گرفتی پێناسە… ئاوڕدانەوەیەکی دیکە بۆ شیعری قۆناغی بابانەکان

ئەحمەدی مەلا/شاعیر و ڕەخنەگر

November 17, 2018

ئەحمەدی مەلا، شاعیر، وەرگێڕ و توێژەر، لەم گوتارەیدا، کە بەشێکە لە کتێبێکی تازەی، بە وردی و بە دیدگایەکی نوێوە، دەڕوانێتە شیعری سەردەمی بابانەکان و پێی وایە؛ سەرهەڵدانی نالی و سالم و کوردی ناتوانن هەموو ئەو کەلێنانە پڕ بکەنەوە کە لە قۆناغی ڕێنێسانسدا داوامان لێ دەکەن. ئەو لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک دێینەوە سەر سەردەمی میرنشینی بابان و ئەو قۆناغە هەڵدەسەنگێنین و ئەو گەنجینە ئەدەبییەی ئەو سەردەمە دەخەینە ژێر لێکۆڵینەوەوە، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئەو قۆناغە تەواوکەری مێژوویەکی خۆماڵیی پێش-خۆی نەبووە تاکو لە ڕێگەی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەوە، لە ڕێگەی پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی دیکەوە، گوڕوتینێک بدا بە قۆناغی پێش-خۆی. واتە پێش خۆی جارێکی دیکە بەرهەم بێنێتەوە ئەو هەروەها دەنووسێت: زمانی کوردی دەبێ بە زمانی شیعر بەڵام ناچێتە ئاستی بیرکردنەوە بەو زمانە. چونکە تەنیا بیرکردنەوە لە ڕێگەی زمانی کوردییەوە ڕێگەخۆشکەرە تا تاکی کورد بیر لە سنوور و شووناسی تاکییەتیی خۆی بکاتەوە. سەبارەت بە شاعیرانی حوجرەش دەڵێت: شاعیری حوجرە هەڵوێست بەرامبەر بە قۆناغی خۆی، مەعریفەی پێش-خۆی وەرناگرێ، هەندەی شاعیرە هەندە ڕەخنەگر نییە، هەندەی ئاوازێکی هارمۆنییە هەندە جیهانێکی دیکەمان بۆ نائافرێنێ. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

گرفتی پێناسە
ئاوڕدانەوەیەکی دیکە بۆ شیعری قۆناغی بابانەکان

ئەحمەدی مەلا

 

 

لە قۆناغی ناوبراودا، مەعریفەی کوردی یەک سەرچاوەی هەیە، ئەویش سەرچاوەیەکی پیرۆزە کە حوجرە مەڵبەندە سەرەکییەکەیەتی. حوجرە ئەو دامودەزگایەیە، کە نالی و کوردی و سالم و مەحوی هتد… دێنێتە بەرهەم. بە درێژاییی سەدەی نۆزدەم حوجرە تاقە مەڵبەندی مەعریفی و ئەدەبیاتە، ئەدەب تەنیا لەو سەرچاوەیەوە کەرەسە بەلاغی و باگراوندی جیهانبینییەکانی پەیدا دەکات. دکتۆر مارف خەزنەدار لە بەرگی سێیەمی مێژووی ئەدەبی کوردی بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەم تەرخان کردووە و کاتێک دێتە سەر سەرهەڵدانی “شیعری حوجرە” لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراو کۆک نییە و بە “قوتابخانەی غەزەل و قەسیدە” یان بە “شیعری عەرووزی و یەکێتیی قافییە” یان بە “شیعری قوتابخانەی کلاسیکی ئیسلامەوی” ناوی بردوون؛ لە لایەکی دیکەشەوە کاتێک باسی ئەم سەرهەڵدانە ئەدەبییە دەکات، ئاوەڵناوی “ڕێنێسانس”ـی دەداتە پاڵ. (مێژووی ئەدەبی کوردی، مارف خەزنەدار، ل:٥)

ئێمە ئێستێک لەسەر ئەم دوو کێشەیە دەکەین: تا چ ڕادەیەک ئەو پێناسانەی سەرەوە بۆ بەرهەمی حوجرە دەشێن و لە لایەکی دیکەشەوە ئایا ناوهێنانی “ڕێنێسانس” تا چ ڕادەیەک ئامانجی خۆی پێکاوە؟ پێش پێناسەکردن هەوڵ دەدەین لەو ژینگەیە بگەین کە بەرهەمهێنەری ئەو جۆرە شیعرەن تاکو دواتر زاراوەیەکی گونجاوتری بۆ هەڵبژێرین.

سەرەتا، بۆچی هەڵبژاردنی دەستەواژەی “قۆناغی ڕێنێسانس” سەبارەت بە سەرهەڵدانی شیعر لە سەردەمی باباندا، بە لاترازانێکی زەمەنیی دەیچوێنین. چۆن دەشێ سەرهەڵدانی شیعر بە شێوەزاری سۆرانی، کە بە کێشوسەروا و سەر بە عەرووز و بەلاغەتی عەرەبی نووسرابێ، بدرێتە پاڵ ڕێنێسانس؟ سەرەتا با بزانین کەی و بۆچی پەنا بۆ زاراوەیەکی بیانیی دەبەین بۆ دەستنیشانکردنی دیاردەیەک یا ئیشکالییەتێك کە لەنێو کولتووری ڕۆژهەڵاتیدا یان لەنێو کولتووری کوردیدا سەر هەڵدەدا؟ مێژوونووسانی ئەدەبیاتی فەڕەنسی (مێژووی فەڕەنسای ئەدەبی، بەرگی یەکەم، لەژێر چاودێریی فرانک لێسترینگا و میشێک زینک، پوف، ٢٠٠٦) باس لە دوو قۆناغی بنەڕەتیی دەکەن: یەکەمیان بە لەدایکبوونی زمانی فەڕەنسیی لێک دەدەنەوە، کە لە دەستپێکی چاخەکانی ناوەندەوە دەست پێ دەکات و دووەمیشیان بە “لەدایکبوونەوەی دووەم” ئەژماری دەکەن، مەبەست لە سەدەی شانزەمە کە ئەمڕۆ بە ڕێنێسانس دەناسرێتەوە، بەم پێیە زاراوەی ڕێنێسانس تایبەتە بۆ گەشەسەندن و گەڵاڵەبوونی دیدێک و وەرچەرخانێکی مێژوویی، کولتووری گشتگیر، کە سەرەتا لە ئیتالیاوە دەست پێ دەکات و دواتر لە سەدەی شانزەم دەگاتە فەڕەنسا و دەبێتە دیاردەیەکی ڕۆشنبیریی، ئایینیی، ئەدەبی، زمانەوانی… هتد. بە واتایەکی دیکە، تێرمی ڕێنێسانس ئاماژە بۆ قۆنا‌غێکی دیاریکراو دەکات و خاوەن خەسڵەت و ڕەگەز و جیهانبینیی خۆیەتی. لە ڕووی زمانەوانییەوە، ئەگەر تەرجەمەیەکی پیت بە پیت بکرێ، ئەوە ڕێنێسانس دەبێتە “دووبارە-لەدایکبوونەوە” یان “بووژانەوە”ـی شارستانییەتێکی دیاریکراو. واتە، دەبێ پێشتر شارستانییەتێک هەبووبێ، دواتر بووژانەوەی بە خۆوە بینیوە. خوێنەر دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ بەشی یەکەم تا لە سرووشت و ڕەگەز و خەسڵەتەکانی تێ بگا.

