عەباس کیاڕۆستەمی، شاعیر، وێنەکێش، سینەماکار و فۆتۆگرافەری ئێرانی، لە ٢٢ـی جوونی ١٩٤٠ـدا لە تاران-ئێران لە دایک بووە. ٤ـی جووڵای ٢٠١٦ لە پاریس-فەڕەنسا لە تەمەنی ٧٦ـساڵیدا کۆچی دواییی کرد. ئەو بە فیلمی “تامی گێلاس” لە جیهاندا ناسراوە. فیلمەکانی بە نێوەڕۆکە سادە و مرۆڤانییەکەیانەوە دەناسرێنەوە. – ماڵپەڕی باڵندە
شیعرە پەناگە
عەباس کیاڕۆستەمی
وەرگێڕانی: بیلال نەسرین
لە درزی دەرگاوە
هەم بڵێسە دێتە ژوورێ،
هەم نووری مانگ
کە لەگەڵ تۆم
لە ئازاردام
کە لەگەڵ خۆمم
لە ترسدا
لە کوێی ئەی بێخودی؟
لەودیو چاکە و خراپەوە
ئاسمان شینە
شین
لە تاو ستەمی ڕۆژگار
شیعرە پەناگە
لەتاو جەوری یار
شیعرە پەناگە
لەتاو زوڵمی ئاشکرا
هەر شیعرە پەناگە
گوڵە پەشموردەکانی بیابان
نە کەس بۆنی پێوە کردن
نە کەس چنینی
نە کەس فرۆشتنی
نە کەس کڕینی!
گەلێ عاشق
گەلێ مەعشووق
عاشق و مەعشووق
کەم!
شەو لە کاتی خۆیدا گەیشت
سپێدە لە کاتی خۆیدا هەڵهات
کەڵەشێر لە کاتی خۆیدا خوێندی
من لە ناکاتدا
نووستم!