار هاتووە، زمانێکە دەکەوێتە ئەودیو واقیعەوە، ئەودیو سنوورەکانەوە، لەوێدا کرانەوەیەک بە ڕووی مانادا هەیە
هەر ئەوەندە بوار دەدات پشوویەک بدەیت، دەنا دەبێت سەرلەنوێ دەست پێ بکەیتەوە. لێرەدا زمان بە ڕووی ئێمە و دنیای ئێمەدا کراوەتەوە. ئەوەیە، کە زمان لە موڵکی تایبەتییەوە خۆی قورتار دەکات، دەبێتە موڵکی هەموان. هەر ئەوەیە دەلالەتی جیاوازمان دەداتێ. کەواتە وەک هایدیگەر دەڵێت: “زمان ماڵی بوونە.” لە زمانەوە دەتوانین نیشتەجێ بین، چونکە لەناو زماندا حەقیقەتی تازە دەدۆزینەوە. زمان ماڵێکە بەردەوام دەتوانین لەوێدا خۆمان نوێ بکەینەوە. ئەو زمانەی لە بۆ خەڵقکردنی ئەو شیعرانە بەکار هاتووە، زمانێکە دەکەوێتە ئەودیو واقیعەوە، ئەودیو سنوورەکانەوە، لەوێدا کرانەوەیەک بە ڕووی مانادا هەیە. لەناو ئەو زمانەدا کۆمەڵێک تەوژم خۆیان حەشار داوە، هەر وشەیەک تەوژمێکی کاریگەری لە خۆیدا هەڵگرتووە. ئەو وێنە شیعرییانەی لەناو ئەم شیعرانەدا هەن، کتوپڕ بەرهەم هاتوون، وێنەگەلێکن درێژەدەری ڕابردوو نین. ناونیشانەکان ڕستەی تەواون، بەڵام کاتێك دەچییە ناو دەقەکەوە، تووشی جۆرێک لە شۆک دەبیت، بەوەی ئەو فەزایەی ناونیشانەکە لە هزریدا دروست کردوویت، ئەو فەزایە نییە، بەڵکوو فەزایەکی دیکەیە، کە بە شێوەی تەنزێکی تراجیدی گوزارشتی لێ کراوە. لە لایەکی دیکەوە ڕیتمێکی گێڕانەوەیی نایاب لە شیعرەکاندا هەن. هاوکات شێوازێکی پەخشانی بە فۆرمی شیعرەکان بەخشراوە. دەبینین نووسینی ڕۆمان، کە وەگێڕەکەی کەسی دووەمی تاك (ت) بێت، زۆر کەمە، هاوکات توانایەکی هونەری بەزری دەوێت. لێرەدا شیعرەکان بە جێناوی کەسی دووەمی تاک، یان بەردەنگ نووسراون. لێرەدا شاعیر دەبێت گوێدێرێک بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی هەموو ئەو پەیڤ و ڕووداوانەی دەیەوێت دەریانببڕێت، کە دەوروبەر ڕێگرە، بۆیەیش بە دوای دەرچەیەک بۆ دەربڕینی ئەو پەیڤانەدا دەگەڕێت. لێرەدا جێناوی کەسی دووەم، یان گوێدێر دەکات بە بەهانە، بیر و کردەوەکانی لە ڕێیەوە دەردەبڕێت. کەواتە دوو دەنگمان دەبێت، دەنگی یەکەم قسەکانی بە هۆی دەنگی دووەمەوە (تۆ/ت) دەکا، خوێنەر وا هەست دەکا، ئەوە گوێدێرە (تۆ/ت) دەدوێت. لە کۆی شیعرەکاندا ئەوەی خەڵق کراوە زمانە، زمانێک دەروازەکانی بە ڕووی مانادا کراوەتەوە، بۆیەیش چێژ و شیعرییەت بەرهەم دەهێنن.