براکەم کاتێک لەگەڵ تۆدا دەچمە ڕووبارەکەوە

بیتوحای فیرعەونی کەمترین زانیاری لە بارەیەوە لەبەر دەستدایە

April 29, 2018

بیتوحای فیرعەونی، تەنیا شتێک دەربارەی ئەم ژنە شاعیرە دەیزانین ئەوەیە کە لە باکووری دەلتای میسر و لە هەزارەی دووەمی پێش زایین ژیاوەتەنیا دوو شیعری لە لەناوچوون ڕزگاریان بووەیەکەمیان بۆ یەکەمجار شوێنەوارناسی ئەڵمانی “شبیگلبێرگ” لە مۆزەخانەی قاهیرە دەیدۆزێتەوە و پاش کردنەوەی گرێی زمانە هیرۆگڵۆفییەکەی دەبینێت شیعرێکی خۆشەویستییە، کە تێیدا هەستوسۆز تێکەڵ بە کۆمەڵێک هێمای ئیرۆتیکی دەبێت، وەک ئەوەی ئەم شیعرە سەرنجی ڕاکێشابێت دەیکاتەوە بە ئەڵمانی و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لەژێر ناوی “خەونەکانی عاشقێک”ـدا بڵاوی دەکاتەوە. دواتر وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی فەڕەنسی و لە ساڵی ۱۹۳۸ـدائەدیبی بەناوبانگ “ئیبراهيم ئەلمسڕی” لەژێر ناوی “خۆزگەکانی عاشقێک”ـدا وەری دەگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی و پاش ئەویش هەریەک لە شاعیران عەلی مەحموود تەها و محەمەد منزر لوتفی بە جۆرێکی تر دایدەڕێژنەوە. – باڵندە

 

خەونەکانی عاشقێک
بیتوحای فیرعونی
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: دالیا ڕەئووف

 

 

ئاهـ براکـەم
ئای لە سازگاریی ئەو هەستەی کە دام دەگرێت
کاتێک لەگەڵتدا دەچمە ناو ئاوی ڕووبارەکـەوە
لە بەردەمتدا خۆم دەشۆم
من دەمەوێت هەموو جوانییەکانمت پیشان بدەم
کاتێک لە ڕووبارەکەدا دەبم
جگە لە پارچەیەکی تەنک هیچی تر لەشم داناپۆشێت
کە بە ئاو تەڕ بووە
من دەمەوێت لەگەڵ تۆدا بچمە ناو ڕووبارەکەوە
لەگەڵ تۆدا لە ڕووبارەکەدا بچمە دەرەوە
لەناو دەستم ماسییەکی سوورم هەڵگرتووە
زور جوان دەردەکەوێت
لە نێوان پەنجەکانمدا
وەرە و سەیرم بکە