بەڕۆژ ئاکرەیی، شاعیری کورد، لە ساڵی ١٩٦٣ لە دایک بووە. ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی لە ئێران و سوید ژیاوە. ئێستا لە هەولێر دەژی. بە فارسی چیرۆک دەنووسێت و بە کوردی شیعر. دوو کۆمەڵەچیرۆکی بە فارسی نووسیون کە کاندید بوون بۆ خەڵاتی هوشەنگ گۆلشیری کە خەڵاتێکی جێبایەخ بوو لە ئێراندا. “ئێمە لێرەین” و “شتێک لەم دەوروبەرە” دوو کۆمەڵەچیرۆکەکەی بەڕۆژ ئاکرەیین کە بە فارسی نووسیونی، کە یەکەمیان دەزگای ئاراس کوردییەکەی چاپ کردووە و ئەوی دیکەیان ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. هەروها پێنج دەفتەرەشیعری بە کوردی چاپ و بڵاو کردوونەتەوە کە بریتین لەمانە. “مردن لە ئاوێنەدا، دیسان مردن لە ئاوێنەدا، لەودیو شەوی پەیڤەکانەوە، فەرامۆشی نازناوی مەرگە و بە تەما بووم لە تەم بدوێم.” لەم ساڵانەی دواییدا چاپێکی نوێی “بە تەما بووم لە تەم بدوێم” لە لایەن دەزگای ئاراسەوە خرایەوە ڕوو. هەروەها بەڕۆژ ئاکرەیی هەڵبژاردەیەک لە کۆی دەفتەرەشیعرەکانی بە ناوی “تاکو دوێنێ” چاپ و بڵاو کردووەتەوە، کە هەڵبەت تەنیا لە چوار دەفتەرەشیعری سەرەتای هەڵی بژاردووە. لەبەر ئەستوورنەکردنی دیوان و بە هۆکاری ئەوەی هێندە نەدەبوو “بە تەما بووم لە تەم بدوێم” خرابووە بازاڕ، بۆیە لەم کۆمەڵەیە هیچی هەڵنەبژاردووە. بەڕۆژ ئاکرەیی لە زمانی فارسییەوە ئەدەبیاتی فارسی وەردەگێرڕێت و وەرگێڕی شیعرەکانی یەدوڵڵا ڕوئیایی و ئەحمەد شاملووە بۆ زمانی کوردی. هەروەها کتێبەکانی چیرۆکنووس غوڵامحوسێن ساعێدی، “تازیەدارانی بەیەل” و “ترسولەرز” لە کتێبە وەرگێڕدراوەکانی ئەون. کتێبێکی حوسێن ئابکەنار و دوو شانۆنامەی بەهرام بەیزایییشی کردووە بە کوردی. هەروەتر بە هاوبەشی لەگەڵ خەبات عارفدا ڕۆمانی “شازادە چکۆل”یان کردووە بە کوردی و دەزگای ئاراس چاپی کردووە. بەڕۆژ ئاکرەیی لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی چیرۆک و ڕۆمانەکانی نووسەری گەورەی ئێران هوشەنگ گۆلشیرییە کە بەرەو تەواوبوون دەچێت. شیعرەکانی ئەو بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدراون و بە هۆکاری ئەوەی زۆر لەسەرخۆ و بە وردی کار دەکات، هەمیشە چەند کتێبێکی بڵاونەکراوەی ئامادەن بۆ چاپ و بەردەوامیش بۆ پێداچوونەوە دەگەڕێتەوە سەریان. – باڵندە