ئێدگار ئاڵن پۆ | (١٨٠٩ - ١٨٤٩)
February 16, 2025
ئێدگار ئاڵن پۆ (١٨٠٩-١٨٤٩)، چیرۆکنووس، ڕەخنەگری ئەدەبی و شاعیرێکی ئەمەریکی بوو، بە بەرهەمە تاریک، گۆتیک، سامناک و ترسێنەرەکانی ناسراوە. شعر و کورتە چیرۆکەکانی لە ژانری ترس، نهێنی، پۆلیسی و سەرووسروشتی بەرز نرخێنراون و ئێستاش دەخوێنرێنەوە. هەروەها، کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر ئەدەبیاتی جیهان و ژانراکانی ترس، پۆلیسی و خەیاڵی زانستییەوە جێ هێشتووە.
ئەم هۆنراوەیەی لە کۆتاساڵی ژیانی بڵاو کردوەتەوە و لە دوو کۆپلە پێکهاتووە. هەرچەند هۆنراوەکە ڕاڤەی جیاواز و هەمەچەشنی بۆ کراوە، لێ وا دەردەکەوێت کەوتنی دەنکە لمەکان و نەمانەوە و فەوتانیان لە نێو لەپی دەستی قسەکەرەکە هێما بێت بۆ کاتپێوی لمین و ئاوابوونی تەمەن، لەگەڵ لەدەستدانی ئەو شتانەی لە ژیانی قسەکەرەکەدا بەنرخن.
ئێدگار ئاڵن پۆ
کوردییەکەی: کامۆ ئاراز
ئەم ماچە بگرە بۆ ناوچاوانە
کە ساتی لێک جیابوونەوەمانە
سا لێم گەڕێ پێت بڵێم، بێ بەند و کۆت—
هەڵە نیت، گەر بە گریمان پێت وایە
ژینی ڕۆژەکانم لە ناو خەوندایە؛
جا ئەگەر چیدی هیوا بوونی نەبێ
گومبووی نێو شەو یاخود ڕۆژ بێ،
بزریی نێو خەون بێ، یا نەبێ
ئایە ژیانم بێئومێدیی کەمتر ئەبێ؟
هەموو ئەوەی دەیبینین یان دێتە بەرچاو
خەونێکە لە خەونێکی دیکەدا چنراو.
لە قەراخێکم پێل نەڕەی دێ پۆل بە پۆل
کەنارێکیش لێوانلێو لە کەفی شەپۆل،
ئینجا لە نێو لەپی دەستەکانم هەڵمگرتوون
دەنکۆڵە گچکەی لمی ڕەنگئاڵتوون—
نەختێکن! کەچی لە پەنجەکانمەوە دەڕژێن
بۆ ناو قوڵایی ناو دەریاکە ئاو دەپڕژرێن
کە دەگریم— فرمێسک لە چاوەکانمەوە دەڕژێن!
ئەی خودا! ئایە ناتوانم توندوتۆڵ
بیناگرم و بەرنەبنەوە ببنەوە خۆڵ
ئەی خودا! ئایە ناتوانم دەربازی کەم
تاقە دەنکۆڵەیەک بەلانی کەم؟
ئایا هەموو ئەوەی دەیبینین یان دێتە بەرچاو
خەونێک نییە لە خەونێکی دیکەدا چنراو؟