لە ڕۆژئاوادا ڕێنێسانس بە ئەڵقەیەکی تەواوکەری شارستانییەتێکی دیاریکراو دەژمێردرێ و ئاماژە بۆ سەردەمێکی دەستنیشانکراو دەکا، خاوەن خەسڵەت و دەرهاویشتە و سنووری تایبەتی خۆیەتی. هەر وەک لە ڕووی زمانەوانییشەوە دەردەکەوێ، ئاماژە بۆ “لەدایکبوونەوەیەکی دیکە” دەکات، واتە دەبێ سەرەتا شتێک چەکەرەی کردبێ، شتێک لە سنوورێكی دیاریکراودا، سەری هەڵدابێ تاکو ئەم قۆناغە بەرەو قۆناغێکی باڵاتر لە ڕووی مێژوویی و مەعریفییەوە هەڵشاخێنێ. ڕەنگە ناکۆکیی لە ڕووی دیاریکردنی مێژوو و ساتی ئەم سەرهەڵدانە ناکۆکە هەبێ، بەڵام هەموو لەسەر زیهنییەتی ڕێنێسانس کۆک و تەبان. دیاریکردنی زیهنییەتی ڕێنێسانس عاسی و گیر نییە. ڕێنێسانس ئاماژە بۆ جیهانبینیی تەواو جودا دەکات، ئاماژە بۆ لەدایکبوونی مرۆڤی نوێ دەکا، لەو ڕووەوە، پەیوەندییەکان ئاڵۆگۆڕیان بەسەر دێ، خودی مەعریفە جێگۆڕکێی پێ دەکرێ و لەم جێگۆڕکێیەدا، بەهاکان و پێگەی مرۆڤ گۆڕانکاریی بەسەردا دێ. مرۆڤ دەکەوێتە چەقی “شارە”وە، ئەقڵمەندیی دەبێتە بزوێنەر و پێداچوونەوەی کولتووری پێشێنە دەبێ بە چالاکییە هەرە لەبەرچاوەکانی ئەو سەردەمە. ئەم دووبارە خوێندنەوەیە دەبێتە هەڵگری دیدێکی ڕەخنەگرانە: ڕەخنە لە دامودەزگای ئایینیی، ڕەخنە لە ئەدەبیاتی چاخەکانی ناوەند، ڕەخنە لە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و پیاوانی کڵێسا و هتد… ناشێ ئێمە دەستەواژەی ڕێنێسانس بدەینە پاڵ قۆناغێک بەبێ ئەوەی ئەم ڕەگەزانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێی دا چەکەرەیان کردبێ و هەڵگری موژدەی نوێ بن. ئێمە ئەودەم دەتوانین باسی ڕێنێسانس بکەین، کاتێک بەرەوڕووی دوو قۆناغی تەواو جودا دەبینەوە، بەرامبەر بە دوو جیهانبینیی تەواو جودا. جودا لە ڕووی پەرەوەردەوە، جودا لە ڕووی فەزای ئایینییەوە، جودا لە ڕووی ڕێکخستنی کۆمەڵگا و سیاسەتەوە، جودا لە ڕووی سەرهەڵدانی ئەدەبیات و تێگەیشتنی نوێ سەبارەت بە زمان و هونەر و زانست. بەبێ ئەم فاکتەرانە مەحاڵە ئێمە بتوانین قۆناغێک بە “ڕێنێسانس” نێوزەد بکەین. ڕێنێسانس بەبێ تێزی ڕەخنەگرتن، تەنیا هەر وەکو دەستەواژەیەکی ڕووت و بێ ناوەڕۆکە.

بۆیە، کاتێک دێینەوە سەر سەردەمی میرنشینی بابان و ئەو قۆناغە هەڵدەسەنگێنین و ئەو گەنجینە ئەدەبییەی ئەو سەردەمە دەخەینە ژێر لێکۆڵینەوەوە، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئەو قۆناغە تەواوکەری مێژوویەکی خۆماڵیی پێش-خۆی نەبووە تاکو لە ڕێگەی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەوە، لە ڕێگەی پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی دیکەوە، گوڕوتینێک بدا بە قۆناغی پێش خۆی. واتە پێش-خۆی جارێکی دیکە بەرهەم بێنێتەوە.

مەعریفەی سەردەمی میرنشینی بابان بە هیچ جۆرێک سنووری نێوان دوو قۆناغ دیاریی ناکا، هەڵگری بنەما ڕەخنەییەکان نییە، جیهانبینییەکی دیکەمان بۆ پێشنیار ناکا و پێش-خۆی ناخاتە ژێر میکرۆسکۆبەوە، بەرامبەر بە کەلەپووری پێش-خۆی ڕەخنەئامێز نییە، بوار بۆ سەرهەڵدانی مرۆڤی نوێ و بەهای نوێ ناڕەخسێنێ، بە جۆرێکی دیکە سەیری پەیوەندیی مرۆڤ و خودا، مرۆڤ و دامودەزگا ئایینییەکان ناکات، پرسیار لە ماهییەتی بوونی خودەوە ناورووژێنێ، تەنانەت زمانیش وەکو کەرەسەی بیرکردنەوە نائافرێنێ.

کاتێک عەقیدەی ئیمانی مەولانا خالید دەخوێنینەوە: (بڕوانە عەقیدەی ئیمان/عەقیدەی کوردیی مەولانا خالید، بابی لالۆ، دەزگای ئاراس، ٢٠٠٤، لا ١٥٥) و وێناکردنی مرۆڤ لای مەولانا خالید، تەواو بە پێچەوانەی ڕێنێسانسە، بە واتایەکی دیکە، پڕۆژەی مەولانا ئەوەیە مرۆڤی کۆن بەرهەم بهێنێتەوە، ئەو مرۆڤەی کە لەگەڵ بەهاکانی ئیسلامی سەرەتاییدا هاوتەباو و هاوتەریبە. پڕۆتێستانیسم دەیەویست مرۆڤی مەسیحی لەژێر هەیمەنەی کڵێسای ڕۆمادا قوتار بکا، کەچی مەولانا دەیەویست مرۆڤ بگەڕێنێتەوە ژێر هەیمەنەی تەقلید. کەواتە ناولێنانی ڕێنیسانس لەو قۆناغە، ترازانێکی زەمەنییە، چونکە سەرهەڵدانی نالی و سالم و کوردی ناتوانن هەموو ئەو کەلێنانە پڕ بکەنەوە لە قۆناغی ڕێنێسانس داوامان لێ دەکەن.

چۆن بتوانین پێناسەی ئەم جۆرە شیعرە بکەین؟

لە ڕووی ئەدەبییەوە، سەرهەڵدانی نالی و سالم و کوردی دەرهاویشتەیەکی ئەدەبیی ناوازەیە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەم ئەدەبە پشت بە “بەلاغە”ی عەرەبی دەبەستێ بۆ گوزارشتکردن لەم دیاردە دەگمەنە، بەلاغەی عەرەبییش هەڵگری دەلالاتی خۆیەتی و لە مێژوویەکی جەنجاڵ و دیاریکراوەوە دێ، بەلاغەتێکی بێلایەن نییە، بەڵکو هەڵگری بارستایی ئایدیۆلۆژیی و هەژموونخوازییە. (بڕوانە، ڕێبوار سیوەیلی: ٢٠١٧). پێش ئەوەی ئێمە تێرمی “کلاسیک” بۆ ئەو جۆرە شیعرەدا ڕەت بکەینەوە، بە باش دەزانرێ باسی ئەو ژینگەیە بکەین کە چۆن کلاسیسیزم لە مێژووی ئەدەبیاتی فەڕەنسیدا سەری هەڵدا. “کلاسیکۆس” تێرمێکی لاتینییە، سەرەتا ئاماژە بۆ توێژێکی کۆمەڵایەتی دەکا کە مەبەست لە توێژێکی خوێندەوار بوو، دواتر لە سەدەی حەڤدە، دوای مشتومڕێکی زۆر کە لە نێوان هەوادارانی کەڵەنووسەرانی یۆنان و لاتین و مۆدێرنخوازاندا ڕووی دا، ناوەڕۆکی ئەم جۆرە ئەدەبە پەیدا بوو. لە بەرەیەکدا شارل پێرۆ گوزارشتی لە مۆدێرنخوازان دەکرد و لە بەرەیەکی دیکەشدا نیکۆلا بوالۆ گوزارشتی لە ڕچەی دێرینەکان دەکرد. کلاسیسیزم قۆزتنەوەی ڕاسیۆنالیسمی دێکارتە، واتە لە یاسای جێگیر و ڕێسای لەقاڵبدراو و هارمۆنیی دەگەڕێ.

هۆکار زۆرن بۆ سەرهەڵدانی ڕێبازی کلاسیسمی فەڕەنسیی؛ سەدەیەک پێشتر تێرمی “کەڵەنووسەر” ئاماژەی بۆ نووسەران و فەیلەسووفانی یۆنان و ڕۆمانیی دێرین دەکرد، مەبەست لە دێرینەکانیش: ئەفلاتوون و ئەریستۆ و سوفۆکل و ئوریپید و ئۆمێری یۆنانی دێرین و ڤیرژیل و ئۆڤید و ئۆراسـی ڕۆمای دێرین بوون. بووبوون بە مۆدێل و نموونەی پاراویی و ڕەوانبێژیی و شێواز و بیری ورد و قووڵ. هەروەها، زمانی فەڕەنسیی لە سەدەی حەڤدەدا گەیشتبووە قۆناغی پێگەیشتن، کە سەدەیەک پێشتر لە لایەن نووسەرانی سەدەی شانزمەوە هەوڵی بۆ دەدرا و لەو بارەیەوە بەرهەمی ڕەوانبێژیی و هونەری نووسین، بە زمانی فەڕەنسی دەنووسران. وەکو لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان بۆی کرد، شا فڕەنسوای یەکەم ڕۆڵێکی زۆر لەم ڕووەوە دەبینێ، دواتر ڤوژلاس ڕێزمانی فەڕەنسی دەنووسێ و دێکارت مێتۆدی گوتار دادەڕێژێ و دواتریش ڕیشلیو ئەکادیمیای زمانی فەڕەنسیی دادەمەزرێنێ، کە فەرهەنگێک بۆ زمان و ڕەوانبێژیی و شیعرییەت و ڕێزمانی زمان دەکاتە بە چوار پڕۆژەی ئەکادیمیا.

