پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر – ٢٠١٨

March 21, 2019

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، کە دەکاتە ٢١ـی مانگی ٣ـی هەموو ساڵێک، پەیامێکە هەر ساڵێک و لە لایەن شاعیرێکی جیهانەوە دەنووسرێت. ئەم پەیامە بایەخ بە ڕۆڵ و گرنگیی شیعر دەدات لە جیهانی ئێستادا، جیهانێک کە تێیدا بەردەوام ئاشتی و پێکەوەژیان لە پاشەکشەدان و شەڕ و توندوتیژی و نادادپەروەری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنن. ئایا شیعر دەتوانێت لە جیهانێکی ئاوادا چی بکات؟ هەروەها بایەخی شیعر لە ژیانی شەخسیی شاعیردا و تێڕوانینی ئەو شاعیرە بۆ دنیای شیعر. پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر شیعر چڕتر بکاتەوە و پێمان بڵێت شیعر چییە و چی پێ دەکرێت. ناوەندی باڵندە، بۆ ساڵی ٢٠١٨، شاعیری دانیمارکی، پایک مالینۆڤسکی بۆ نووسینی ئەم پەیامە هەڵبژاردووە. پایک، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦ـە لە کۆپنهاگن. کاری بەرهەمهێنەری ڕادیۆیی کردووە، لە ساڵی ١٩٩٨ـدا بەشی نووسینی داهێنەرانەی خوێندووە. لە پاڵ کاری ڕادیۆیی، شیعری بیانییش بۆ زمانی دانیمارکی وەردەگێڕێت. ئێستا لە نیویۆرک دەژی. خاونی سێ کتێبی شیعرییە؛«ڕۆمانی خەیاڵ- ٢٠٠١»، «کتێبە گەورەکەی خەونی دانیمارکییەکان- ٢٠١٠» و «شاعیرەکان- ٢٠١٦».

 

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر/٢٠١٨
پایک مالینۆڤسکی نووسیویەتی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

 

هەر لەو کاتەوەی منداڵ بووم، دەستم دایە نووسینی شیعر. یەکەم شیعرم دەربارەی ئەو ژوورە بوو کە شیعرەکەم تێیدا نووسی و ئەوەی چۆن تیشکی خۆر دەیدا لە تەختی ئەرزی ژوورەکە. بەڵام دایم شیعر لە چواردەورم بوو، باپیرم شاعیر بوو، دایکم شاعیرە، لەگەڵ گەورەبوونمدا هەر خەریک بووم شیعرم دەخوێندەوە، شاعیرەکان دەهاتنە ماڵمان، چەندین دیوان و کتێبی شیعر لەسەر ڕەفەکانی کتێبخانەکە بوون. ڕۆژێک، هەر لە خۆوە، بڕیارم دا منیش ببم بە شاعیر.

جیا لەوەی شیعر پیشەیەکی خێزانی بوو، وا بیر دەکەمەوە تاکە شتی گرنگ کە وای کرد شیعر بنووسم، خوێندنەوەی شیعر بوو. لە ئەوەڵدا خوێندنەوەی شیعری خانەوادەکەم. ئنجا خوێندنەوەی شیعری شاعیرانێکی وەک، ئانە کارسۆن، مۆرتی ڤیزکی، ئینگەر کریستێنسن، بێرتۆڵت برێشت، ئاشبێری، ئاپۆلینیر و دواتریش شیعری فلارف و شیعری کۆنسێپچواڵ.

شیعرنووسین بۆ من چێژی تێدایە، ئەوە هۆی سەرەکیی ئەوەیە کە بۆچی شیعر دەنووسم. حەزم لە بیرۆکەیە، حەزم لێیە یاریی بە مانا بکەم، حەزم لێیە شت بورووژێنم، حەزم لە سەرسامییە، لە حەسانەوە. خۆم و خوێنەر. حەزم لەو بۆشایییەیە کە لە نێوان خۆم و خوێنەردایە و کونجکۆڵم.

لە دیوانی «پەڕینەوە لە برۆکلین فێری»ـدا، واڵت ویتمان قسە بۆ خوێنەر دەکات، جا ئەو خوێنەرە هەرکەسێک بێت، ٥٠ ساڵ دواتر بێت، ١٠٠ ساڵ دواتر بێت، هەرچەند مەوداکەی درێژ بێت، قسە بۆ خوێنەر دەکات و دەڵێت «دەسا ئەو شتە چییە لە نێوان ئێمەدایە»، ئەمە ساتەوختێکی تەزووهێنەرە لە شیعرەکەدا. حەزم لێیە بڕۆم و لەسەر پردی برۆکلین ئەو شیعرە بخوێنمەوە، ویتمان پەسنی بەندەری نیۆرک دەدا و بە وەستان لەسەر ئەو پردە دەتوانیت گشت ئەو شتانە ببینیت کە ئەو دەیانبینێت (بێجگە لەو کەشتییانەی ڕۆیشتوون). هەروەتر باسی ئەوە دەکات لەنێو مێشکیدا چی دەگوزەرێت، باسی بیرکردنەوە تاریک و تاڵەکانی، بیرکردنەوە خۆش و شیرینەکانی، نەرمونیانی و نەزاکەتی بەرانبەر تۆ، تۆی خوێنەر، لە پڕێکدا بۆت دەردەکەوێت هیچ دوورییەک لە نێوان ئێمەدا نییە، تەنانەت ئەگەرچی ئەو ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر مردووە…

من لەگەڵ ئێوەم، ئێوەی پیاوان و ژنانی نەوەیەک، یان چەند نەوەیەکی دواتر
هەر وەک هەستی ئێوە کە لە ڕووبار و لە ئاسمان دەڕوانن، هەستی منیش هەر وا بوو،

هەر وەک ئێوە کە بوونەوەرێکی نێو قەرەباڵغین، منیش بوونەوەرێکی نێو قەرەباڵغی بووم
شیعری چاک توانای ئەوەی هەیە پەیوەندی لە نێوان دوو ئاوەزدا دروست بکات، زەمان و مەکان تێپەڕێنێت.

