پونە چووبووەوە ئاو

هۆنیا ڕەشید | (١٩٩٦ - )

هۆنیا ڕەشید | (١٩٩٦ - )

October 7, 2026

هۆنیا ڕەشید، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٦ـە لە سلێمانی، مامۆستای ڕەخنەی ئەدەبی و ئەدەبیاتی ئینگلیزییە لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی.
لە بوارەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و ئەدەبیات و فەلسەفە و دەروونشیکاری توێژینەوە دەکات. ئەمە یەکەمین بابەتی هۆنیایە لە باڵندە بڵاو دەبێتەوە.

پونە چووبووەوە ئاوەوە

هۆنیا ڕەشید

لە جیاتی قوماشەکە، پونە خۆی کەوتبووە ناو تەشتە ئاوەکەوە
شەست و پێنج ساڵە خەیاتی دەکات
هەرکات قوماشی بۆ دەهات، دەیخستە ناو تەشتێک ئاوەوە
کە خۆی خزایە ناو تەشتەکە، وردە وردە بچوک بووەوە تا چووەوە ناو سەری خۆی
ئێستا مێردەکەی لەدەرەوەیە، پونە-ش لەسەری خۆیدا
لە سەریدا، دونیا شەرابی نەبوو، بەڵکو شنەبا
یادەوەرییەکانیشی جەلییەکی ئاوی بوون و لە هەوادا مەلەیان دەکرد
ناو سەری ژوور ژوور بوو و دوو قات بوو
لە هۆڵەکە، لەسەر کورسییەکی سوور، دایکە تێرێزا جلی بۆ دەدوورێت
پونە-ش هەموو گیانی تەڕە
چەکمەجەی ژورەکەی ڕادەکێشێت. لەجیاتی کراس، دەنگی شەپۆلی دەریا و گەنمەشامی، کە لەناو کێڵگەیەکی دوور دەسووتێت، بە ژوورەکەدا بڵاودەبێتەوە
پونە لە ژووری میوانەکە باوکی لێ ونبووبوو و دەگریا
بەڵام فرمێسکەکانی بوون بە باڵۆنێکی پڕ لە ئاو و بەرەو بنمیچی ژوورەکە فڕین
کە مێردەکەی ڕایکێشا، سەری لە ئاوچۆڕابوو
پونە دوای ئەوە، هەمیشە سەرمای بوو، ئەوندەش بچوک بووبووەوە لەناو تەشتدا دەیانشۆرد
کە مرد، پونە قەبارەی وەک نینۆکێکی لێ هاتبوو. لەناو کێڵگەیەکدا، بوو بە گەنمەشامی و وردە لم و دەزی لی هەڵدەوەری

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار