تەنیایی، مۆتەکەی مرۆڤی هاوچەرخ
خوێندنەوەیەک بۆ شیعری “لە گوڵ دەترسم”ـی بەشدار سامی
عەبدولخالق یەعقووبی
ئێمە پێویستمان بە هونەرێکە شاد و شەنگ بێت، شەپۆلان بدات، هەڵپەڕێت، گاڵتەجاڕانە و مناڵانە و ئاسوودە بێت بۆ ئەوەی ئەو ئازادییەی کە لە دیوی ئەودیوی شتەکانە و ئارمانج و ئایدیالی ئێمە لە ئێمەی داوا دەکات لە کیس نەدەین. داڕمانی تەواو لە ئەخلاقدا و بوون بە دێو و داهۆڵی چاکەکاری و خۆپارێزی سەبارەت بە خواستی زێدەڕۆیانە و ڕێک سەبارەت بە ڕاستۆکبوونی زێدەڕۆیانەی ئێمە بە پاشەکشە دێتە ئەژمار. ئێمە دەبێت بتوانین خۆمان لە دیوی ئەودیوی ئەخلاق جێگیر بکەین، بەڵام نەک بە دڵەڕاوکەی کەسێکەوە کە لە داڕمان و لەڕێلادان لە هەر چرکەساتێک دەترسێت و دەتۆقێت، بەڵکوو بە هێمنیی و لەسەرخۆییی کەسێک کە دەتوانێت لە دیوی ئەودیوی ئەخلاق ئاسوودە و بێباک ڕاببوێرێت. کەواتە، چۆن دەکرێت لە هونەر و سەرشێتیی واز بهێنین؟!
(نیچە، حیکمەتی شەنگ، ل ١٧٣-١٧٤)
بەشدار سامی لە جیهانی شیعریی خۆیدا جیهانی تەنیاییی خۆی و مرۆڤە تەنیاکانمان بۆ پێناسە دەکات. هەڵبەت بەشدار بۆ ئەم ناساندنە پشت بە کەمترین وشە و خێراترین پەیڤ دەبەستێت و زۆر بە پارێزەوە وشە بە کار دەهێنێت. ڕستە شیعرییەکانی بەشدار لە ئاستی وشەبژێری زۆر تۆکمەداڕێژراو و لە باری ڕێزمانییەوە گەلێک سفتوسۆڵن. هەر بۆیە شیعرەکانی بەشدار خاوەنی زمانێکی سادە بەڵام گرێچنێکی ئاڵۆزن. ئەوەش وای کردووە شیعری ئەم شاعیرە گەنجە ڕاڤەهەڵگر و هەر بۆیە چێژبەخش بێت. وێ دەچێت لە نێوان موتیڤی تەنیایی، کە کەڵکەڵەی سەرەکیی شاعیرە، لەگەڵ ئەم شێوە زمانە پوخت و تیفتیفەدراو و شەنوکەوکراوە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و گونجاو هەبێت. واتە، شاعیر لە جیهانی تەنیاییی خۆیدا (یان جیهانی تەنیاییی دەنگە شیعرییەکانی) بۆ وەسفی جیهانێکی ئەوتۆ بە پێویستی نازانێت زمانێکی درێژدادڕ و گێڕانەوەیەکی بیندرێژ، کە لە تاقەتی کەسی تەنیاشدا نییە، بە کار بهێنێت. بەشدار، کە شیعری خۆی بە “ئازاری فڕێدراوی” خۆی دەهێنێتە ئەژمار، تەنیا هاوار دەکات؛ لە هاوارکردنیشدا دەرەتانی زۆروێژی و پشوودرێژی لە ئارادا نییە. ئەم شاعیرە لە گەرووی شیعرەکانییەوە بۆ ئازادی و ئینسانییەت دەچڕێت. دەنگی شیعری بەشدار دەنگی کپ/کپکراوی زۆربەی ئەو گەنجانەیە کە تەنیایی (نەک لە جۆری ڕۆمانسییەکەی بەڵکوو لە شێوە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکەی) تەنگی پێ هەڵچنیون و بۆ دەرفەتی مانەوەیەکی مرۆڤانە شانی خۆیان داوەتە بەر قورساییی ئازارەکانی ژیان:
شیعرهكانی من ئازارهكانی من بوون، فڕێم دان
بهڵام
كه به تهنیا مامهوه كێ بوو، دیتی؟
كه لهسهر جادهكان بهر دهبوومهوه و
هاوارم هیچ كهسێكی نزیك نهكردهوه، كێ بوو، دیتی؟
كه دهركهم لهسهر خۆم داخست و خهریك بووم دهمردم، كێ بوو، دیتی؟
ئێوه كێن كه من به فڕێدانی شیعرهكانم
خهریكم حهیای ئازارهكانم دهبهم؟
ئێوه كێن كه پێدهكهنن!