باوەڕم وا نییە شیعر ئەو توانا سروشتییەی هەبێت کە بتوانێت ئاشتی لە جیهاندا بخولقێنێت. هێزی شیعر ئەوەیە لە دەرەوەی دەسەڵات بوەستێتەوە. لە شیعردا پارە نییە، شکۆیەکی ئێجگار کەم هەیە، شیعر هیچ شتێکی نییە کە بتوانیت بە دەستی بهێنیت. لەو ڕووەوە شیعر هەر بەڕاستی دوایین قەڵا و سەنگەرە لە دژی سەرکەوتنی توقێنەری سەرمایەداری.

باوەڕم وایە شیعر ئەو توانایەی هەیە کە هەستیاریی ئێمە بەرانبەر بە زمان چڕتر بکاتەوە، وامان لێ بکات زیاتر هۆش بدەینە چواردەورمان، زیاتر خۆمان بین و لەگەڵ خۆمان و دەوروبەرەکەماندا ئامادەییی زیاترمان هەبێت. وامان لێ بکات زیاتر دیقەت بدەینە ئەوەی چۆن خۆر بەر تەختی ئەزری ژوورەکانمان دەکەوێت. خوێندنەوە ئاهەنگێڕانێکە لەمەڕ ئەوەی عەقڵەکانی تر چۆن ئیش دەکەن. ئەم مەشقە دەشێت هەنێک کاریگەریی ئەرێنی بکاتە سەر شێوازی بیرکردنەوەمان لە یەکتر و توانای چارەسەرکردنی کێشە و ململانێیەکانمان.

کتێبە شیعرییەکەم، بە ناوی «شاعیرەکان»، ئاهەنگێڕانی منە لە مەڕ ئەم هۆزە سەیرەی خەڵکی، کە بە خۆیان دەڵێن شاعیر. پێم وایە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئێمە هەموو شاعیرین. یاری بە زمان دەکەین و گەشەی پێ دەدەین، گەورە دەبین و ژووان دەگرین و عەشق دەکەین و ئنجا شیعری عاشقانە دەنووسین یان خەون بە نووسینییەوە دەبینین، دەشکێین و فێر دەبین کە هەستینەوە، درک بە حەقیقەتی مەرگ دەکەین، پرسیاری بۆچی دەکەین و دەترسێین لەوەی هیچ وەڵامێک نییە. دواتر لە جێیەکدا، ئیتر زۆربەی خەڵک واز لە پرسیاری بۆچی دێنن، واز لە شیعرنووسین دێنن، چونکە وا ئاسانترە کە بێماناییی بوون قەبووڵ بکەیت، وەک لەوەی شەڕ لە دژی بکەیت، بەڵام لە کۆتاییدا تەواوی ئەو پرسیارانە لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین، پرسیارە بنچینەیییەکان. سا کەوایە ئێمە هەموومان هێشتاکە هەر شاعیرین.

جا کتێبەکەی من، ستایشی ئەدەبیات و شیعر و ئەو خەڵکانەیشە کە مەبەستیانە بگەنە قووڵاییی ئەم ڕێگە ئێجگار پڕ تەنگوچەڵەمەیە. ئەوانەی بەدرێژاییی ڕێگەکە لەگەڵیان ڕۆیشتووم و بوونەتە خۆم، تەنانەت ئەوانەیش کە هەرگیز بە ژیانم چاوم پێیان نەکەوتووە. ئەو کتێبە بۆ ئەو کەسانەیە لە ڕێگەکەدا لەگەڵیان بووم، بۆ ئەوانەیە لە لاڕێکاندا کەوتن، بۆ ئەوانەیە هەرگیز هەنگاوێکیان نەهاویشتە سەر ئەو ڕێگەیە، بۆ ئەوانەیە شکستیان هێنا، ڕەنگە بە تایبەت بۆ ئەوانە بێت کە شکستیان هێنا، ئەوانەی هەموو شتێکی خۆیان نایە بانی، بەڵام خراپ کەوتن.

لە کۆتاییدا: ڕۆبەرت بۆلانۆ، ئەو شاعیرە شیلییەی کە ئیلهامبەخشێکی مەزنە بۆ من، ئەم قسە خۆشەی لە مەڕ شاعیرانەوە هەیە:
شاعیران بەرگەی هەموو شت دەگرن. کەوایە دەتوانین بڵێین مرۆڤ بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت. بەڵام ئەو قسەیە ڕاست نییە: هەمیشە مرۆڤ تا ئەندازەیەک دەتوانێت بەرگەی شتەکان بگرێت، بەرگەگرتنی ڕاستەقینە. شاعیران بەرگەی هیچ ناگرن.