سوپا هەمزە & دابان عەتار
August 28, 2026
ترپهت دهگاتهوه خوێنم؟
سوپا هەمزە & دابان عەتار
-١-
نەتهێشت زەردەت بە گەردنی ئاسمانەوە هەڵبواسم،
خۆت خزاندە تاریکییەوە.
ڕووناکیت پێکام،
لە ڕۆژانی ڕەشی خۆمدا
لە خوێنی ئاوابوونت گەوزام.
***
خۆرمت کوژاندەوە
ئەی شەپۆلی خاوی دەریا
لە کێ پرسم
سۆراغی شەوەزەنگ؟
کەشتی سەبووریم لە بێ شەپۆلی قژتدا
چلۆن ڕێ گوم ناکا؟
تیشک لە بێ تۆییدا چی دەکا؟
قەترانت، خۆر بۆ کوێ دەبا؟
ئایا خۆر سەودا لەگەڵ هەودادا دەکا؟
-٢-
قسەی فرمێسکێک دڵی تەنگ کردووم
چاوێک نییە تێیدا بڕژێم
سەیری غەمگینیی خۆم دەکەم
تەمێک لەسەر ڕووی ئاوێنەکەیە
سەیری یەکدی دەکەین
برینم دەچنم
شاڵێک،
بۆ سەر شانی بێدەنگیم
تابلۆیەک بە ڕەنگێک کە ناگۆترێت.
***
ئەم زەریایە بڕژێنمەوە کوێوە، زریان هەڵنەستێ؟
ئەم بایە لە کوێ خاڵی کەمەوە، دونیا نەدڕێ؟
تابووتێکی بچووکترم لە لاشەی ژان
پشتم ماتەمی تەمێکی لیخن چەماندوویەتی
جەستەم کۆمە وەکوو پرسیار
سینگم بووە بەکارگەی ئازار
کێ وەڵامی جەستەمی هەڵگرتووە و خۆی نەبووبێتە داهۆڵی بێ ماڵ؟
ئەگەر داکەم ڕزگارم دەبێت لە لافاوی زار؟
چەند بچووکە مرۆ، بووکەڵەیەکە و کێلگەی هەزار دوومەڵی تار!
تاریکتر لە تارژەنی هاوار
-٣-
خۆ دەتزانی دەستم بەردەی، هاژەی فرمێسکان
بە سەد بەردمدا دەدەن
بانگت ناگاتەوە گوێم.
ماسییەکان حیکایەتی ئەم خوێنە
دەبەنەوە لای کیسەڵێکی پیر
ترپەت ناگاتەوە خوێنم.
لە خوڕە ،سۆراغی مەپرسە
ئەوەی بە ڕووبارت سپارد
ناگاتەوە قەڵبەزەی چۆم،
ئەوەی هاژە بیڕفێنێت، بە فرمێسک نایەتەوە.
***
نەتدەزانی مەودا مانا دەشێوێنێ؟
لە سەفەری مێشوولەوە نەگەیشتییە خوێن؟
ئایا پاساری دەتوانێت حیکایەتی هەشت پێ بۆ ماسی بگێڕێتەوە؟
عەنقا دەکەوێتە داوی دارکونکەرە؟
سەرەتا دەچێتە باوەشی کۆتاوە؟
ئایا گوولـلە لەگەڵ سەر ئاشت دەبێتەوە؟
ئایا پێ دەتوانێ سەر بێ؟
یا سەر پێ؟
دەی ئەو مەودایەی خستۆتتە نێوانمانەوە
چلۆن درێژودرێژتر نابێ؟
بۆ وشەکانت کۆناکەیتەوە و لە سەر پەڕەیەکی سپیدا مەوداکان بدڕێنی
بۆ ئەو ڕاکردنەت ناکوژی؟
بۆ لەسەرەتای دێڕ،
من نادوێنی؟
بۆ کۆتاییەکان نامرێنی؟
لەسەر پەڕەکەدا تەنیایی خواردمی
سپیایی کوێرایی داهێنام
وەرە و وەک شیعرێکی ئەڤیندار
قەینا وەک خوازەیەکی لار
وەک دێرێکی بێ بار
هەر ڕازیم
وەک وشەیەک
نا پیتێک
تەنانەت خاڵێک
ئەو مەودا بەتاڵەی دەورم پڕکەوە
با جارێک مەحاڵ ببێت بە حاڵ
ئایا دونیا وێران دەبێ؟