■
هەڵبەت هەر ئەو تەنیایییەی کە ئەنجامی ئازارەکانی ژیانە خۆی دەتوانێت هاندەری بزووتنێکیش لە شاعیردا بێت بۆ ئەوەی خۆی لە چەمبەرەی چەقبەستوویی ڕزگار بکات و بەرەو ئامانجی خۆی، “ئەو درەختەی کە ناوی دەزانێت”، ڕۆیشتنی ئەو دەریایەی کە جێی هێشتووە جێ بهێڵێت:
ئهو دهریایهی منی بهجێ هێشت
له كوێ دهڕوا
من دانیشتووم.
دهریا منی بهجێ هێشت
بهڵام
درهختێك ناوم دهزانێت
منیش جهستهم دهخهمه نێو دهستم و
ڕۆیشتنی دهریا بهجێ دههێڵم.
ــــــــــــــــــــ
دهریا “شین” بوو
2018
بهشدار سامی
■
لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم خوێندنەوەیەکی خێرا بەڵام ورد بۆ دەقی شیعریی “لە گوڵ دەترسم”ـی بەشدار سامی بکەم و ئەوە نیشان بدەم کە شاعیر چۆن لە ڕێی زمان و پێکهاتەی دەقەکەیەوە باس لە مۆتەکەیەکی ژیانی مرۆڤی هاوچەرخ دەکات کە بریتییە لە تەنیایی.
لە گوڵ دەترسم
بەشدار سامی
له شهو دهترسم، له نهخهوتن، له دهنگ
له خواردنهوهی ئاو دهترسم، له بهتهنیا چوونهسهر تهختی ڕاكشان
له یادهوهری، له ئهمڕۆ كه تێناپهڕێت
له شهو دهترسم، له نهخهوتن و له دهنگ
له تاریكی، له ههڵكردنی چرا و
له بهتهنیا چوونهسهر تهختی ڕاكشان دهترسم
له خۆشویستن دهترسم
له ڕۆیشتن ههنگاوێك كه دوور دهكهوێتهوه
له نههاتنهوه دهترسم
من عاشقم
مۆسیقا دهمترسێنێت
له شهو دهترسم، له یادهوهری، لە نەخەوتن
لە گوڵ دەترسم
“لە گوڵ دەترسم” شیعرێک نییە دەربارەی “ترس” بە تەنیا، بەڵکوو شیعرێکە باسی “ترس لە تەنیایی” دەکات. “دەنگی شیعریی” (Speaking Voice) “لە گوڵ دەترسم” دیار نییە ئیی ژنە یان پیاو، کوڕە یان کچ، پیرەپیاوە یان پیرەژن؛ لە هەمان کاتدا دیاریش نییە ئەم دەنگە دەنگی کەسێکە سەر بە ژیانی پڕژاوەژاوی شاری یان مەند و هێمنی گوندی. ئەم دەنگە بۆی هەیە دەنگی هەر کام لەم ڕەگەزانە بێت، جا چ لە شاری پڕ هەراوهاوار، چ لە گوندی کشومات. کەواتە، بە گشتی دەتوانین بڵێین ئەم دەنگە دەنگی مرۆڤێکە کە لە جیهانی هاوچەرخ دەژی، جیهانێک تژی لە ترس و تەنیایی و ترس لە تەنیایی. بەڵگەی ئەم هاوچەرخبوونە بە شێوازی تێڕامان و تێفکرینی دەنگە شیعرییەکەوە دیارە؛ مرۆڤی هاوچەرخی مەیلەومۆدێرن بیر لە شت و حاڵەت و کەسەکان دەکاتەوە و دیاردەکانی ژیانی خۆی لێک دەداتەوە و جیهانی خۆی سەنگوسووک دەکات:
له شهو دهترسم، له نهخهوتن، له دهنگ
له خواردنهوهی ئاو دهترسم، له بهتهنیا چوونهسهر تهختی ڕاكشان
له یادهوهری، له ئهمڕۆ كه تێناپهڕێت
بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە بیرکردنەوەیەکە بە ئاراستەی ترس و دڵەڕاوکێ؛ بیرکردنەوەیەک کە هەم پیشاندەری خەسڵەتی هاوچەرخبوونی دەنگە شیعرییەکەیە؛ هەمیش دەرخەری ئەو ترس و ڕاڕایی و دڵەڕاوکانەی کە ئەم دەنگە شیعرییە لە ناخیدا هەڵی گرتوون: ترس لە شەو، لە نەخەوتن، لە دەنگ، لە خواردنەوەی ئاو و… ئەم ترسانە لە ڕاستیدا هەم ژمارەیان زۆرە (سەرجەم ترسن لە ١٤ شت و دیاردە و حاڵەت)، هەمیش جۆراوجۆرن (ترس لە شت، وەکوو ترس لە گوڵ؛ ترس لە دیاردە، وەکوو هەڵکردنی چرا، ترس لە حاڵەت، وەکوو نەخەوتن) کە ئەمە پیشاندەری ئەمەن ترسی دەنگە شیعرییەکە ترسێکی هەمەلایەن و گشتگیر و قووڵ و ڕاستەقینەیە و بە کورتی ترسێکی ئینسانییە (یەک لەو هۆیانەی لەم دەقەدا شاعیر وەکوو تەکنیک گرینگیی بە “دووپاتکردنەوە” داوە نواندنی ڕاستەقینە و ئینسانیبوونی ئەم ترسەیە). هەر بۆیە دەکرێت بڵێین ئەم ترسە ترسێکە لە ئەنجامی ژیانی مرۆڤ لەنێو ئەم جیهانە و بەگژداهاتنەوەی ئازار و ئەشکەنجەکانی تەنیایی، ژیان و جیهانێک کە هەر مرۆڤ خۆی، ، نەک ئەهوورای هات و ئەهریمەنی نەهات [هێزە بانمرۆییەکان]، پڕی شادی یان شوومی دەکات؛ ئەم ترسە ترسێکی فیزیکی/ زەمینی/ ئینسانییە نەک میتافیزیکی/ ئاسمانی/ خودایی.
کۆپلەی یەکەم و دووەمی ئەم شیعرە وا لە ئێمەی خوێنەرەوە دەکەن بیر لەوە بکەینەوە باشە ئەم هەموو ترسەی ئەم مرۆڤە هاوچەرخە مەیلەومۆدێرنەی نێو ئەم دەقە لە چییەوە هاتووە و بۆ چی دەگەڕێتەوە.
له شهو دهترسم، له نهخهوتن، له دهنگ
له خواردنهوهی ئاو دهترسم، له بهتهنیا چوونهسهر تهختی ڕاكشان
له یادهوهری، له ئهمڕۆ كه تێناپهڕێت
له شهو دهترسم، له نهخهوتن و له دهنگ
له تاریكی، له ههڵكردنی چرا و
له بهتهنیا چوونهسهر تهختی ڕاكشان دهترسم
بە ڕاستی بۆچی دەبێ، بۆ نموونە، “خواردنەوەی ئاو” یان “بهتهنیا چوونهسهر تهختی ڕاكشان” (لە کۆپلەی یەکەم) یان “شەو” یان “هەڵکردنی چرا” (لە کۆپلەی دووهەم) ترسهێن بن؟! خۆ ئەم شت و دیاردە و حاڵەتانە هەموو شت و دیاردە و حاڵەتی ئاساییی ژیانی ئێمەی مرۆڤن. لێرەدا هەست ناکرێت ئەم ترسە لە ئەنجامی جەنگێکی ماڵوێرانکەر یان نەخۆشییەکی کوشندە یان هەر کارەساتێکی تری مرۆیییەوە سەری هەڵدابیت. کەواتە، خوێنەرەوە مافی خۆیەتی بپرسێت، ئەم ترسە هەمەلایەن و گشتگیر و قووڵ و ڕاستەقینە و ئینسانییە لە کوێ ئاو دەخواتەوە؟
کۆپلەی سێیەم سەرەداوی وەڵامی پرسیارەکانی سەرەوەمان دەداتە دەست. لەم کۆپلەیەدا بۆ یەکەمجار ڕاشکاوانەتر باسی شێوەی ترسی دەنگە شیعرییەکە دەکرێت: “لە خۆشەویستی دەترسم”.
له خۆشویستن دهترسم
له ڕۆیشتن ههنگاوێك كه دوور دهكهوێتهوه
له نههاتنهوه دهترسم
هەرچەند لە کۆپلەی یەکەم و دووەمدا سووکەئاماژەیەک بە تەنیابوونی دەنگە شیعرییەکە کراوە، “بەتەنیا چوونە سەر تەختی ڕاکشان”، بەڵام ئەوە تەنیا لە کۆپلەی سێیەمدایە شاعیر ئاماژەیەکی ئەوتۆ دەکات کە خوێنەرەوە هەم ڕادەچڵەکێت (ڕادەچڵەکێت چونکی پێی سەیرە دەبینێت مرۆڤ هەیە لە خۆشەویستی دەترسێت،)، هەمیش بە هۆکاری ئەو ترسە قووڵ و ئینسانییە دەزانێت، کە بریتییە لە هاتنەئارای پەیوەندییەکی ئینسانیی دووقۆڵی لە نێوان ئاشق و مەعشووقدا. ئەوە لە کۆپلەی سێیەمدایە کە خوێنەرەوە بە ئاشکرایی بۆی دەردەکەوێت ترسی باسکراوی دەنگە شیعرییەکە هەمووی ترس لە تەنیاییی دوور لە خۆشەویستی و بێ-دڵدار-کەوتنەوەیە:
له ڕۆیشتن ههنگاوێك كه دوور دهكهوێتهوه
له نههاتنهوه دهترسم
ترسی گۆرین ترسە لە دوورکەوتنەوەی یار و لەویش مەترسیدارتر نەهاتنەوەی یارە. شاعیر لە کۆپلەی یەکەم و دووەمدا پێمان دەڵێت، لەم جیهانە و لەم جیهانەدا دەترسێت؛ لە کۆپلەی سێیەم، هەنگاوێک لە ئێمەی خوێنەرەوە دێتە پێش و بە دەنگێکی بەرزتر و ڕوونتر دەڵێت، لەم جیهانەدا لە خۆشویستن دەترسێت؛ لەوەی کەسێکی خۆش بوێت و دواتر ئەو کەسە لێی دوور بکەوێتەوە و تەنانەت جێی بهێڵێت. بەڵام لەوانەیە تەنیا خۆشویستن قەناعەت بە خوێنەرەوەی وردبین نەهێنێت کە ئەم هەموو ترسە ڕاستەقینە و ئینسانییە بۆ دەنگە شیعرییەکە بە ڕەوا بزانێت؛ هەر بۆیە شاعیر زۆر وردبینانە و لە شوێنی خۆیدا کۆپلەی پێنجەم دادەڕێژێت و دەنگە شیعرییەکە وا لێ دەکات زیاتر لە خوێنەرەوەی بچێتە پێشێ و پێی بڵێت، “من عاشقم” [هەڵبەت خوێنەرەوە پێویستە بزانێت هەموو ئەو هەوڵانەی شاعیر لە نەست و ناخودئاگاییی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە وشیاری و پلانێکی پێشوەختەوە]. کەواتە، ترسەکە لە بازنەی مەترسیی یەکەمدا (کۆپلەی یەکەم و دووەم) ترس بوو لە جیهان بە گشتی؛ لە بازنەی مەترسیی دووەمدا (کۆپلەی سێیەم) ترس بوو لە جیهانی عەشق؛ لە بازنەی مەترسیی سێیەمدا (مەترسیدارترین بازنە) ترسە لە جیهانی عاشقبوون. خاڵی هاوبەشی هەر سێ بازنەکە تەنیابوونی دەنگە شیعرییەکەیە؛ “بەتەنیا چوونە سەر تەختی ڕاکشان” (لە کۆپلەی یەکەم و دووەمدا)، “نەگەڕانەوەی یار و بە تەنیا مانەوە” (لە کۆپلەی سێیەم و چوارەمدا).