لە سەدەی کلاسیسیزم، لویسی چواردە و کۆشکی ڤێرسای دەبن بە سەکۆیەکی پڕشنگدار بۆ ئەوەی نووسەر و شاعیرانی شانۆنامەنووس لە دەوری کۆشک و شادا کۆ ببنەوە و ئەدەبیات ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتیی پلەیەک ببینێ. تەنانەت شێوە قسەکردنی کۆشک دەبێ بە زمانی فەرمیی و تەنانەت ڤوژلاس بۆ داڕشتنی ڕێزمانەکەی سوودی لێ دەبینێ.

لەنێو ئەو سەروبەندەدا مشتومڕی ئەدەبی دەگاتە چڵەپۆپە: مشتومڕ واتە گەڵاڵەبوونی هۆشیارییەکی دیاریکراو لەمەڕ کێشەیەکی دیاریکراوەوە. سەرهەڵدانی مشتومڕی دێرینخوازان و مۆدێرنخوازان دەگاتە چڵەپۆپە: لە دەوری بوالۆی دێرینخوازانی وەکو بوسوێ و ڕاسین و لا برویێر و لا فۆنتێن کۆ دەبنەوە و لە دەوری شارل پێرۆش کورنیە تراژیدینووس کە لەو سەردەمەدا “لا سید” دەنووسێ، لە جیاتی ئەوەی وەکو ڕاسین پەنا بۆ قارەمان و بابەتی میتیۆلۆژیی یۆنانی دێرین بەرێت، مێژوو و ڕووداوەکانی ئیسپانیا دەکات بە بابەتی تراژیدیاکەی. ئەمە بە ڕووداوێکی ئەدەبیی گرنگ ئەژمار کرا. بە کورتی لایەنگرانی شارل پێرۆ جەختیان لە گرنگیی نووسەرانی دێرین دەکردەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەشیان دووپات دەکردەوە کە دەشێ نووسەری هاوچەرخ شان لە شانی نووسەرانی دێرین بدات و بیبەزێنێ. بە واتەیەکی دیکە، بەڵێ بۆ مۆدێل، بەڵام دەشێ ئەو سنوورەش تەی بکرێ.

لەم سەروبەندەشدا تێرمی کلاسیک لە سەدەی نۆزدەم پەیدا دەبێ و دواتریش گەشە بە ناوەڕۆکی ئەم دەستەواژەیە دەکرێ و ئیدی ئاماژە بۆ هەموو نووسەرێک دەکا کە بەرهەمەکانیان هەڵگری بەهای نەمر بن. کاتێک ئەم پێناسەیەی سەرەوەمان بەر گوێ دەکەوێ، کەواتە دەتوانین بڵێین، مادامەکی کلاسیک ئاماژە بۆ بەرهەمی نەمر دەکا، دەشێ ڕێبازی کلاسیزم بۆ شیعرەکانی نالی و هاوچەرخەکانی هەڵبژێرین، ئەودەم ئەم ناولێنانە تەنیا نالی و سالم و کوردی ناگرێتەوە، بەڵکو خانای قوبادی و مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و هتد… دەگرێتەوە. ئەگەر ئێمە ئەمەمان قبووڵ بێ، دەبێ هەموو بەرهەمێک بگرێتەوە کە بە تێپەڕینی کات بە نەمریی دەمێنێتەوە. کەواتە، دەبێ قانیع و بگرە شێرکۆ بێکەسیش دوای چەند ساڵێک بە کلاسیک نێوزەد بکرێن.

کەواتە ڕەگەز و پێکهاتە و فەزای ئەو شیعرانە چۆن دەستنیشان بکرێ کە بەرهەمی حوجرەکانی کوردستانن؟

٢-شیعری حوجرە: پێناسەیەکی دیکە

ئەگەر لە شێوە و ناوەڕۆکی ئەو شیعرگەلە ورد بینەوە کە لەژێر سایەی قەڵەمڕەوی بابانەکاندا سەر هەڵدەدا، ئەوە دەشێ بە “شیعری حوجرە” نێوزەدی بکەین. لە لایەک ئەم جۆرە شیعرە “سێکوچکەی بابان” تەی دەکات و تەنانەت مەحوییش دەگرێتەوە، بەڵکو دواتر هەموو شیعرێک دەگرێتەوە کە ئەو خەسڵەتانەی بەسەردا بسەپێنرێ کە لێرەدا دەیانخەینە ڕوو. دەستپێک، شیعری حوجرە لەژێر چەتری مەعریفەکانی حوجرەدا بەرهەم دێ.

لە ڕووی کێشوسەرواوە، بەکارهێنانی کێشی عەرووز دەبێتە فۆرمی جێگیری ئەم جۆرە شیعرە، کە خودی ئەم ڕەوانبێژییە بەشێکە لە بەرهەمی مەعریفەی حوجرە. بەلاغەی حوجرە بەرنامەی خوێندنی فەقێیانە، واتە کولتووری فەرمیی حوجرەیە کە لە لایەن ئەحمەدی فەراهیدییەوە ڕەسموڕێساکانی بۆ دیاریی کراوە؛ لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە، ئەم دەقانە لە یەک سەرچاوەی مەعریفییەوە کەرەسە شیعرییەکانیان دەقۆزنەوە. مەبەست لە سەرجەم ئەو کتێب و ئەدەبیاتانەن کە لەو سەردەمە و دواتریش دەبێتە بەرنامەی حوجرەی فەقێیان. باڵادەستیی ئەدەبیاتی فارسیی و زانستی کەلام و سۆفیگەریی و صەرف… و نەحو و هتد دەبنە بنەما و زەخیرەی کولتووریی شاعیرانی ئەو قۆناغە. ئێمە ئەم زەخیرەیە بە “توێژی بنەما” نێوزەد دەکەین، واتە ئەو توێژەی کە وەکو بناغە دەبێتە ئەو زەمینە کولتوورییەی کە ئەم شیعرەی لێوە دەڕسکێ. توێژەکانی سەرەوەش پەیوەستن لە لایەک بە سەلیقە و بەهرە و کارەکتەر و تایبەتمەندییەکانی شاعیرەوە، لە لایەکی دیکەش پەیوەستن بە ترازانی شیعری یان بە “لادانی شیعری” (ژان کۆهن: بنەماکانی شیعر)، پەیوەستن بە وێنەدەستەمۆنەکراو و ئازادیی خۆڕسکییەوە، ئەوەی نالی لە کوردی و کوردی لە سالم جودا دەکەنەوە. بە واتایەکی دیکە، سەلیقە و کەسایەتی و کارەکتەر و لێهاتوویی خودە جیاوازەکانە کە دەستڕەنگینیی شاعیرێک لە شاعیرێکی دیکە جیا دەکاتەوە. شاعیری حوجرە هەڵوێست بەرامبەر بە قۆناغی خۆی، مەعریفەی پێش-خۆی وەرناگرێ، هەندەی شاعیرە هەندە ڕەخنەگر نییە، هەندەی ئاوازێکی هارمۆنییە هەندە جیهانێکی دیکەمان بۆ نائافرێنێ.

دەشێ توێژی خوارەوە، توێژی بناغە، بە بازنەیەکی داخراوی بچوێنین؛ ئەم بازنە داخراوە لە تەماسدا نییە لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا، بەڵکو لە تەماسدایە لەگەڵ هاوچەشنەکانی خۆی. وەکو ئەوەی کردەی شیعری دەخوازێ، ئەم هاوچەشنانە وێنەی کۆپیکراو نین، بەڵکو تەفسیری جودان بۆ یەک ئاواز. وەک ئەوەی سەمفۆنیای نۆیەمی بێتهۆڤن لە لایەن دە مۆسیقاژەنی جیاوازەوە لێک بدرێتەوە و نمایش بکرێ؛ ئاوازەکە یەک ئاوازە، بەڵام هەستکردن بە سەمفۆنیاکان و تەفسیرەکان جودان، گوێگر لە هەمان کاتدا، گوێی لە یەک شت و لە شتی جیاواز دەبێ. شیعری حوجرە تەفسیرە جوداکانی یەک ئاوازن.

