جێهێشتنی دڵتەنگی

سومەییە جەلال | (١٩٩٩ - )

سومەییە جەلال | (١٩٩٩ - )

May 13, 2025

سومەییە جەلال، لە ساڵی ١٩٩٩ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لەدایک بووە.  دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵە. ئێستا نیشتەجێی شاری کەرکوکە و چەند ساڵێکە خەریکی نووسینی شیعرە. فەرموون ئەم شیعرەی سومەییە بخوێننەوە.

 

 

جێهێشتنی دڵتەنگی

سومەییە جەلال

 

 

کاتێک دڵتەنگ دەبم
نامەیەک دەنووسم و دەیسڕمەوە
گەر نا بۆ ژیریی دەستکرد دەینێرم.
لەوانەیە بچم خۆم بشۆم
یان شەترەنج لەگەڵ کەسێک بکەم لەوپەڕی دونیاوە
کێ دەزانێ ڕەنگە ئەویش بە هەمان هۆکار لەوێ بێت.
هەندێ جار دەگریم
بە باسک و دەستم یان قژم دەموچاوم دەشارمەوە
یان لەنێو سەرینمدا نوقمی دەکەم
بێ دەنگ دەگریم…
ڕەنگە شایەنی باسکردن نەبێت، بەڵام من
توانای گریانم باش نییە
زۆرجار پێویستە بگرییم، پێدەکەنم!
گەر بگریم ئاسان کڕ نابمەوە
دەیسەلمێنم: فرمێسک شێوازی خۆی دەگۆڕێ
بەڵام هەرگیز لەناو ناچێت!

کاتێک دڵتەنگ دەبم
سەیری وێنەکەی دەکەم
دەڵێم: دووریت بێەخلاقە!
کوردبوونمانم بیر دەکەوێتەوە
بە خۆم دەڵێم: وتت جوانە، بەڵام جوان نییە.

دڵتەنگی هەندێ جار زمانم لە گۆ دەخات
وەک ئەم ئێوارەیە
دایکم بۆ نانخواردن بانگی کردم
نەمتوانی وەڵامی بدەمەوە!
هەندێ جار شیعرێک دێت…
نەبا بخنکێم
وەک ئەم ئێوارەیە تێیدا ئەم شیعرە دەنووسم.
هەرچییەکم لەدەست بێت دەیکەم
تا لەو دۆخە نەگریسە ڕزگارم بێ
بۆ کوژاندنەوەی ئاگری بچووک
بیر لە ئاگری گەورە دەکەمەوە.
جێی دەهێڵم
لەم شیعرەدا، کە بە خەتێکی ڕەش نووسراوە
لەسەر پەڕەیەکی سپی.