بیرەوەری، وەک دەرپێیەکی پیس

بەشدار سامی، شاعیری کورد/فۆتۆگرافەر: بەڕۆژ ئاکرەیی

May 2, 2022

بەشدار سامی، شاعیر و فۆتۆگرافەر، ساڵی ١٩٨٤ لە دایک بووە. لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە و زیاد لە دە ساڵە دەنووسێت. تا ئێستا سێ کتێبی شیعریی چاپ کردووە: «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان» و «ئەمڕۆ شەممەیە ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات».  لە نووسینەکانیدا بەردەوام هەوڵی داوە لە خۆی بدوێت و نیگەرانییەکانی دنیای تایبەتیی خۆی بکات بە شیعر. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

بیرەوەری، وەک دەرپێیەکی پیس
بەشدار سامی

 

سەبارەت بە خۆر، تا لە شارەکەی ئاوا نەبێت، تاریک داهات/ سەبارەت بە مێژوو، تا شارەکەی فەرامۆش نەکات، پەنیر و ژاژیی خستە ڕستەوە/ سەبارەت بە چاندنی یەک ملیۆن درەخت، هاواری کرد/ سەبارەت بە وشکەساڵی، وەک مەڕدارەکان خەمبار بوو/ سەبارەت بە دڵتەنگی، هەزار چیرۆکی لە سینگیدا هەڵگرتبوو/ بێئەندازە ماندوو بوو/ بێئەندازە بریندار بوو/ بێئەندازە فەرامۆشکراو/ لە سەرما و تاریکی و تەنیایی، هەمیشە ترسابوو/ سەبارەت بە ماڵەوە، نیوەشەوان، کە سەرما دەگەیشتە ئێسکەکانی، دەستی دەخستە نێو گیرفانی پاڵتۆ ڕەشەکەی و بە دەم بیرکردنەوە لە ساڵێک، کە دڵیان تێدا شکاند، بە کۆڵانە تەسک و تاریکەکاندا دەچوو و ماڵەکەیشی کە ون دەکرد، بە قادرمەکانی هۆتێلێکی هەرزاندا سەر دەکەوت و خۆی بە هەڵمی قوزی قەحبەکان، گەرم دەکردەوە/ شارەکەی، بەو چەشنە، لە بیرەوەریی خۆیدا هەڵگرت/ ئەو شارەی، حیزەکان ئێستا بەڕێوەی دەبەن/

 

 

سەبارەت بە زانست، تەقەی سەری دەهات/ سەبارەت بە داهاتوو، ئێوارەیەک گوتبووی: وەرن ئەمساڵ بە زمانی سیکۆتینخۆرەکان هاوار بکەین/ سەبارەت بە نووسین، گوتبووی: با وەک شەللاتییەکان بیر لە نووسین بکەینەوە/ سەبارەت بە نووسەرانی شار دەیگوت: گەواد و قەحبەی سەرۆکی چەکدارەکانن/ سەبارەت بە هاوڕێکانی، لە هەندێکیان نائومێد بوو، لە هەندێکیان دەترسا، لە هەندێکیانیش، کە خۆشی دەویستن، دوور بوو/ سەبارەت بە خۆشەویستەکەی، نهێنییەکی هەبوو، متمانەی بە کەس نەبوو، بۆی بدرکێنێ/ سەرەنجام بەو نهێنییەوە چاوی هەمیشە تەڕ بوو/

 

 

بۆچوونەکانی سەبارەت بە نهێنی، تاریک بوون/ سەبارەت بە دکتۆرەکان، یادەوەرییەکی خراپی هەبوو/ سەبارەت بە پارە، ئەو ساڵەی کە نەخۆش کەوت و پارەی دەرمانی نەبوو/ شارە سەخیف و خوێڕییەکەی، بە باڕ و دۆست و شوفێر و باخچەکانییەوە، بە قەحبە و شاعیر و تاریکبیر و خاوەنڕێز و گەوادەکانییەوە، لە بیریان کرد/ هەر سووچێکی شارەکەی ئازارێکی کۆنی دەخستەوە بیر/ سەرەنجام تووڕەیی دۆزییەوە و دەرپێکەی، لە ناوەڕاستی شەقامێکی گشتیدا داکەند و گوتی: گووتان پێدا دەکەم.