ئەو مشتومڕ و بگرەوبەردانەی کە لەناو فەزای حوجرەکاندا دەکران لەنێو ئەو بازنە دەمداخراوە ئەنجام دەدران، دواتر هەر بەو کەرەسانەش وێنەی بەلاغی و وێنەی شیعریی و هەستیاریی دەگمەن و دانسقە دەئافرێنن کە دەرهاویشتەی ئەو کولتوورە باڵادەستە و زاڵەن. لەنێو ئەو بازنە دەمداخراوە دەق بە بارگەی شیعریی ئاوس دەبێت و دواتریش دەیەوێ بە زمانی ئاماژە و ئیحا خۆی لە جەبەرووتی کات و شوێن ڕزگار بکا، یان لەگەڵ کاتدا لە ڕەوتدا بێ.

شاعیری حوجرە شاعیری کتێبە زیاتر وەک شاعیری ئەزموونەکان بێ، بۆیە پەیوەندیی شاعیر لەگەڵ زمانی عەرەبیدا، هەر لە دووتوێی کتێبەوە ئەنجام دەدرێ، کتێبەکان سەرچاوەی فێربوونی زمانن نەک ئاخاوتن، بۆیە پەیوەندیی شاعیری حوجرە لەگەڵ زمانی عەرەبیی کتێبییە، پەیوەندیی لەگەڵ زمانێکی زیندوو نییە، بەڵکو پەیوەندی ئەو لەگەڵ زمانی تیۆلۆژیایە. بۆ نموونە سالم، زۆر بە لێوەشاوەیی تێرمی “غضنفر” لە جیاتی “اسد” بەکار دەهێنێ، هەرچەندە وشەی یەکەم لە زمانی عەرەبیدا بەرەو کاڵبوونەوە و نەمان دەچوو. ئەمە بۆ موفرەدە فارسییەکانیش ڕەنگە هەر ڕاست بن. هەڵبژاردنی وشە هەندێ جار لە لایەن ڕەنگ و دەنگەوە دیاریی دەکرێ.

تەنانەت چەمکی جوانییش چەمکێکی ئایدیالیزەکراوە، بۆیە دەبینین جوانیی ئافرەت وەک ئارکێتیپ ئایدیالیزە کراوە کە لە هەموو کەسایەتیی تاکانەی خۆیی پاک کراوەتەوە. ئەم جوانییە هاوتەریب لەگەڵ ئەو جوانییە خەیاڵییە دەوەستێ کە لە ئەدەبیاتی ئایینییەوە دەستگیریان دەبێ کە بە بەربڵاویی لەنێو هەموو ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا بڵاو بووبووەوە، بە تایبەتی شیعری سۆفیگەری. دەشێ سەرچاوەکان هیی پێش ئیسلام بن، جا چ عەرەبی بن یا چ فارسیی، بەڵام بە تێپەڕینی کات دەبنە پێکهاتەیەکی ئۆرگانیکیی، لەنێو پێکهاتە شیعرییەکان وەکو گەنجینەیەکی هاوبەش ئەژمار دەکرێ. ئەم نا-کەسایەتییە لەگەڵ “نا-کەسایەتیی” شاعیر هاتەریب دەوەستێ، خوێنەر دەتوانێ پەنا بۆ دوادێڕەکانی شاعیرانی ناوبراو بەرێت تاکو سەرنج بدا ئاوێتەبوونی خودی شاعیر لەناو خودێکی شیعرییدا تا چ ڕادەیەک تواوەتەوە.

بە شێوەیەکی ڕەها، شاعیر ناوی خۆی یا نازناوی خۆی دەترنجێنێتە دوادێڕی شیعرەکەوە و دەبێت بە بەشێکی ئۆرگانیکیی دەقەکە؛ ئەم تەقلیدە وەک تەقلیدی هونەرەمەندانی پلاستیکیی لێ دێ کە لە خوارەوەی تابلۆکانیان واژووی ناوی خۆیان یا نازناوی خۆیانیان دەکرد، بۆ ئەوەی، لە لایەک نەمریی بدا بە دەقەکەی و لە لایەکی دیکەشەوە تا لە دەقی شاعیرانی دیکە جیای بکاتەوە و لە ونبوون ڕزگاری بکا، بە تایبەت لە سەردەمێکدا، کە هێشتا چاپخانە نەبوو و نامیلکەی شیعریی چاپ نەدەکرا و هەر بە دەستنووسیی بڵاو دەبووەوە.

ئەگەر سەرنجی ئەو “واژووکردنانە” بدەین ئینجا لە کەسایەتیی شیعریی شاعیر تێدەگەین. دەتوانین لە شووناسی شاعیر بگەین. هەر بۆ نموونە، نالی لە هەمان کاتدا خۆی وەکو غولام و وەکو شاهـ دەبینێ: “نالی کە غوڵامی مەدەدی زوڵف و برۆتە/ شاهێکە لە بن سایەیی باڵی دوو هۆمادا.”

ئەم خوێندنەوەیە بۆ سالم و کوردی و تەنانەت مەحوی و شاعیرانی دیکەش ڕاستن. ئاوێتەکردنی “کەسێتیی شاعیر” لەنێو دەقی شیعریدا یەکێکە لەو خەسڵەتانەی کە شیعری حوجرەی پێ دەناسرێتەوە. چونکە ئێمە لە قۆناغێکی مێژوویی سەردەمێکدا دەژین هێشتا “تاک” وەکو تاکێکی پرسیارکەر و ڕەخنەگر پێ نەگەیشتووە، ئەم پێنەگەیشتنە پەیوەندیی بە زیرەکیی و لێهاتوویی و سەلیقە و ئاگایی شاعیرەوە نییە، بەڵکو “تاک” وەکو خودێکی جیا کە لە توانایدا بێ بە تەواویی سنووری تاکێتیی خۆی لە کۆمەڵگەدا جیا بکاتەوە، هێشتا گەڵاڵە نەبووە. ئەم پێنەگەیشتنە پەیوەستە بەو جیهانبییە ناوەکییەی کە مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە لەسەری کۆکن، پەیوەستە بەوبناغەیەی کە “ئوممە”ی ئیسلامیی لەسەر بنیات نراوە و توێشووی مەعنەویی میرنشینی بابانە. تاک لە کۆمەڵگەی میرنشیندا سەر بە خێڵە و خێڵیش سەر بە “ئوممە”یە. زمانی نەتەوەیە وەکو فڵچەی هونەرمەندی پلاستیکی ڕەنگەکان تێکەڵ دەکا و لەسەر کانڤاسەکە دابەشی دەکات. شاعیر دەیەوێ زمانی زکماکیی خۆی بەکار بهێنێ، چونکە هیچ ڕێگرێکی یاسایی، شەریعەتیی ئەمەی وەکو کۆسپ نەبینیوە. تەنانەت، کورد بە زمانی دایک، سەدان ساڵ پێشتر شیعری بە زمانی زکماکیی خۆی نووسیوە.

ڕاستە، لەژێر قەڵەمڕەوی بابانەکاندا، نووسین بە زمانی دایک بە هەنگاوێکی گرنگ دەژمێردرێ و زەمینەخۆشکەرە بۆ ئەوەی زمانی زکماک بۆ ئاستێکی باڵای هونەری بەرز ببێتەوە، تەنانەت بگاتە ئەو ئاستەی کە تەنانەت شاعیران شانازیی بەوەوە بکەن کە بە زمانی کوردی شیعر دەنووسن و شانازیی بەم هەڵبژاردنە دانسقەیەوەش بکەن. (بڕوانە نالی: کەس بە ئەلفازم نەڵێ…)

ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم هەڵبژاردنە تەنیا لە ئاستی تاکەکەسدا دەمێنێتەوە و نابێ بە زەمینەسازییەک بۆ ئەوەی مشتومڕی زمانەوانیی لێ پەیدا ببێت و بیر لەوە بکرێتەوە کە چۆن ئەو زمانە بۆ ئاستێکی دیکە بەرز بکرێتەوە تا بچێتە نێو کایەکانی فەرمانڕەواییەوە، واتە لە زمانی هەستەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی تێگەیشتن و هۆشیاریی و دواتریش وەک زمانی فەرمیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و ببێ بە زمانی دیوان. تاقەشت لەو قۆناغە بیری لێ دەکرێتەوە ئەوەیە کە کورد دەتوانێ لە جیاتی زمانی عەرەبیی و فارسیی و تورکیی، شیعر بە زمانی کوردی بنووسێ و زۆر جار بە چوار زمانیش “ئەسپی شیعرییان تاو داوە”. زمانی کوردی دەبێ بە زمانی شیعر بەڵام ناچێتە ئاستی بیرکردنەوە بەو زمانە. چونکە تەنیا بیرکردنەوە لە ڕێگای زمانی کوردییەوە ڕێگەخۆشکەرە تا تاکی کورد بیر لە سنوور و شووناسی تاکییەتیی خۆی بکاتەوە (وەک تاک/ وەک نەتەوە). کاتێک ئێمە بە زمانی زکماک بیر دەکەینەوە، واقیعی خۆماڵی دەبینین: کۆمەڵایەتی، سیاسی، پەروەردەیی، زمانەوانیی هتد… ئەم گواستنەوەیە کە میللەتان لە گۆرانییەوە بۆ پەخشان دەگوازنەوە. لە هەستەوە بەرەو هۆشیاری.

