گۆران ڕەسووڵ | (١٩٨٨ - )
September 23, 2026
گۆران ڕەسووڵ، لە شاعیرانی کوردە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ـە. بڕوانامەی ماستەری لە کولتووری ئەدەبە مۆدێرنەکان لە زانکۆی هارتفۆردشێری بەریتانیا و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە وەرگێڕان لە زانکۆی سەڵاحەددینی هەولێر بە دەست هێناوە. “ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت کۆنتڕۆڵ دەگۆڕم” دوایین کۆمەڵەشیعری ئەوە، کە ساڵی ٢٠١٨ بڵاو بووەتەوە. هەروەها چیرۆک دەنووسێت و لە ئینگلیزییشەوە وەردەگێڕێت.
جولیەس سیزەر
گۆران ڕەسووڵ
منداڵی یەک گەڕەک بووین
چوارشانە و ئازا بوو
بە “سەرە ئاڕنۆڵد” بانگمان دەکرد
جارجارەش بە تەنزەوە ناوەکەیمان کەرت دەکرد،
توڕە دەبوو کە پێمان دەگوت: سەرت کەوت.
خوێندنی جێهێشت، بوو بە پۆلیس.
پێم گوت
چیاکان چاویان بەیەک دەکەوێتەوە، ئێمە نا!
لەناو ئاپۆرای خۆپیشاندانەکە،
بەرانبەر خۆپیشاندەرەکان،
بە جلوبەرگێکی ڕەش و کڵاوێکی پۆلیسییەوە، ڕێک وەستابوو،
بە چاوەکانیدا ناسیمەوە.
بەرەو ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکە ڕۆیشتم،
هەستم کرد چاوەکانی بانگم دەکەن.
هاوارم کرد: سەرکەوت، سەرکەوت.
نەیبینیم!
ئەمجارە هاوارم کرد: سەرت کەوت، سەرت کەوت.
نەیناسیمەوە!
دارێکی کارەبایی بە دەستییەوە بوو،
پەنجەکانیم بینی، توندتر دارەکەی گووشین.
چاوەکانم پڕ ئاو بوون
گازی فرمێسکڕێژ وەک باران دەباری،
بە دەنگی کز و کۆکە کۆکەوە گوتم
سەررررر کەوت
سە ر کەو تتت.
خەونەکەیم بیرکەوتەوە
(کە گەورەبووم دەبم بە نیگارکێش
نیگاری هەموو ئەو ساتانە دەکێشم
کە برا گەورەم
هاوسێکەمان
باوکم
مامۆستاکانم
بە شێوازی جیاواز لێیان داوم)
دەمزانی ئەگەر ببێتە شێوەکار
تابلۆکانی پڕ دەبن لە منداڵێکی گریاو
حەیزەرانی تەڕ
پێستی مۆربووەوە
لووتی شکاو
سەری کەوتوو.
کەوتم
ویستم هەستمەوە
دارێکی کارەبایی بەر پشتم کەوت
جارێک و دووان.
هاوارم کرد،
فرمێسک لە هەر دوو چاومەوە دەڕژا.
ئاوڕم دایەوە،
ڕۆژانی منداڵی و هەرزەکارییم هاتنەوە یاد
هەر ئەوەندە توانیم بە دەنگی شکاو و گەرووی سیخنانەوە بڵێم
سەرکەوت! تەنانەت تۆش! تۆش سەرت کەوت!