کە ماندوو بووم هێشتا نەڕۆیشتبووم

بەشدار سامی/شاعیری کورد

November 30, 2019

بەشدار سامی، ساڵی ١٩٨٤ لە دایک بووە. لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە. تا ئێستا دوو کتێبی شیعریی چاپ کردووە، یەکەمیان بە ناوی «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، ئەوی دیکە بە ناوی «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان»، ئێستا کتێبی سێیەمی لە بەر دەستە. سامی هاوکات فۆتۆگرافەریشە. ئەو یەکێکە لەو شاعیرانەی تەواو سەبارەت بە خۆی و دنیاکەی خۆی دەنووسێت. لە زۆرێک لە شیعرەکانیدا بەردەوام کەسێک لەسەر شەقامەکانە و لێرەوە دەتباتە سەر باسی خۆشەویستی، ئازار، مرۆڤەکان و دەوروبەری. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

کە ماندوو بووم هێشتا نەڕۆیشتبووم
بەشدار سامی

 

 

 

تا لە بیرم بچیتەوە

تەختەخەوەکەم بەجێ هێشت

لەگەڵ هاوڕێیەکی کۆن ساڵانی ساڵ نێوانم تێک چووبوو

تا دوورم بخاتەوە ئاشت بوومەوە

 

بینینی مرۆڤی بێچارە و دەربەدەری نێو پاسەکان

نائومێدیان دەکردم

بە تراکتۆر سەفەرم کرد…

ماسی و کەناردەریا ڕۆژگاری ناخۆشیان دەخستەوە بیرم

بە دەشتەکاندا چووم.

 

من خەریک بووم لە خۆشویستن ڕام دەکرد

بەڵام چونکە چارەنووسم ئاشکرا بوو

بە ڕەنگی تۆ کە لە ڕووخسارمدا ختم بوو دەیانناسیمەوە.

 

لەبیرکردنت بەردێکی قورس بوو.

 

چونکە هێشتا ئەڤینم بوویت کە هەوڵمدا لە بیرت بکەم

بریندار بووم

ئەو شارەش هێندە بێباوەش بوو برینی منی دانەپۆشی

تا برینم بشارمەوە، فرمێسکم هەڵبژارد

بەڵام فرمێسک تۆ بوویت

کاتێک تەماشای چاویان دەکردم.

 

بیرۆکەگەلێکم سەبارەت بە لەبیرکردنت

خستە مێشکمەوە

ئەگەر ئێستا ئێشم هەبێ سەرباری ئێشی لەبیرکردنی تۆ

هیی بیرۆکەگەلێکی ترسناکن

کە هەر خۆم دەزانم سەرەڕای خراپیی بیرۆکەکان هێشتا

ئاسان نابێت ڕاهاتن بە فەرامۆشکردنت.

 

لەبیرکردنت بەڵا بوو.

 

پەنجەیەکم ئەگەر قرتاندبا

پێم وایە هێندە ئازارم دەبوو

بۆ لەبیرکردنت تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو دەبووم

بەڵام ئەوە بیرۆکەیەکی گەمژانە دەبوو

لە کاتێکدا من مرۆڤێکی ترسنۆکم

سەبارەت بە ڕژانی خوێن و لەبیرکردن

 

غەریبەکان بەو چیرۆکەی ڕاکردن لێی گاڵتە نەبوو

دەیانناسیمەوە…

 

لەبیرکردنت بیرۆکەیەکی گەمژانە بوو

 

من ڕام دەکرد و ئەوسەریش هەر ئێرە بوو

چونکە شەقام تۆی بیر دەخستمەوە.

 

فەروو نەبووم زستان دوور بخەمەوە

لەبیرکردنت سارد بوو.

 

بە لەبیرکردنی تەختی خەوەکەم ڕاهاتم

بە تەرمبوونم،

بە شەڕکردن لەگەڵ ترس…

بەڵام هەرگیز نەمتوانی بە لەبیرکردنی ئەو ڕۆژە ڕابێم

کە بە یادی گۆرانییەک شەقامێکمان خۆش ویست.

 

چونکە هیچ خاڵێک هیی هەردووکمان نەبوو

هەر یەکەمان بە ڕێی خۆماندا چووین و

لە یەکتری دوور کەوتینەوە

بەو جۆرەی هیچ یادێک نزیکمان نەکاتەوە

سەرەڕای ئەوەی هێشتا لە یادی یەکتریدا چاومان تەڕە

 

تا لە بیرم بچیتەوە، هەوڵم دا یادەوەریم بشارمەوە

بە ئیشی قورس و ژیانێکی پەراوێز خۆم ئازار دا

بەڵام هێشتا ئەو ڕۆژەم لە بیر بوو

کە خۆشەویستێکم هەبوو.