جارێکی تر کە چوونەوە جەنگ

چۆلی فایەق/شاعیری کورد

February 28, 2019

 

چۆلی فایەق، لەدایکبووی ۱۹۹۱ لە هەولێرە. لە  ۲۰۰۷ـەوە دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی و یەکەم کتێبی لە ٢٠١٠ـدا چاپ کردووە. خاوەنی دوازدە بەرهەمە لە نووسین و وەرگێڕان. “فاتێ ئێوارانم بنووسەوە کیژەی مرۆدۆست” یەکێک لە کتێبەکانیەتی. لێرەدا شیعرێکی ئەو دەربارەی جەنگ دەخوێننەوە، کە تێیدا هەوڵ بۆ کوردییەکی باش و زمانێکی ڕیتمدار دەدات. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

جارێکی تر کە چوونەوە جەنگ
چۆلی فایەق

 

 

 

 

با ویستی خنکاندنمی هەبێ
هەر ئاوازێکی ناوازەیە
هاژەی شەپۆلی دەریا،
با نەمامی باخچەکەم هەڵقڕێنێ
هەر نەوایەکی سەرمەستانەیە
گڤەی بای شار،
با شیرنەخەوم بزڕێنێ
هەر زەنگێکی ناسکە
سیکەسیکی قەرەوێڵەی خەستەخانە،
با جوێنی پێ بخۆم
هەر چریکەیەکی بەچێژە
زاری ئاخاوتنی بەشەر،
با دوورەپەرێزم بکا
هەر دەنگێکی دڵنشینە
خشەی پەڕی کتێبی نێو ساقۆکەم،
با نغرۆی دووکەڵم بکا
هەر ڕیتمێکی سەنگینە
گڕگرتنی دنکە شقارتەکەم،
با مەندەهۆشم بکا
هەر سەدایەکی نەرمینە
هەڵتەقانی شووشە شەڕابەکەم،
با مەلوولم بکا
هەر مۆزیکێکی هێورە
نووزەی غەمبارەکانی جیهان،
با هیچیش بێ
هەر گۆرانییەکی مانادارە
شین و شاییەکانی دونیا،

 

با شنەت بە دڵی منی شەنیار نەبێ
با کەنارت بە حەزی منی مەلەوان نەبێ
با ماچت بە ویستی لێوبازیی من نەبێ
با پوولت میوانی بەڕکی من نەبێ
با وەفات هەرگیز بەشی من نەبێ
با سوتانت ڕووەو هەناوی من بێ
با هەلابوونت لەسەر جەرگی من بێ

 

بەڵام هەر خۆشم دەوێیت
کە هێشتە دڵم ناشکێنی و بای ئەوەت هێشتوەتەوە
بە دڵی خۆم چاوچاوانێ لەگەڵ سرووشتت بکەم و
بە گوێڕادێران لە سترانەکانت تێر سەرچۆپی بگێڕم…
بە عەنتیکەیی خۆت قەسەم
هێشتە هەر خۆشم دەوێیت
ئەی ژیانی ئازیزم.

هەمووتان ببن بە جەنگاوەر
هەمووتان بڕۆن بۆ بەرەی شەر
من تاکوتەنیا
نە دەبم بە جەنگاوەر
نە ڕوو دەکەمە بەرەی جەنگ
باکیشم نییە
بە چ ناتۆرەیەک بانگم دەکەنەوە…

 

کە لە جەنگ دەگەڕێنەوە
هەمووتان ستایشم دەکەن و تێ دەگەن
ئێوەی جەنگاوەر پێویستتان بە یەکێ بوو
تا چیڕۆکی ڕۆژانی تەنیایی
کوچەوکۆڵانەکانی شارتان بۆ بگێڕێتەوە
دەبوو نەبێت بە جەنگاوەر…

 

ئەوسا تێ دەگەن، لە من زیاتر
کەسی دیتان بەرگەی
شەڕی سەگ و پشیلەی کۆڵانەکانی نەدەگرت
کەسیشتان هێندە بێشەرمانە
شەڕەشیعری لەتەک شێتە بەجێماوەکان
بەرپا نەدەکرد…

 

جارێکی تر کە چوونەوە جەنگ
بە من مەڵێن: ناترسی بەتەنێ؟
من نە تەنیام نە مرۆڤیشم
شوێنم
شوێنیش: کەلاوە!
هەموو ئەوانەی تەنیاتان خستن
لای من خڕ بوونەتەوە،
بە ژمارە
ئێمەی دانیشتووانە تەنیاکانی کەلاوە
لە دانیشتووانە ناتەنیاکانی
شارە ئاوەدانەکەتان زێترین…

 

لەناومدا تەرمی سەتان تەنیا نێژراوە
بە نموونە
لە کەلاوەکەم دەیناسۆرێکی بێژمار
حەشار دراوە
هەر شەوەو یەکێکیان لە خەو هەڵدەستێنم و
بەدەم پرووشکە ئاگرەکانی دەمیەوە
ئەو ماڵانەی شار داغ دەکەم
کە لە هەر یەکەیان
ئەندامێکی برینداری منی پێوە نووساوە
پارچەیەک لە دڵی شکاوی منی لێ بەجێ‌ماوە
مشتێ لە مێشکی تێکچووی منی تیا ڕژاوە…

 

ئێوە بڕۆنە بەرەی جەنگەوە
منیش جەنگی خۆمم هەیە
لە بەری ماڵەکانتانەوە
جەنگەکەم هەڵدەگیرسێنم
کە گەڕانەوە
باسی شەڕەکەتان بۆ دەگێڕمەوە
با شێتەکانی شاریش دادوەرمان بن
بزانرێ گێڕانەوەی جەنگی کامەمان
شایەن بەوەیە بچێتە پێشبرکێیەکی چیڕۆکەوە…