حسێن لەتیف | (١٩٧٤ - )
September 20, 2025
حسەین لەتیف شاعیر و نووسەر، لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەستی بە نووسین کردووە. خاوەنی دوو کتیبی شیعر و سێ کتێبە لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا. چوار جار لە فێستیڤاڵی گەڵاوێژ لە بوارەکانی شیعر و لێکۆڵینەوەدا خەڵاتی بردۆتەوە. هەندێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی.
حسێن لەتیف
١
فڕێدرامە ناوسکی تۆوە،
تۆش فڕێت دامە دەرەوە؛
خەونم بینی و… گێڕامەوە:
هەیڤ و …
هەتاو و …
هەسارە …
پێکەوە کڕنووشیان بۆ بردم.
گێڕامەوە و… براکانم ئیرەییان داگیرسا،
ئیرەییان داگیرساو… فڕێیان دامە بیرەوە؛
دایکە: بتزانیبا، ئەم چارەنووسەم دەبێت
هەر فڕێت دەدامە دەرەوە؟
٢
بەردەوامبە لە خەونبینین
وەلێ بۆ کەسی باس مەکە،
خەون بۆ -بینین-ە؛
نەک بۆ – گێڕانەوە-.
٣
چێژی – گێڕانەوە- لە دوای چێژی – بینین – دێت،
یوسف چێژی – بینین- ی بە چێژی – گێڕانەوە – گۆڕییەوە؛
یوسف گەر خەونەکەی نەگێڕایەتەوە
هەر فڕێ دەدرایە ناو -بیر- ەوە؟
بەڕاست بەهۆی کامیانەوە خرایە ناو- بیر- ەوە؟
٤
شیعر وەرگێڕانی- بینین- ە بۆ – وتن-،
ئەوەی – خەون وەربگێڕێت؛
یان دەبێت بە یوسف
یان بۆدلێر.
٥
هەر پرسیارێک لە بارەی – ژیان- مەوە،
سیسرکێکم یاد دەخاتەوە،
لەناو نوێنی خەوەکەم؛
یان بە قاچێکی مێزی خواردنەکەمدا هەڵدەزنێت.
٦
خەون دەبینم،
ماڵەکەم پڕبووە لە سیسرک،
ڕاهیبێک خەوپەرژێنی بۆ کردم و وتی:
چارەنووسی تۆ تەنیاییە
یان
خۆکوشتن.
٧
لە یەک کاتدا:
خەون دەبینم و… خەون دەگێڕمەوە؛
بەبێ ئەوەی نیازم بە پێغەمبەرایەتی و… شاعیربوون هەبێت.
٨
ئایا شارستانیەت بەبێ چەپاندنی – خەون- و…
بەبێ تاساندنی -گێڕانەوە – چێ نەدەکرا؟
ئایا ترسی شارستانیەت لە – خەون- بینین،
لە گێڕانەوەی خەون؛
ترس نییە لە دەرکەوتنی هەتاوی ژیارێکی نوێ؟
٩
زمان جێگای ئەو هەموو خەونەی تێدا نابێتەوە،
گوێی براکان بۆ بیستنی خەونەکانی من نەکراون،
دایکە: بۆ فڕێت دامە دەرەوە،
بمخەرەوە ناو ڕەحمی خۆت؛
تا کات ماوە،
گەر دەتوانیت.