پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر – ٢٠٢١

March 21, 2021

 

 

 

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر ٢٠٢١

ئەمساڵ سەلاح فایەق نووسیویەتی

 

سەلاح فایەق لە گرنگترین شاعیرانی عێراق و جیهانی عەرەبییە. لە ساڵی ١٩٤٥ـدا لە شاری کەرکووک لە دایک بووە. شارێک کە لە شەستەکاندا یەکێک لە گرنگترین بزاوتە ئەدەبییەکانی جیهانی عەرەبی لەوێدا پێک هات؛ «گرووپی شیعری کەرکووک». لە ١٩٧٤ـەوە لە عێراق دەردەچێت و ساڵانێک لە فلیپین دەژی و ئێستایش نیشتەجێی بەریتانیایە. ماوەیەکیش لە دووکان لە ناوچەی کلکەسماق پێشمەرگە بووە. ئەو پێی وایە ڕۆشنبیریی عەرەبی هەزار ساڵە وەستاوە. «ناوەندی باڵندە» ساڵانە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر شاعیرێکی جیهان دەستنیشان دەکات تا بەو بۆنەیەوە دەقی «پەیامی باڵندە» بنووسێت، ئەمساڵ سەلاح فایەقی هەڵبژاردووە.

 

هەوڵێك بۆ نووسینی شیعر

سەڵاح فایەق

کوردییەکەی: د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

 

(١)

ئەگەر گەنجێك لە كەركووك توانی ببێت بە شاعیر، ئەو گەنجە بە عەرەبییش بنووسێت، بە تایبەتی ئەگەر لە خێزانێكی توركمان یان كورد یان ئاشووری یاخود ئەرمەنی بێت، ئەوا من ئەمە بە دەستكەوتێكی چەلەنگ دەزانم. نموونەیەك لەسەر خۆم و هاوڕێكانم لە “گرووپی كەركووك”ـی ئەدەبی دەهێنمەوە. من تا تەمەنی دەساڵی زمانی عەرەبیم لە ڕووی نووسین و خوێندنەوەوە نەدەزانی. باوكم لە تەمەنی هەشتساڵییەوە منی ناردە قوتابخانەی سەرەتایی، ئەمە دوای ئەوەی بۆ چەندین ساڵ ڕەتی دەكردەوە بمخاتە بەر خوێندن، لەو باوەڕەی كە فێربوونی پیشەیەك زۆر باشترە لە دەوامكردنی قوتابخانە. پێشتریش باوكم ناچاری كردم لە لای ژنێك فێری خوێندنەوەی قورئان بم، ژنەكە كەسێكی بەسۆز و ڕووخۆش نەبوو، ئەوە پیشەكەی بوو. دوو ساڵم لەگەڵ ئەو ژنەدا بەسەر برد و فێری شتێكی ئەوتۆ نەبووم، چونكە وەكوو نابیناكان فێری لەبەركردنی دەكردم، نەك خوێندنەوەی ئاسایی، واتە یەكەمجار لە ڕێگەی فێربوونی زمانی عەرەبییەوە نەبوو. ئەمە مانای وایە قوتابییەكی وەكوو من چەندین ساڵی لە دەست چوو تا فێری خوێندنەوەی عەرەبی ببێت، لە كاتێكدا قوتابیی بەڕەسەن عەرەب دووچاری ئەو چەشنە گرفتە نەدەبوو، چونكە ئەو هەر لە منداڵییەوە بە عەرەبی دەدوێت، قسەكردنیش بە زمانێك بناغەی فێربوونی ئەو زمانەیە، دواتریش لایەنی ڕێزمان و واژۆكردن و نووسین دێت.

