وەک گەنمی بن جەنجەڕ پەرشوبڵاو بووین

بەرکەن بەرەهـ/شاعیری کورد

April 10, 2020

شاعیری کورد، بەرکەن بەرەھ، لە ساڵی ١٩٥٤ـدا لە شاری شەرنەخی باکووری کوردستان لە دایک بووە، جاری یەکەم شیعرەکانی لە کۆڤاری تیرێژدا بڵاو کرانەوە. تا ھەنووکە لە دەیان کۆڤار و ڕۆژنامەی کوردیدا، گوتار و شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، بۆ وێنە (نووبوون، نوودەم، ژیانا ڕەوشەن، ڕەوشەن-نامە، پەیڤ و نووبھار). لە ساڵەکانی ١٩٩٨-١٩٩٩ـدا، لە فێستیڤاڵێکی شیعریدا کە بە ھاوبەشی لە لایەن (کۆمەڵەی خێزانی حوکمدراو و گیراوان و کۆڤاری ژیانا ڕەوشن)ـەوە ساز کرابوو، لەو دوو ساڵەدا بە پلەی یەکەمین و دووەمین خەڵات کرا. بەرکەن بەرەھ لە ساڵی ١٩٩٩ـدا یەکەمین کۆڤاری ئەلکترۆنیی بە ناوی (کولینا کولیلکان) دامەزراند، کە یەکەمین کۆڤاری ئەلکترۆنی بوو لە باکوور. ھەندێ لە شیعرەکانی بەرکەن بەرەھ، بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، فارسی و عەرەبی وەرگێڕدراون، ھەروەھا گوڵبژێرێک لە شیعرەکانی شاعیر بە ناوی (Kalbim Bir Yastıktır Aşka) بۆ تورکی وەرگێڕدراوە. بەرکەن بەرەھ ئێستا لە شاری باتمانی باکووری کوردستان ژیان بەسەر دەبات، لە پاڵ نووسین و مژوولبوونی بە بەرھەمەکانی، لە کۆڕ و مەجلیسە ئەدەبی و فەرھەنگییەکاندا چ لە باکوور یان لە دەرەوە، بەوپەڕی گڕوتینەوە بەشدار دەبێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

بەرھەمەکانی بریتین لە:

ئێش، شیعر، ٢٠٠١

شاگردانی ئەوین، شیعر ٢٠٠٣

پانادۆمین، شیعر، ٢٠٠٦

شینی شیعر، شیعر، ٢٠٠٨

دڵم سەرینە بۆ عەشق، کۆبەرھەم، ٢٠١١

شەربەتێک لە ئاگر و ھایکۆ، ٢٠١١

بۆ دووری، شیعر، ٢٠١٣

كۆتا خەون. شیعر، ٢٠١٦

چەمی باران، شیعر ٢٠١٩

لاپیس لازولی، وەرگێڕان، ٢٠١٢

قسەی دەریایە، وەرگێڕان، ٢٠١٢

 

 

وەک گەنمی بن جەنجەڕ پەرشوبڵاو بووین
بەرکەن بەرەهـ
(سێ شیعر)
لە کورمانجییەوە: ڕێبین محەمەد

 

 

(شیربایی)

فەلەکی خائین

بۆ خەڵکی شیر و ماست،

بۆ ئێمەیش ئێش و برینان دەدۆشێ،

ئەی فەلەکی خائین کا پێم بێژە شیربایییەکەی تۆ

چەند قوڕووشە؟

ئەگەر خوێنت دەوێ

فەرموو ئەوە من سەری خۆم

لە ڕووی خەنجەرتدا دەچەمێنمەوە و

لە پێشدا

من بکوژە!

 

 

(ڕۆبۆزکی)

لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا

وەک گەنمی بن جەنجەڕ

پەرشوبڵاو بووین،

 

كاتێ ئێمەیان ھەڵگرتەوە

نە دەستمان، نە لاشەمان،

شتێک نەمابوو

كەس کەسی نەدەناسییەوە

 

ئێمە ئێستەیش ھەر ھەڵدەکشێین

وەک دوێنێ لە تاریکاییدا

بەرەو زێد و وارگەی خۆمان

 

كەی بزنێک بباڕێنێ

كەی گەڵایێک لە درەختێ بوەرێ

دایکێک لە ئامێزی خۆی بڕوانێ

خۆی بۆ ناگیرێ…

خوێنی لێ دەتکێ دڵم

وەک ئەوەی ئەو شەوە بێ!

 

 

(منداڵ) 

لە ئەمەریکا

منداڵێک بەو ھیوایەی ببێ بە سەرداری جیهان دێتە دونیاوە،

لە بەڕازیل

بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی لێهاتوو،

لە فڕانسا

بۆ ئەوەی ببێتە شانۆکارێک، چالاکەوانێک،

لە ژاپۆن

بۆ ئەوەی ببێتە پسپۆڕێکی تەکنەلۆژیا

دێتە دونیاوە،

بەهەرحاڵ

لە ھەر وڵاتێکدا بۆ ھەر منداڵێک

ھەزاران دەرگا ھەن

بەڵام لە نیشتيمانەکەی مندا، لە کوردستانەکەم

منداڵان تەنێ بۆ چەکهەڵگرتن دێنە دونیاوە.