دیار سۆفی | (١٩٩٢ - )
August 6, 2025
دیار سۆفی، لە ساڵی ١٩٩٢ لە گەرمیان لەدایکبووە. دەرچووی بەشی ئابووری زانکۆی سلێمانییە. ئێستا نیشتەجێی وڵاتی بەریتانیایە. دیار تا ئێستا دوو کۆمەڵە شیعری بڵاو کردووەتەوە، یەکەمیان بە ناونیشانی برینێکم بەڕوومەتی زەوییەوە. دووەمیان زمانم دەکێشمەوە.
دیار سۆفی
ماڵم لە باخچەی گێلاسە
هێشتا دراوسێكانم ناناسم
هەموو ڕۆژێ وەک خوویەكی خراپ دەچمە وێستگەی چاوەڕوانی
بیر لە تۆ دەكەمەوە كە دوودوو كچ و كوڕی دڵدار سەردەكەون و تەنیام.
دەڕۆم بۆ شەقامی بیانییان
تاكوو تەمەنم لە فرۆشگایەكدا هەڕاج بكەم.
ئەو شەقامەی تێیدا بەقەد ژمارەی ئەو بیرانەی جەی كە هەمیشە لە وێستگەی چاوەڕوانی سانت جۆرج پارکدا دەیخواتەوە، بیرم لە تۆ كردووەتەوە.
بیر لەو دەستانەی دووربوون و خۆشم ویستن
تەڕیان نەكردم دەستەكانت كە ئاو بوون.
زۆرجاری تر لە بارەی چەرچ ڕۆدەوە قسەم بۆ كردوویت، دەزانم لە یادەوەریتا كاڵم
ئەو شەقامەی ئاشنایە بە بۆنی پارە.
مەست و بێماڵەكان بە تەنیشت ڕاوكەرانی پارەوە ئەڤینانە بیر لە گیرفانی یەكتر دەكەنەوە.
پەیوەندی نێوانیان پاوەن و بیرەی ساردە.
بەڵام من بیرم لە ئەوینی تۆ كردەوە.
تۆ كە ئاشنای بە ئازارەكانم و پێدەكەنیت.
لە دواین نامەتدا وتت “لەبیرم بكە”. نەمتوانی.
دەریا كەناریی بیرناچێت كە دەیبەستێتەوە بە ماڵی ڕووناكییەوە.
لە وڵاتێكی دوور، لەژێر تیشكی بەتینی هەتاو، لە شارێكی تەخت وەک دڵم بۆ پیاسەی تۆ، لەبیرت كردم.
لەبیرم بوو چۆن دڵت دا بە كوڕێكی تر و وەك كورسی كافتریاكانی زانكۆ بەتەنیا مامەوە.
لە نهۆمی دووەمی ماڵێكی كۆن ژوورێكی لێیە، دەرگای بەڕووی یادەوەریمدا كردووەتەوە
لە باخچەكەی مێوێكی ماندوو بەسەر كەپرێكی كوردییانەدا شۆڕ بووەتەوە.
ترێیەكی ڕەشی وردم دەداتێ و لە یادەوەریمدا چاوەكانتم بۆ زیندوو دەكاتەوە.
كە گەیشتم لە مەنفا بەیانییەكی پایز بوو
هەوا تەڕ و شێدار
دەریا وەك بووكێكی شەرمن تارای تەمی پۆشی بوو
لێوم وشك بوو لە وشەی بێگانەكان.
پۆڵۆنییەكان لێرەن
ئەوانیش غەریبن
غەریبەكان خەمی نیشتمان بە زمانی بێگانە بۆ یەكتری دەگێڕنەوە
ورگی زلیان پووتێكی پڕ لە بیرەیە
تاتۆ ئاڵۆزەكانی سەر لەوحەی لەشیان، وەک گەلەرییەكی گەڕۆک دەگێڕن.
هاڵاوی ناخۆشیان برسییانە هێرش دەهێنێت.
بۆ كەمكردنەوەی ئازاری دوورییان، شمەكی نیشتمانەكەیان هاوردە دەكەن.