 

ئەم مەسەلەیە بەسەر هاوڕێكانیشمدا پراكتیزە دەبێت: سەرگۆن بۆڵس، جەلیل قەیسی، ئەنوەر غەسانی، جان دەمۆ، یووسف حەیدەری، موئەیەد ڕاوی، پاپا یووسف سەعید و ئەوانی دیكەیش. فێربوونی زمانی عەرەبی لە شارەكەی ئێمەدا كارەسات بوو، چونكە بەر لەوەی فێری ئاخاوتن بین بەو زمانە، فێری نووسین و خوێندنەوەیان دەكردین، ئەمەیش پێویستی بە كاتێكی زیاتر هەبوو بۆ فێربوونی ئاخاوتن، پاشان فێربوونی زمان تەنیا بۆ قوتابخانە بوو، واتە ئێمە لە دەرەوەی قوتابخانەدا ئەو زمانەمان بەكار نەدەهێنا، بۆ نموونە لە ماڵەوە یاخود لەگەڵ هاوڕێ‌ و خزماندا، چونكە ئەوان عەرەب نەبوون. گرفتێكی دیكە ئەوە بوو فێری زمانی عەرەبیی ئەدەبییان دەكردین نەك پرۆسەكردنی ئەو زمانە لە پەیوەندییەكان و دیدار و ژیانی ڕۆژانەدا. بێگومان لەبەر چەندین هۆكاری شۆڤینی ڕێگەیان نەدەدا فێری زمانی نەتەوەییی خۆمان بین. بیرم دێت فەرمانێك لە لایەن سەدام حسێنەوە دەرچوو، كە منداڵی تازە ناوی عەرەبیی لێ بنرێت، سا ئەو منداڵە سەر بە هەر نەتەوە و ئایینێك بێت.

 

(٢)

یەكێك لەو زەحمەتییانەی ڕووبەڕووی ئەو كەسانە دەبێتەوە، كە دەچنە نێو دنیای ئەدەب و شیعرەوە، بریتییە لەوەی كەسەکە لەو بوارەدا لە بنەڕەتدا بەهرەدارە یان نا، یان لە چ ژانر و جۆرێكی ئەدەبیدا بەهرەدارە، لە شیعردا یان لە كورتەچیرۆك و ڕۆمان، شانۆگەری، یان لە ڕەخنەدا. لەو باوەڕەدام ئەو كەسەی لە سەرەتای نووسیندایە، دەبێتە خاوەنچانسێكی باش ئەگەر مامۆستایەك یان كەسێك ئەزموونێكی درێژی لە یەكێك لەو بوارانەدا هەبێت ئامۆژگاریی بكات و لە میانی تێكستەكانییەوە بەهرەی لە چەشنە ئەدەبییەكەدا بۆ دەستنیشان بكات.

 

سەبارەت بە خۆم، لە سەرەتادا زۆربەی كاتەكانم بە خوێندنەوەی ڕۆمان و كورتەچیرۆك بەسەر دەبرد، پاشان دەستم كرد بە نووسینی كورتەچیرۆك، ئەو چیرۆكانەی پڕ بوون لەو دیمەنانەی خەیاڵدانیان تێدا زاڵ بوو. كاتێكیش هەندێک لە هاوڕێیانی “گرووپی كەركووك”م ناسی و چیرۆكەكانمیان خوێندەوە، بە تایبەت پاپا یووسف سەعید و سەرگۆن بۆڵس، ئاماژەی ئەوەیان پێ دام كات و توانای خۆم لە چیرۆكدا بە فیڕۆ نەدەم، بە ڕاشكاوی پێیان گوتم كە من شاعیرم و پێویستە بەهرەی خۆم بۆ ئەم ژانرە تەرخان بكەم. بەم جۆرە دەستم كرد بە نووسینی شیعر، بەڵام پێشنیازی فێربوونی كێشی شیعری و بحووری شیعریم ڕەت كردەوە. خۆم لە بەحرەكان دوور خستەوە و ڕامگەیاند كە نووسینی من ئازادە، ئەگەرچی سەرگۆن پێداگریی دەكرد لەوەی پێویستە بەو ئەزموونەشدا تێپەڕم. پێویستە لێرەدا ئەوە بڵێم كە خوێندنەوەی ئەو شیعرانەی بۆ زمانی عەرەبی وەردەگێڕدران، ڕۆڵێكی گەورەیان هەبوو لە هەڵبژاردنم بۆ نووسینی شیعری، بەبێ‌ پرۆسەكردنی ئەو نەریتە شیعرییانەی لەو كاتەدا باو بوون، وەك بەكارهێنانی بەحری شیعری و هێما و كەسایەتییە مێژوویییەكان، واتە بەبێ‌ ئەو نەریتانە دەستم بە نووسینی شیعر كرد، تا ئێستاش و بۆ ماوەی نیو سەدەیە، لەنێو ئەو هەسارە گەشەدام.

