بەشدار سامی، ساڵی ١٩٨٤ لە دایک بووە. لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە و زیاد لە دە ساڵە دەنووسێت. تا ئێستا سێ کتێبی شیعریی چاپ کردووە: «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان» و «ئەمڕۆ شەممەیە ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات». سامی لە شیعرەکانیدا بەردەوام هەوڵی داوە لە خۆی بدوێت و ئەم شیعرەشی دوای تێپەڕین بە قۆناغێکی سەختی نەخۆشیدا دێت. شیعرەکە لەسەر تەختی نەخۆشخانەوە ئاوێتەی ئەڤین و دەنگی حەیران دەبێ و دەیەوێت بمێنێتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە
گەردەن زەردێ
بەشدار سامی
(باڵەخانەی پانزەنهۆمی، تابقی یانزە، قاوشی نەشتەرگەریی شێرپەنجە، ژووری ژمارە سێزدە.)
سەعات، نزیک یەکی شەو بوو/ شەقامەکانی سلێمانی وەک بەندەرەکانی هێلسنکی/ لە بێدەنگیدا، تەرم بوون/ ئەودیو پەنجەرە تەڕ بوو/ بەفریش شاخە دوورەکانی سپی کردبوو/ منیش لێرە خەریک بووم ژانی چەپی سینگم بۆ گەردەن زەردێ لە خستنە ڕستە دەشاردەوە/ من ترسابووم بەڵام تا لە برینم بریندار نەبێت زارم تەنیا لە خۆشم دەوێیدا دەکردەوە/ سەبارەت بە باوکم و خووە سەیرەکانی پەرەگرافێکم بۆی نووسی/ پاشان/ ژانم تا هێور بێت/ دەنگی مۆسیقاکەم بەرز کردەوە و پەردەم لا دا و هەر ڕێبوارێک لە خوارەوە تێپەڕیبا من لە سەرەوە خەمبار دەبووم/ باڵکۆن تاریک بوو/ درەخت تەڕ بوو/ شار سارد بوو/ من غەریب بووم/ بەڵام/ چونکە خۆشم دەویست بە پێوە بووم/
ترسام هێندە ژان بم بیرم بچێتەوە بانگی بکەم/ ترسام لێم خۆش نەبێت/ ئەگەر بمرم/ ترسام چونکە ترس تاریکی کردبووم./
لە یادی کەزی و چاو و برۆی گەردەن زەردێ بترازێ/ هیچ بیرەوەرییەکم نەبوو زمانمی پێ تەڕ بکەم/
چەندی گاز دەکەم و گاز دەکەم/ دەڵێم خۆزیا بە خۆزیداران/ ئەمن کوڕیژگەیەک بام لە ئەوەل فەسڵی بەهارێ/ شین ببام لەسەر قەراتی پیرە هەولێرێ/ هەموو دانی بەیانیان بەری خۆم دابا هەردوو دەرکەی سەرایێ/ وەختی کیژان دەچنەوە مارێ ئەمنیش لە دوورەوە لە گەردەن زەردێ تێڕابمێنم و بناڵم/
ئاااای! هاوار و ئۆف در بە خەمم!/
سەبارەت بە زۆر شت من خەمبار بووم./
هاوڕێیەکم هەیە/ نیوەشەوان بە شەقامە ساردەکانی هێلسنکیدا دەسووڕێتەوە/ من لە خەمی ئەودا لێرەوە سەرمامە/ شەوێک یەک-دوو بیرەی خواردبووەوە هێندە مەست بوو/ سەبارەت بەو ساڵەی دڵیان شکاند قسەی بۆ دەکردم/ ترس لێی گەڕێ خۆی دەخاتە دەریاوە/ بە بیانووی پیاسەی شەوان دوور دەڕوات و کەس نازانێک لە پەنا چ دیوارێکی بەختڕەش دەگری/ کە نائومێدیش دەبێت کە هیچ پەنایەک نادۆزێتەوە بانگم دەکات/ منیش زۆر جار لێرەوە لەگەڵی گریاوم/ ئێستا ئەگەر بمرم/
ئەویش بانگم بکات کێ هەواڵەکەی پێ دەدات!/
“ئەوەڵ سەحەرە ئەمن ژانم بڵاو دەبێتەوە”/
کافتریاکان داخراون/ چرای باڕەکان کوژاونەتەوە/ سەرخۆشەکانیش، ئەوانەی ماڵەوە نادۆزنەوە دەرناکەون/ هەموو شوێنێک تاریکە/ هەموو سووچێک ساردە/ تەماشای شاخە دوورەکان دەکەم و ئاخ بۆ کێشانی جگەرەیەک هەڵدەکێشم و بیر لە دەستەکانی گەردەن زەردێ دەکەمەوە/ پاشان/ بۆ قژی کە بەیانییەک لەسەر شانم بەجێ ما/ هەنگاوێک قاچەکانم دەکشێنمەوە و دەدەمە پڕمەی گریان/
ئااای گەردەن زەردێ، گەردەن زەردێ!/
ئاواتم خواست لە گوندێکی دوور/ کە ناوی هیچ نووسەرێک دیار نەبێت/ هیچ پاسێک بەوێدا تێنەپەڕێت/ شەقامی نەبێت/ ئاسمان ڕوون بێت/ مەل بفڕن/ دوو مریشک و کەڵەشێرێک و کەروێشکێکمان هەبن/ بەڵێنم پێی دا چای بۆ بخەمە سەر ئاگری دار و نەهێڵم دڵتەنگ بێت/ بەڵام ئێستا من ژانم و دوو سانتیم سەرووتری دڵم شەقە/ ئەم دیمەنەش/ ئازاری دەدات/