بەڕێز عەلی، خانمەشاعیرێکی کوردە. بەشی ژمێریاریی تەواو کردووە؛ ساڵانێکە شیعر دەنووسێت و کەمتر جارێک بڵاوی کردووەتەوە. ئەدەبیاتی ئەو پێچەوانەی بەشەکەیەتی. لە شیعرەکانیدا زمانێکی هایکۆیانە پەیڕەو دەکات و سروشت لە ئەدەبیاتەکەیدا پاکژ و بێگەردە. ئەم سروشت و دنیابینییە هایکۆیییانەی ئەو دەکرێت لە داهاتوودا گۆڕانی بەسەردا بێت و دەیشکرێت ئەو بۆ هەمیشە پابەندی ئەم سروشتە پاکژ و زمانە هێمنە بێت و پشت لە جیهانی ئەمڕۆ بنووسێت. کەس نایزانێت. گرنگ لە ئێستادا ئەمانە شیعرەکانی ئەون و ماڵپەڕی باڵندە بە خۆشحاڵییەوە- لەپێناو ناساندنی دەنگە شیعرییە نوێیەکاندا- بڵاویان دەکاتەوە. – باڵندە
خۆشەویستەکەم ڕۆیشت و شەوان یاڵی ئەسپەکە دادێنم
بەڕێز عەلی
گۆچانەكەم
لە داربییە
ڕۆیشتنمی لار كردووە
■
كافێیەكە جێ دەهێڵم
بەخشیشەكە لە گیرفانی پاڵتۆكەمدایە
لەسەر مێزی ژمارە ٢٣
■
بێئەوەی كەسێكیشی پێدا بێتە ژوور
لە جیڕە ناكەوێت
دەرگەكە.
■
لەسەر کانییەکە
لاساییی ئاسكەكانم كردەوە لە ئاوخواردنەوەدا
وێنەی پڵنگێکم لە ئاوەکەدا بەدی کرد.
■
هاوینە
ڕەزەكە داوێتی بە یەكدا
شەراب و جامیش
■
خۆر هەڵاتووە
سەربانەكان هەڵمیان لێ هەڵدەستێت
بەفرەكە توایەوە
■
لە قڵش و درزەكانەوە
گوڵی شەرابی ڕواون
بە دەستی بوومەلەرزە.
■
یار ڕۆیشت
یاڵی ئەسپەكە دادێنم
شەوان
■
چاوداگرتنی
كزۆڵەترین ئەستێرە
شەوی بێچاووڕوو كردووە.
■
سمۆرەیەك پێدەكەنێت
بە شەڕی دایكوباوكم
لەسەر شكانی دەستنوێژیان.
■
چۆلەكەكە
مانی لە خواردن گرتووە
دان ڕۆ دەكەم
■
هەڵاڵەكان
لە درزی بەردەكاندا ڕواون
سڵ لە بەرینیی دەشت دەكەنەوە.
■