 

(٣)

سەبارەت بە خۆم، من هیچ پێناسەیەكم بۆ شیعر و شیعری خۆم نییە. لێرەدا چەندین پێناسە بۆ شیعر هەن، كە شاعیر دەخەنە نێو چەشنگەرایییەكی بێزاركەرەوە ئەگەر یەكێك لەو پێناسانە لە خۆ بگرێت‌ و بەو پێیە شیعر بنووسێت. تۆ دێیتە سەر لاپەڕەیەكی سپی و هەوڵ دەدەیت خەم و خەونەكانتی بۆ بگوازیتەوە، بەبێ‌ هیچ مەرجێكی پێشوەخت لە نەریتە كۆن و تازەكانی شیعرنووسین.

 

تۆ هەوڵ بدە ڕێگەیەك بۆ خۆت بكەیتەوە، لە باخچەیەكی خەیاڵكراوی ژیانتدا ڕێگەیەك بۆ خۆت بكەرەوە، بۆ ئەوەی شتی تازە كەشف بكەیت، كە ڕێگە و شێوازی كەسانی دیكە لە خۆ نەگرێت، چونكە ئەزموونەكەت دەگمەنە و ژیانت دەوڵەمەندە، ئەمەیش پێویستی بە شێوازێكی دەگمەن هەیە تا نمایشی خۆی بكات و ئەو شتانەی نێو دەستت دەربخات كە پێیان دەنووسیت، لە دەوڵەمەندیی دیمەنەكان و وێنە سەرنجڕاكێشەكان دەنووسیت، ئەمە تۆیت و كەسێكی دیكە نییە.

 

جا لەبەر ئەوەی ئێمە لە بەرامبەر زمانەوانیداین و كەرەستەكانی ئەو زمانەمان بۆ ماوەتەوە، ئەوا ئەو زمانە كراوەیە بۆ بەشداریكردن و ئاڵوگۆڕی شارەزاییی داهێنان، بۆ دەوڵەمەندكردنی تواناكانمان.

 

من نزیكەی هەموو ڕۆژێك دەنووسم، لە ڕێگەی شتێكی سەیروسەمەرەوە بڵاوی دەكەمەوە كە پێی دەگوترێت ئینتەرنێت. ئێمە شانسمان هەیە، چونكە خاوەنی ئەو ئامرازە ئەفسووناوییەین، بگرە خاوەنی ئەو دنیا سەرسووڕهێنەرەین.

 

بە لامەوە گرنگە لەو شوێنە گشتییانەدا وێنەی شیعری بگرم، كە تژییە لە خەڵكی، بۆ ماوەیەكی زۆر ڕاهێنانم لەسەر ئەمە كردووە، یان لەسەر ئەم كۆششە پێویستەدا ڕاهێنانم بە چاوەكانم كردووە، بە مەبەستی بنیاتنانی قەسیدەیەك لەسەر دیمەنی ماتریاڵی، ئەگەر بشێت وا بڵێم.