بۆچی شاعیرانی حوجرە بیریان لەم خاڵە جەوهەرییە نەکردووەتەوە؟ بێگومان، ئەمە بیرنەکردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دنیا زیهنییەی کە جیهانبینیی ئەوانی پێ خەمڵاوە، بە واتایەکی دیکە ئەو مەعریفە بازنەییە تاک بە دیدێکی نەگۆڕەوە دەبەستێتەوە، نەگۆڕیی ئەم دیدە دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و سێسەد ساڵی لەوەوبەر؛ ئەو دیدەی کە تەفسیری مرۆڤ و دەوروبەرەکەی بە شێوەیەکی یەکجارەکی و بڕاوە کۆتایی پێ هێناوە. شەرحی پەیوەندییەکانی مرۆڤی بە مرۆڤەوە بە وردیی بەیان کردووە، پەیوەندیی مرۆڤی بە خوداوە ڕاڤە کردووە و مرۆڤی لەناو کاتێکی دیاریکراویشدا پێناسە کردووە و هەموو وردەکارییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ژنومێردایەتی، ئەرک و مافەکان، ئەخلاق و سنوورەکانی مرۆڤی لەناو فەزای گشتیی و فەزای داخراودا دەستنیشان کردووە. ئەو “لادانە” زمانەوانییانەی کە لەنێو شیعردا بەرجەستە دەبوو، لە توانایدا نەبوو ئەم جیهانە زیهنییە نەگۆڕە بجووڵێنێ.

نموونەی ئەم جیهانبینییە گشتییە لە لای هەموو شاعیرانی ئەو قۆناغە وەکو یەک ڕەنگیان داوەتەوە، کەس نەیتوانیوە سنوورەکانی ببەزێنێ. بۆ نموونە ئەم دەستەواژانە کە لە شیعرەکانی سالم وەرمانگرتوون دەشێ بیدەینە پاڵ کوردی یان نالی یان مەحوی: وەکو: جیفەیی دونیا، نەفسی ئەمارە، پەری چیهرە، طەریقی عیشقت، دەهری دوون، کاشفی ئەسرار، یادی وەصڵ، ئوستادی ئەیووب، ظوڵمەتی زوڵف، قافڵەی صەبر، تەندووری فیراق… هتد، هەروەها موفرەدەگەلێک کە هەموو شاعیرانی حوجرە بەکاریان هێناوە، وەکو: زاهید، خەڵوەت، مەرتەبە، شوعلە، فیراق، میحنەت، وجوود، گوناهـ، جەذبە، زوڵف، صەحرا، گەدا، تەوبە، یەڵدا، مەست، غەفڵەت، شەیتان، یووسف، یوونس، حوری، قیسمەت، قەبر، غیلمان، وەثەنی، ئەبروو، هیلال، مەهـ، تەنوور، خاڵی هیندوو، یاقووت… هتد.

ئەم موفرەدە و دەستەواژانە لە یەک سەرچاوەوە وەدست دەهاتن: ئەویش زەخیرەی حوجرە بوو؛ لە گەنجینەی ئەدەبیاتەکانەوە تا دەگاتە بەشە “زانست”ەکانی دیکە. هەروەها، هەر هەمان ئەم دەستەواژە و وشانە، نەک تەنیا لە ئەدەبیاتی فارسیدا بە زۆر و زەوەنی بەکار هاتوون، بەڵکو بەشێکیش بوونە لە زەخیرەی “عیلمی تەسسەوف” کە مەولانا خالید و پێشتریش لەنێو ئەدەبیاتی “قادرییەکان”دا ڕەواجی هەبووە. لە ڕێی ئەم کەرەسە و زەخیرە ڕۆحییانەوە، شیعر بەرجەستە دەکەن. شاعیر بەبێ پرسیار ئەمەی قبووڵە.

ئەم قبووڵکردنە ڕەهایە بواری نەڕەخساندووە تا شاعیر ئەم مەعریفەیە بخاتە ژێر پرسیارەوە، تا گومان لە ماهییەت و بەهاکانی بکا، کەس نەهاتووە لەگەڵ مەعریفەیەکی دیکەدا بەراوردی بکا، کەس بیری لە ئاسۆیەکی مەعریفیی دیکە نەکردووەتەوە. کولتووری حوجرە وەکو ئاوێنەیەکە تاکو زیاتر سەیری خۆمان بکەین، زیاتر خۆمان دەبینین.

کەلەپووری مەولانا خالید دەبێتە ئەو مەڵبەندە مەعریفییەی کە سالم زۆر بە وردیی باس لە گرنگیی دەکات و دەنووسێ:”

لە عەرصەی ئەوجی عیشقت، بازی دڵ هەڵسا لە دەورانا

بە بەرقی پەرتەوی حوسنت، پەڕی سووتا لە طەیرانا

لە ڕۆژی ئیمتیحانا دیم بەرامبەر ڕوئیەتی مەعشووق

کەمەربەستەی هونەر هاتن لە تیپی عیشقبازانا

لە لایەک نالی و مەشویی، لە لایێ سالم و کوردی

لە هەنگامەی هونەرگەرمی، تکاجۆ بوون لە مەولانا (دیوانی سالم، ل: ١٣١)

“مەشوی” نازناوی یەکەمی مەحوی بووە، پێش ئەوەی دوو جار مەحوی بە یەکجارەکی هەڵبژێرێ.

کرۆکی ئەم جیهانبییە تەنیا هیی کۆمەڵگەی میرنشینی بابان نەبووە، بەڵکو بەشێکە، یا کرۆکی ئەو جیهانبینییە کە ئیسلامی شافیعی پێشنیاری کردووە و کۆڵەگە و ستوونەکانی لەسەر ئەو پێگەیە دامەزراندووە. جەختکردن لەسەر بەشافیعیبوونی ئەم جۆرە ئیسلامە هەڵگری دەلالاتی تایبەتی خۆیەتی. ئەم بە شافیعیبوونە شووناسێکی کۆکتر و پتەوتر و ڕەگهاژووتر بووە لەوەی کە شاعیرانی ئەو سەردەمە تەنیا خۆیان بە کورد زانیبێ. بەرامبەر بە ئەوی تری عەرەب و فارس و تورک شووناسی منی کورد دیاریی دەکرێت، کەچی دەبینین لە شیعرێکدا، کاتێک سالم باسی چوونی خۆی بۆ ئێران دەکات، لە دەقی “ئەلویداع”دا بە وردیی پێداگریی لە ئەوی تری ئێرانیی “شیعەمەزهەب” دەکات زیاتر لەوەی باسی ئێرانیی فارسیزمانمان بۆ بکات. بەم پێوەرە بێ سالم خۆی وەکو سوننی- شافیعی مەزهەب زانیوە نەک وەکو کورد؛ بۆ نموونە:

موستەعیدم بۆ بیلادی ڕافضی

الوداع ئەی ئەهلی ئیمان، الوداع (دیوانی سالم، ل: ٣٩٨)

ئەم دوو دێڕە هەڵگری پڕۆژەیەکی شووناسگەرامان بۆ یەکئاڵا دەکاتەوە. هەر ئەمەشە کە “خود”ی شاعیر، یان خود لەو کۆمەڵگەیەدا، هێشتا بە تەواویی پەی بە کوردێتیی خۆی وەکو یەکەیەکی جودا لەو نێوەندە نەبینیوە. کاتێک ئەو وەکو “ڕافیزیی” دەبینرێ، کەوایە من خۆم وەکو موسڵمانی شافیعیی، سوننەمەزهەب بینیوە. کاتێک ئەمڕۆ باسی ڕۆژئاوای کافر دەکرێ، کەواتە من خۆم وەکو موسڵمانی ڕۆژهەڵات پێناسە کردووە.

ئەو خودە هێشتا، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەناو ئوممەتی سوننیی تواوەتەوە، “منی کورد” تەنیا لە ئاوێتەبوونێکی شیعریدا خۆیمان بۆ ئاشکرا دەکات و بۆ ئاستێکی هۆشیاریی دیکە بەرز نابێتەوە و تەنانەت ناچێتە نێو بواری پرسیارکردن لە شووناس و ماهییەتی تاک. ئەم پرسیارکردن و سۆراغکردنەیە کە زەمینە بۆ نووسینی پەخشان خۆش دەکات. پەخشانێک تەنیا لە ئاستی شیعرییەتدا نەمێنێتەوە، بەڵکو پرسیارگەلی زیندەیی دەربارەی بوون و مرۆڤ، دەربارەی کایە زانستیی و کۆمەڵایەتییەکان، دەرباری سنووری ئەو بوونە بورووژێنێ و بیر لە بوونی خۆی لە جیهاندا بکاتەوە. بەشداریی خۆیمان بۆ ساغ بکاتەوە، نەک تەنیا لە ئاستی ئیماندا، بەڵکو لە ئاستەکانی دیکەی ژیانیشدا.

