لە ساختومانە بچکۆلانەکەی مندا

ئەنوەر عەرەب/شاعیری کورد

May 6, 2021

 

ئەنوەر عەرەب، ساڵی ١٩٨٥ لە بۆکان لە دایک بووە و سەری بە شیعر و چیرۆکەوە قاڵە. کەم بڵاو دەکاتەوە. تەنیا یەک کتێبی هەیە و ئەویش چیرۆکەکانیەتی بە ناوی: “لە چاوەڕوانیی پیاوێکی کراس‌زەردی گوڵگوڵیدا”. ئەو لە شیعری “لە ساختومانە بچکۆلانەکەی مندا” لە فەزایەکی جیاوازدا سەرنجێکی شیعری دەخاتە سەر پیاوێک. ئاماژەکانی ناڕاستەوخۆن و خوێنەر پێویستە وردتر سەرنج بدات بۆ ئەوەی دنیای ئەم پیاوەی نێو شیعر، بناسێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

لە ساختومانە بچکۆلانەکەی مندا
ئەنوەر عەرەب

 

 

له ساختومانه بچکۆلانه‌که‌ی مندا
پیاوێک به پرچی په‌رێشان و
دو چاوی ڕژتراو
زراڤی ئه‌نگوستی به له‌ره‌ی لێویدا دێنێ.

 

له ساختومانه شه‌رمینه‌که‌ی مندا
لە ساختومانەکەمدا
ناسەکنێ پیاوێک لە ژوورەکەیدا
تاوێک بەرەو لای په‌نجه‌ره ده‌چێت و دڵ به زه‌نازه‌نای خەیابان ده‌دا
تاوێک بەرەو لای ئاوێنەکە دەچێت و دڵی بۆ خاسەکوڕێک دەکورکێنێ.

 

له ساختومانه خونجیلانه‌کەی مندا
لە ساختومانەکەمدا
پیاوێکی تەشک زراڤ
دەلێسێتەوە لێوه لچنه‌کانی و
تاوێک بەرەو لای درگاکە شاڵاو دەبا و
دڵبەدوا
پەنجە‌ی بێقه‌راری
بەسەر مشتووی برینجیدا دەگرێ،
تاوێک له بەتاڵییەکی وندا
پاڵ بە دیوارەوە دەدا و
سەیری کاتی خۆشبەز دەکا
لە خەیابان.