 

من پەنا نابەمە بەر ئەو گۆچانانەی لەو بوارەدا زانراون، مەبەستم لابردنی میتافۆر و لێكچوون و گەمەی ڕەوانبێژی و زمانەوانیی دیكە، یان لانیكەم زۆر كەمی دەكەمەوە. ئنجا لێرەدا چەندین بابەت لە شیعردا هەن من پێویستم پێیان نییە، هەروەها مەبەستە كۆنەكانی شیعرم بە لاوە گرنگ نییە، ئەمە شێوازی دەرۆزەكەرەكانە لە بەردەم دەوڵەمەندان و سوڵتانە كۆن و نوێیەكاندا. من دەمەوێ‌ قەسیدە زانیاریم بداتێ‌ دەربارەی شاعیری ڕاستەقینە یاخود شاعیری خەیاڵكرد، نەك بەدەنگەوەهاتنی داواكارییەكانی جەماوەر. ئەمە لە ڕاستیدا لە داواكارییەكانی ڕاگەیاندنە، ڕاگەیاندنیش بریتییە لە ئامێری داپڵۆسین و ساختەكاری لە ڕاستییەكان و هەستەكاندا.

 

لەم ساڵانەی دواییدا بڕیارم دا كتێبەكانم لە دەزگا چاپەمەنییە فەرمی و ئەهلییەكاندا چاپ نەكەم، چونكە ئەمانە لەژێر سانسۆردان، ئەمەش نیازی سەرەكیی نووسین بەتاڵ دەكاتەوە، كە بریتییە لە جەختكردنەوە لە ئازادیی نووسەر، شاعیر و هونەرمەند.

 

ئەمڕۆ توانا تەكنیكییەكان لەبەر دەستدان بۆ بڵاوكردنەوەی كتێبەكانمان لە ڕێگەی ئینتەرنێت و فەیسبووكەوە، بە تایبەتی نوسخە ئەلیكترۆنییەكانی ئەو كتێبانە، كە دەشێت هەزاران دانەیان بە خۆڕایی بڵاو بكەینەوە. دەڵێم بە خۆڕایی، چونكە نووسەر لەو دەزگایانەدا هیچ پارەیەكی لە بەرامبەر كارەكەیدا دەست ناكەوێت، بگرە زۆر جار ئەو دەزگا چاپەمەنییانە داوای پارەیەكی زۆر [لە نووسەر] دەكەن بۆ چاپكردن و بڵاوكردنەوەی هەر كارێك.

 

 

(٤)

لەتەك گرنگیدانم بە گرتەی ماتریاڵی بۆ بنیاتنانی قەسیدە یان بۆ سەرلەنوێ‌ داڕشتنەوەی تا بە شێوەیەكی داهێنەرانە دەربكەوێت، هەندێک جار پەنا دەبەمە بەر گەنجینەكانی یادەوەری، ئەو گەنجینانەی بێشوومار ڕووداو و ئەزموون و وێنە لە خۆ دەگرن و لە میانی گەمەكردن بە زەمەن، هەنووكەییی خۆیان دەردەخەن. هەموو ئەو گرنگیپێدانە ئامانجەكە ناپێكێت ئەگەر هەموو بوارەكانی خەیاڵدان نەڕەخسێنین تا لە ڕێی نووسینەوە خەونەكەمان بە دەست بهێنێت. تاكەڕێگە بۆ بەردەوامیی ئەفراندنی دەقی شیعری، بریتییە لە نووسینی ڕۆژانە، خودی نووسینیش بریتییە لە ئەزموونێكی دەوڵەمەند لە موفاجەئات، نووسینی بەردەوام خۆی خۆی دەوڵەمەند دەكات.

 

دووركەوتنەوە لە نووسین بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك، ڕەوتی بەرهەمهێنانی شیعر شپرزە دەكات و دەبێتە مایەی تەوەزەلی، وزەی ئەو وێنە شیعرییانەی لەسەری ڕاهاتووە، كاڵ دەكاتەوە. نووسین كارێكی سەختە، ژمارەیەكی زۆر كەمی خەڵكی، لە سەرجەم كایە ئەدەبییەكاندا، سەرقاڵی نووسین و بەرهەمهێانن، لەم لایەنەشەوە نووسین بریتییە لە بەرەنگارییەكی بەردەوام بۆ بەردەوامیی چالاكیی داهێنان، ئەمەش مەسەلەیەكە، لەم ئەركە مرۆیییەدا، مەرجدارە بە ئەمەگ و بوێرییەوە.