مرۆڤ لە دیدی ئەدەبیاتی حوجرەدا، مرۆڤێکە گشتێندراوە؛ ئەدەبیاتی ئیسلامیی بە هەزاران کتێبی لەسەر ئەم گرفتە میتافیزیکییە نووسیوە و مرۆڤ بوونەوەرێکە تەنیا لە “مەشەققەت”دا دەژی، تەواو بەرامبەر بە “والعصر ان الانسان لفي خسر” (سوورەتی عەسر، ئایەتی ١ و ٢) دەوەستێ، کەواتە ئەم سەرزەوییە زیندانێکی بەرینە، سزای مرۆڤی دوای دەرکردنێتی لە بەهەشتی عەدەن، ئەم وێناکردنە زۆر بە ڕوونی لە لای شاعیرانی حوجرە، بە پلەی جیاواز دەردەکەوێ:

سالم دەنووسێ:” عەجائیب صەعبە عومری ئەهلی دنیا

لە ئەووەڵ دەردی سەر، ئاخر مەشەققەت (دیوانی سالم، ٢٣٦)

یان

لە دونیا ڕاحەتی قەت نابێ بۆ کەس

خەیاڵم بێ لەناو قەبرا فەراغەت (دیوانی سالم، ل: ٢٣٦)

ئەگەر نەزانین ئەم دوو دێرە هیی سالمـە، بە ئاسانی نەک تەنیا دەدرێتە پاڵ مەحوی تەنانەت زۆر بە ئاسانیی لەنێو فەرموودەکانی سەحیحی بوخارییشدا هاویارەکانی دەدۆزرێتەوە. شاعیری حوجرە باسی “تیپی” مرۆڤ دەکات. مرۆڤ نەک تەنیا مەحکومی کات و شوێنە، بەڵکو لەژێر ڕکێفی زیهنییەتێکی زاڵیشدا دەژێ. لە هیچ دێڕێک، شاعیر باسی ئازادیی تاک، باسی ئیرادەی تاک ناکات، لە هیچ شوێنێک وەک ڕەخنەگر بەرامبەر بە مەعریفەی باو پەڕەمووچ هەڵناگرێ. هەندەی بیر هاوئاوازیی و هارمۆنیی قەسیدە دەکاتەوە هەندە خۆی بۆ یاخیبوون لە دۆخی سەپاو تەیار ناکا، هەندە بیر لە لەنگیی و نالەنگیی کێش دەکاتەوە، هەندە بیر لە تێکشکاندنی زمان لە ناوەوە ناکاتەوە. شاعیری حوجرە هونەرمەندێکی بلیمەتە لەم ڕووەوە، بەڵام بلیمەتێکە لەنێو چاخێکی نەبزێودا.

شیعری حوجرە لە فەزایەکی داخراودا گەشە دەکات، هەڵگری پرسیاری وجوودییە، بەڵام بیر لە جەدەلییەتی تاک و کۆ ناکاتەوە، ڕەخنەگر نییە، بەڵام وەکو هونەرمەند ئیش لەسەر ئەڵماسی دێڕەکانی دەکات، مەعریفە ناخاتە ژێر پرسیارەوە و لەنێو پێرسپێکتیڤی کاتدا ئیش ناکات، بۆیە بە هیچ جۆرێ ناشێ شاعیری حوجرە بە شاعیری “ڕێنێسانس” نێوزەد بکرێ هەر وەک دکتۆر مارف خەزنەدار ئاماژەی بۆ دەکات. ئەم فەزا داخراوەدا پەیوەندیی لەگەڵ ئەوی تردا نییە، ئەوی ترێک کە شووناسێکی جیای هەبێ، سەر بە ڕەگەز و ئایینێکی دیکە بێ و لە سنوورێکی جوگرافیای دیکەوەوە هاتبێ. شاعیری حوجرە بەراوردکار نییە. ئاییندە لە لای شاعیرانی حوجرە بوونی نییە، تەنیا مەگەر ئاییندەیەکی خەیاڵیی نەبێ، ئەویش گەیشتنە بە مەحبووبە. بە جۆرێک لە جۆرەکان، هاوسەنگیی موتڵەقی دێڕەکانی شاعیر، گوزارشت لە نەبزێویی موتڵەقی کات دەکا.

بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئەم فەزا داخراوە لە دەرەوەی کاتدایە، یا لەناو کاتێکی وەستاودایە، هەر بۆ نموونە، ئەگەر سەرنجی چەمکی کات لەناو ئەو جۆرە شیعرانە بدەین، هەست دەکەین کات تووشی مەیین هاتووە. کات لە یەک ڕەهەندا بوونی هەیە. ئێستایەکی نەبزێو و لە ڕابردوو و ئاییندەیەکی وەهمیدا. مرۆڤ لە ئێستایەک و ڕابردوویەک و ئاییندەیەکی دینامیکدا ناژێ، بەڵکو لە ڕابردوویەکی درووستکراو کە لە ئادەمەوە دەست پێ دەکات و لە ئاییندەیەکیش کە بە ئاخیرەت وێنا کراوە، کۆتایی دێ. دوێنێ لە زەینی شاعیردا، دوێنێیەکی خوازراوە، سبەینێ یا مەشققەتە یا بە وەصڵی یارێکی وەهمیی کۆتایی دێ. لە جەوهەری ئەم ململانێیەدا، کات نەبزێو و وەستاوە. ئەم چەقبەستنی کاتە وا دەکات کە مێژوو، ئەگەر بە تەواوی کوێر نەبووبێتەوە، ئەوە لە پەراوێزی ئەو چالاکییە ئەدەبییانەدا ئەژمار دەکرێ.

کاتێک نالی یان سالم، تەنانەت مەحوییش دەخوێنینەوە، هەست ناکەین ئێمە لەناو کاتداین، بەڵکو لەناو ناکاتداین، غیابی ئەم چەمکە ڕەنگە دیوێکی ئەرێنیی ببەخشێتە دەقی شیعریی کە لە دواپێناسەدا، ئەوەمان پێ بڵێ کە شیعر “دروستکەری زەمەنی خۆی” بێ، بەڵام لە دەرەوەی ئەم پێناسەیەشدا، ئەم چالاکییە ئەدەبییە دەخاتە دەرەوەی کاتەوە. کات لە لای شاعیرانی حوجرە لە خەلقەوە بۆ لەناوچوونی خەلق، لە لەدایکبوونەوە دەست پێ دەکات و بە گۆڕ کۆتایی دێ. ئەوەی مرۆڤ دەجووڵێنێ، خودە بکەرەکان نییە، بەڵکو هێزێکی دیکەی دەرەکی هەڵیاندەسووڕێنێ، تەنانەت گەیشتن بە یاریش دەچێتە نێو ئەم گەمە سەرسووڕێنەرەوە. “قیسمەت و چارەنووس” مرۆڤ لە شوێنێکی دیکەوە دیاریی دەکەن.

شیعر هەمیشە لە “ئێستا”یەکی نەبزێودایە، لەناو حیکمەتێکی نەگۆڕدا ئیش دەکات، زۆرجار جێگای قسەی نەستەق لە “ئێستا”یەکی ئەبەدیدا دەگرێتەوە، حیکمەتێک کە حوکمی بەسەر ڕابردوو و ئاییندەدا هەیە. مرۆڤ خۆی بۆ ئاییندەی سەرزەمین ئامادە ناکات، بەڵکو بۆ ئاییندەی یەزدانیی. سبەینێی مرۆڤ سبەینێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو سبەینێکی قەدەرییە.

ئەم حەقیقەتە نەبزێوانە ئیش لە ناوەوە و لە دەرەوە و لەژێرەوە و لە سەرەوەی ئەم دەقگەلە ئیش دەکەن. مرۆڤ لە لای مەحوی و لە لای سالم و لە لای کوردی و لە لای نالی یەک مرۆڤن، خاوەن یەک ڕەهەندن. ئێمە ناتوانین ئەزموونەکان لەم ڕووەوە لە یەکتر جودا بکەینەوە. ئەزموونی مرۆڤ دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ئەزموونی خوداوەندەوە. کاتی ڕاستەقینە بە دەست خوداوەیە، مەحوی زۆر بە وردیی باسی “بولوەقت” دەکات، واتە سەردار و سەروەریی هەموو کاتەکان هەر خودی خودایە. مرۆڤ خاوەن ئەزموون نییە و خودی مرۆڤ ئەم ئەزموونە دیاریی ناکات و هۆشیاریی لەمەڕ ئەو ئەزموونەوە نییە، چونکە خۆی بکەری ئەزموونەکانی خۆی نییە، بەڵکو ئەویش وەکو هەموو مەخلووقێکی چارەنووسی لەسەر “لەوحی مەحفوزدا”دا هەڵکۆڵراوە.