دوایین ڕستەی دەقی شیعریی “لە گوڵ دەترسم” خودی ڕستەی “لە گوڵ دەترسم”ـە.
من عاشقم
مۆسیقا دهمترسێنێت
له شهو دهترسم، له یادهوهری، لە نەخەوتن
لە گوڵ دەترسم
لەوانەیە خوێنەوەرە پرسیار بکات، گەلۆ ئەم دەنگە شیعرییە کە عاشقە و لە بەتەنیابوون و بەتەنیاکەوتن و بەتەنیامانەوە دەترسێت بۆچی دەبێ لە مۆسیقا و گوڵ بترسێت. بە پێی ئەو زەمینە و کۆنتێکستەی باسمان کرد، مۆسیقا و گوڵ بۆیان هەیە ئاماژە بە “مەعشووق” بکەن (مۆسیقا وەک ڕۆحی مەعشووق و گوڵ وەکوو جەستەی)، واتە ئەو کەسەی کە عاشقی نێو ئەم شیعرە لە دوورکەوتنەوە و نەهاتنەوەی دەترسێت. کەواتە، ترس لە مۆسیقا و گوڵ لەبەر ئەوەیە مۆسیقا و گوڵ هاتنێکی کاتی و تیژتێپەڕیان هەیە؛ دێن، ماوەیەکی کورت دەزرینگێنەوە و دەگەشێتەوە و پاشان کپ و بێدەنگ دەبن؛ هەڵدەوەرێن و بزر دەبن. ئەم ترسە- جارێکی تر دەردەکەوێت کە- ترسێکی هەمەلایەن و گشتگیر و قووڵ و ڕاستەقینەیە و بە کورتی ترسێکی ئینسانییە. ترسەکە لەم دوایین ڕستەیەدا ئاستی دەلالەتی هزری و فەلسەفی و دەقی تێ دەپەڕێنێت و دەبێتە ترسێکی بەرهەست و مەلمووس و دەرەدەقی. شاعیر و دەنگە شیعرییەکە و ئێمەی خوێنەرەوەی ئەم دەقە و هەموو مرۆڤێکی هاوچەرخی ئەم جیهانە وێکڕا دەترسین. ترس بە تەنیا نا، بەڵکوو ترس لە بەتەنیابوون و بەتەنیاکەوتن و بەتەنیامانەوە؛ تەنیایی، مۆتەکەی مەرگقڕێنی هەموومان، بە کوڕ و کچمانەوە، بە پیاو و ژنمانەوە، بە پیرەپیاو و پیرەژنمانەوە، بە خەڵکی شار و گوندیمانەوە، بە هەموو دانیشتووانی سەر ئەم گۆی زەوینە بێ مۆسیقا و گوڵەمانەوە، ئەم جیهانە بێ عیشقەمانەوە.
■
بەشدار سامی شاعیرێکە بە زمانێکی سادە و ساکار بەڵام بەهێز و سفتوسۆڵ، جیهانێکی تژی لە تەنیایی و تەریکی، بەڵام پڕجووڵە و زیندوومان بۆ وێنا دەکات. شیعری بەشدار هەڵقوڵاوی ویژدان و هەستی ئینسانیی ئەوە بۆ نیشاندانی ئازارە سەخت و ئەشکەنجە تاقەتپڕووکێنە دەروونییەکانی خۆی، واتە مرۆڤی هاوچەرخ. بەڵام بەشدار هەموو ئەم تابلۆ ڕاستبێژ و پڕ لە تاریکییانەی ژیانی کۆمەڵی سەردەم لە دووتوێی پەیڤێکی نەرمونیان و شەنگ و شەپۆلئاسادا دەپێچێتەوە. هەر بۆیە شیعری ئەو خۆشخوانی تاڵییەکانی ژیانی ئێمەی مرۆڤە.
هەولێر/ زانکۆی نۆلج/ هاوینی ٢٠١٨