لە دواپێناسەدا، کات و خودا یەک شتن؛ ئەمە جەوهەری شیعری حوجرەیە. کات تێدەپەڕێ، بەڵام مرۆڤ هەر ئەوەیە کە خودا دروستی کردووە، لە توانایدا نییە ئەم سنوورە تەی بکا، لە توانایدا نییە ئەزموونی تایبەتیی خۆی وەکو تاکێکی ئازاد بنووسێتەوە. ئەم سنووربەندییە لە ئاستی جیاجیادا لەنێو شیعرەکاندا دەردەکەوێ، بەڵام وەکو ئەو جۆگەلە ئاوەن کە هەندێ جار لا دەدەن، بەڵام دواجار دەڕژێنە یەک دەریاوە. چونکە سەرچاوەکان یەک سەرچاوەن. ئا لەم سۆنگەیەوە ئێمە بیر لە “مەعریفەی تاکڕەهەند” دەکەینەوە.

ڕەنگە تێگەیشتن لە کات سنووری مەعریفەی چەقبەستوو و مەعریفەی کراوەمان بۆ دیاریی بکات، هەر لەم تێگەیشتنەشەوە سەرجەم چەمک و بۆچوونەکان گەڵاڵە دەبن، کاتێک مرۆڤ وا هەست دەکات کە لە دەرەوەی کاتدایە، بە شێوەیەکی سروشتی خۆی لە دەرەوەی خۆدروستکردنەوە دەبینێ. ئەمە یەکێکە لەو کەلێنە هەرە لەبەرچاوەکانی مەعریفەی حوجرە، چونکە مرۆڤ خەریکی خۆدروستکردنەوە نییە، بەڵکو هەوڵی “کامڵبوون” دەدا، مرۆڤ لە نەقسەوە بەرەو کەماڵ هەنگاو دەنێ. پڕۆسەی “کامڵ”بوون، پەیوەندیی بە کاتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە ڕۆحی مرۆڤەوە هەیە، دەچێتە نێو بیرۆکەیەکی میتافیزیکیی و دەروونییەوە. هەوڵدان بۆ کامڵبوون مرۆڤ بەرامبەر بە ئاوێنەی “خودێکی غایب” دادەنێ، خودێک مودێلەکەی لە ڕابردوودایە و دەیەوێ تەحقیقی بکا، ئەم پڕۆسەیە لە شیعری تەسسەوفدا دەگاتە چڵەپۆپە، بەڵام ئەم کەرسە شیعرییە هاوبەشە لە نێوان شاعیرانی حوجرە. شیعر لە دەوری چەمک و موفرەدە و دەستەواژەی زانستی تەسسەوفدا دەخولێتەوە. مەعریفەی باڵادەست ئەو مەعریفەیە کە کار لەسەر مرۆڤەکان دەکا و هەر لەم سۆنگەیەشەوە مشتومڕی مرۆڤی کامیل و مرۆڤی نوقسان دەلالاتەکانی وەردەگرێ. زاهید و سۆفی درۆزنە بەرامبەر بە زاهید و سۆفی ڕاستەقینە، ئەمە مشتومڕی بنەڕەتیی مەعریفەی ئەو قۆناغەیە.

مرۆڤ “گوناهبارە” دەبێ ئەمەی قبووڵ بێ با هیچ گوناهێکیشی نەکردبێ، مرۆڤ لە دواپێناسەدا “هیچی پێ ناکرێ” با خاوەن توانا و ئیرادەش بێ، ئەمە ناوەڕۆکی ئەو ڕێنماییانەیە کە مەولانا خالید ئاراستەی موریدی خۆی دەکات کاتێ بانگهێشتی دەکات بۆ ئەوەی خۆی پاک بکاتەوە. (یادی مێردان، ل: ٣٦١)

بۆیە، لەم دیدەوە، چەمکی پەروەردە، چەمکێکی ڕۆحانییە زیاتر وەک لەوەی چەمکێکی کۆمەڵایەتیی بێ کە لە زانستی تەسسەوفدا بە “ڕیازییات” ناوی دەبرێ. مرۆڤ خۆی بەرامبەر بە خودا پەروەردە دەکات و بۆ خودا خۆی ئامادە دەکات. “ئاقیبەت مولاقاتی خودایە” بنەمای مەعریفەی ئەو سەردەمەمان بۆ ئاشکرا دەکات. سەرجەم ئەم ڕەگەز و چەمکانە لە دەرەوەی چاخی ڕێنێساسن. لە بەشی یەکەمدا، چەند لاپەڕەیەکمان بۆ ئەم پرسە تەرخان کرد و بینیمان چۆن جیهانبینیی لە قۆناغی ڕێنێسانس/ سەدەی شانزەمی فەڕەنسادا، خۆی لە مەعریفەکانی چاخەکانی ناوەند جیا دەکاتەوە. لە قۆناغی ڕێنێسانسدا، نەک تەنیا مرۆڤ دەبێتە چەقی گەردوون، بەڵکو بەرەو مەعریفەی پێش مەسیحییەتیش کرانەوە بەدی دەکرێ، مێتۆدی ڕەخنەیی دەستبەکار دەبێ، لە ڕێگای زمانی بیانییەوە پڕۆسەی بەراوردکاریی ئەنجام دەدرێ. پێداچوونەوە بۆ پڕۆسەی پەروەردە و ڕۆڵی ئایین و گرنگیدان بە دەرەوە و ناوەوە، لەش و ڕۆح، عەرد و ئاسمان ڕەگەزگەلی گرنگن لەم کۆششە. بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە و سەرنجدان جێگای ئەزبەر و لەبەرکردن دەگرنەوە. بەراوردکردن دەبێتە سەنگی مەحەک نەک قبووڵکردن. پێداگریی لە پەروەردەکردنی منداڵ دەکرێ تا ببێ بە تاکێکی چالاک بۆ ئەوەی ببێ بە میرێکی ڕۆشنبیر و لە توانایدا بێ فەڕمانڕەوایی وڵاتێکی وەکو فەڕەنسا، یا هەر وڵاتێکی دیکە بکا. بۆیە، ڕابلێ دوو نموونەی میرمان بۆ دەکێشێ: میری سەردەمی دەرەبەگایەتی و میری سەردەمی ڕێنێسانس. دوو نموونە جیا بۆ دوو سەردەمی جیا. میری سەردەمی ڕێنێسانس، ئەو میرەیە بیر لە ئاییندەی خەڵک دەکاتەوە، بیر لە دادپەروەریی زیاتر، بیر لە کار و کایە ئابوورییەکان دەکاتەوە، بیر لە بازرگانیی و گەشەسەندن دەکاتەوە. بە کورتی، وێنای میرێکمان بۆ دەکێشێ کە هەڵگری هۆش و هەستی نەتەوایەتیی بێ و بیر لە بەرژەوەندیی نەتەوە بکاتەوە. بۆیە، سنووری نێوان قۆناغی چاخەکانی ناوەند و سەردەمی ڕێنێسانس تەنیا دەرهاویشتەیەکی شیعریی و ئەدەبیی نییە، بەڵکو جهیانبینییەکی تەواو جیاوازە.

کەچی، ئەگەر بڕوانینە ئەو بەرهەمانەی کە مەولانا خالید لە “یادی مەردان” بڵاو بوونەتەوە، بە هیچ شێوەیەک هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ چەمکی پەروەردەی کۆمەڵایەتیی، بە بۆچوونی ئەو مرۆڤ تەنیا بە عیبادەتی خودا دەبێتە مرۆڤێکی باش. باش بەرامبەر بە سوودمەند دەوەستێ. ئامۆژگارییەکانی مەولانا بۆ پەیڕەویکردنی شەریعەت کورت دەکرێتەوە بەبێ گوێدانە هەلومەرجی شوێن و کات. لە دواپێناسەدا، چەمکی کۆمەڵایەتیی بوونی نییە، بەڵکو کۆمەڵگە لە تاکگەلێک پێک دێن کە سەر بە “ئوممەن”. کەواتە بەراوردکردنی تاک لەگەڵ تاکێکی دیکەدا تەنیا لەسەر ئاستی گوێڕایەڵیی بۆ شەریعەت کورت دەکرێتەوە. مرۆڤی ساڵح دەبێ لاسایی مرۆڤە ساڵحەکانی پێش-خۆی بکاتەوە. مرۆڤی ئەو قۆناغە بەرامبەر بە مۆدێلێکی نەبزێوی بێگەردی ئیدیالزەکراوی پێش-خۆی دادەنرێ، واتە دەیەوێ لەسەر نموونەی مرۆڤی پێش-خۆی، تەحقیقی زاتی خۆی بکا. چەمکی کات لە شێوەی “فەلەک” دەردەکەوێ، واتە چەمکێکی “خراپ و گەندەڵ”ـە، چونکە جارێک مرۆڤ بەرز دەکاتەوە و جارێکی دیکە دەیدا بە عەردا. ژیان دەورودەورانە، ئەمە حیکمەتێکی ئەزەلییە. مرۆڤ وەکو تاک نەک تەنیا خاوەن ئیرادەی خۆی نییە، بەڵکو خاوەن ئەزموونی تایبەتی خۆیشی نییە.

مرۆڤی بێئەزموون بەرامبەر بە سروشتیش پەیوەندییەکی زەینیی هەیە، تەنانەت تا ئاستی ئەپستراکتیش دەڕوا، بۆیە دەبینین وێناکردنی سروشت، نەک تەنیا زەینییە، بەڵکو سروشتیش نەبزێوە، بەهاران گوڵ دەپشکوێ و خەزان گەڵاکان هەڵدەوەرن. دەتوانین بڵێن سروشت لە شیعری حوجرەدا، “سروشتێکی ئەدەبییە”.

مرۆڤی ئەو سەردەمە سەفەر ناکەن بۆ ئەوەی “ئەوی تر” بناسێ، بەڵکو سەفەرکردن یان بۆ ئەنجامدانی خوێندنە، یا بۆ حەجکردنە، یا بۆ بازرگانییە یا ئەنجامی دەربەدەربوون و ئاوارەبوون و ماڵکاولبوون. بۆیە لە سەفەردا ئەزموونی نوێ پەیدا نابێ. سەفەری سالم بۆ حیللەی باشووری عێراق چیمان پێ دەڵێ؟ تەنیا باسی کەمیی ئەو خزمەتگوازییە دەکات کە خۆی و ئەسپەکەی دووچاری دەبن. تەنانەت ئەوەی بەسەریشی دێ کاری “قیسمەتە” ( دیوانی سالم، لا ٤٣)

حەسرەتا دڵ غافڵە، نازانێ قیسمەت چی دەکا؟

ئەمڕۆ ئێرەم بوو بە مەسکەن، ئاخۆ فەردا کوێم دەبا؟!

تەنانەت چامە درێژەکەی نالی کە لە شامەوە بۆ سالمـی دەنێرێ، باس لە کرووزانەوەیەک دەکا بۆ زێد، بۆ سەردەمێکی وەهمیی دەکا زیاتر وەک بۆ واقیعێکی بەرجەستە، با ئاماژەگەلێکیشی تیابێ بۆ شتە بەرجەستەکان، بەڵام هیچ بەراوردێکمان بۆ وێنا ناکات لە نێوان ئەوێی شام و ئێرەی سلێمانیدا. نالی بە هیچ جۆرێک ناکەوێتە نێو کاری بەراوردکاریی ئێرەوئەوێ، بەڵکو قووتکردنەوەی ئەوێ وەک پنتی جەوهەریی لەو چامەیەدا خۆیمان بۆ بەیان دەکا.

شاعیری حوجرە عاشیقە. بەڵام ئەگەر بێت و عیشق لە دوو ئاستدا خۆی ڕێک بخات، بەڵام سەرجەم ئەو وەسفانەی بۆ باڵای مەعشووق کراون، باس لە جەستەیەکی “موتەکامیل”مان بۆ دەکەن. تەنانەت “خواروخێچیی” چاوی حەبیبەی نالییش، لە پێناو ڕەهای زەینی شاعیردایە. بە پێچەوانەوە، شاعیر پێمان دەڵێ ئەگەر “خێل نەبوایە” نوقسانییەک ڕووی دەدا، بۆیە تەکامولی وێنەی مەعشووق و خودا، ئاماژەگەلێکن بۆ وەسفکردنی وێنەیەکی “موتەکامیل”. چاوێکی خوماریی و زوڵفێکی ڕەش و ئەڵقەئەڵقە و زارێک کە دەبێتە ناوچەیەکی شێدار بۆ هەموو خۆشی و ناخۆشییەکان، لاتیمۆتڤی ئەو شیعرانەن. ناکەسێتیی خودا و ناکەسێتی مەعشووقی وەسفکراو لە کۆتاییدا یەک شتن. ناکەسێتی مەعشووق شووناسی ناکەسێتی بە شاعیر دەبەخشێ.

ڕاستە، عیشق لە دوو ئاستدا خۆی ڕێک دەخات، لە نێوان وەصڵ و فیراق، لە نێوان ئازاری دۆزەخ و بەرەکەتەکانی بەهەشت. شیعری حوجرە لەسەر کڵێشە ئەدەبییەکان ئیش دەکات، بیر لە هاوسەنگیی ڕەها دەکرێتەوە، ڕەهایی لە کێشوسەروا، نەبوونی هیچ لەنگییەک، هاوئاوازییەکی دەگمەن و دانسقە، لە پاڵ سەرجەم ئەو وێنە بەلاغییانەی کە دێن ئەو شیکلە جێگیرە تەواو دەکەن، دنیایەکی باڵا بەرجەستە دەبێ. شیعر بیر لە موتڵەق دەکاتەوە، بیر لە ڕەهایی تەواو و یەکجارەکی دەکاتەوە، بیر لە هاوسەنگییەک دەکاتەوە کە دواجار هەموو دینامییکییەتێکی لێ دەستێنێتەوە. ڕاستە، ئێمە بەرامبەر بە سەنعەتێکی هونەریی باڵادەستداین، بەرامبەر بە هونەری هۆنینەوە و تایبەتمەندیی هەر شاعیرێکین، بەڵام جیهانێکی وەستاو بەڕێوەی دەبا.

ئێمە لەنێو تەونیكین: خودا دەکەوێتە سەنتەری هەموو هاوکێشەکانەوە. ئەم سەنتەربوونە وا دەکات کە هەموو شتێک: بە مرۆڤ و بەرجەستەکانەوە، بە سروشت و دیمەنەکانەوە، بە تێکڕای پەیوەندییەکانەوە، خودا خۆی لە سەنتەردا دەبینێ و تیكڕای بوون لە دەوری ئەم سەنتەرەدا خول دەخوا. یەکێک لە خەسڵەتە هەرە لەبەرچاوەکانی شیعری حوجرە بەسەنتەربوونی خودایە لە هاوکێشەکان، وەکو چۆن، لە چاخەکانی ناوەندی ڕۆژئاوادا، خودا لە سەنتەری بووندایە، بەم جۆرە بە درێژاییی سەدەی نۆزدەم خودا دەکەوێتە چەقی دیدگای مرۆڤەوە. هەر بەم پێیەش “میر” لە چەقی کۆمەڵگەدایە. لە خۆڕایی نییە، جەخت لەوە دەکرا کە “بوونی خودا واجیبە” بەڵام “بوونی مرۆڤ مومکینە” ئەم مشتومڕە فەلسەفییە لە ناوەڕۆکی هەموو مشتومڕەکاندایە. بە واتایەکی دیکە نابێ خودا نەبێ، بەڵام نەبوونی مرۆڤ ئاساییە. بە مانایەکی دیکە ئەگەر “مرۆڤیش نەبوایە” هیچ شتێک بەرامبەر بە وجوودی خودا ڕووی نەدەدا. بوونی خودا سەرەتا و کۆتاییە، مرۆڤە لەو نێوەندە بوونێکی مومکینی هەیە و بەس. بەڵام پرسیاری بنەڕەتیی ئەوەیە: خودا بەبێ مرۆڤ چۆن دەناسرا؟

کەچی لە قۆناغی ڕێنێسانسدا، مرۆڤە دەکەوێتە چەق، واتە پڕۆژەی مرۆڤ لەسەر زەوی دەبێتە کێشەی قۆناغی ڕێنێسانس. ئایین بۆ خزمەتی مرۆڤە، پەروەردە بۆ چاکسازیی مرۆڤە و لە کۆتاییدا لە پێناو گەشەسەندن و بووژانەوەی مرۆڤە. ئا لێرەوە، سەرهەڵدانی مرۆڤی نوێ هەموو هاوکێشە فیزیکی و مێتافیزیکییەکان لەگەڵ خۆی بەرەو قۆناغێکی دیکە وەردەچەرخێنێ.