کۆکاکۆلا و کاکاپۆ

ڕێبین خدر | (١٩٨٦ - )

ڕێبین خدر | (١٩٨٦ - )

December 7, 2025

ڕێبین خدر، لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٨٦ لە هەولێر لە دایک بووە. ئێستا نیشتەجێی ئەڵمانیایە. یەک کتێبی شیعریی هەیە بە ناوی “بە ١٤ ڕێگادا” هەیە.

 

 

 

کۆکاکۆلا و کاکاپۆ

ڕێبین خدر

 

 

 

فرمێسکە تاریکەکانی لارس

 

داپیرەم گوڵەباخی بە کۆکاکۆلاوە دەخوارد
هەنگە وروژاو و ئەویندارەکان لەسەر لێوانی هەڵدەنیشتن و لە تاریکایی دەمیدا ون دەبوون،

لە ماڵەکەیدا دوو وێنە هەبوون؛
ئیمامی عەلی بە ڕیشێکەوە لە سەر دیواری حەمام و کاڕڵ مارکس بە ڕیشێکی کەمێک پڕترەوە لە ژێرزەمینی شێداردا،

داپیرەم تەنیا دەژیا و تەنیاش نا؛ جنۆکەیەکی بیانی بە ناوی فییپ لارس دە ساڵ بوو لەناو جەستەیدا هەواری هەڵ دابوو
بە لارس بانگی جنۆکەکەی دەکرد
هەفتەی جارێک گۆشتی بۆ دەبرژاند،
دەیبردە سەیران
ئایسکرێمیشی بۆ دەکڕی

داپیرە کاتێک تووشی بیرچوونەوە بوو پێی وابوو خۆی خوشکی خۆیەتی، پێی وابوو لارسیش برایەتی،

کاتێک مرد پەڕەی گوڵەباخێکی شین لە دەمی بەربووەوە و
دوو هەنگی خوێناوییش لە کونی لووتیەوە هەڵفڕین،

کاتێکیش ناشتمان
گۆڕی داپیرە خوساو و تەڕ بوو،
تەڕ بە فرمێسکە تاریک و گەورەکانی لارس.

 

 

 

 

توێژەری بەناوبانگی دزێوییەکان

 

لەژێر دارچنارێک یا دارهەنارێک یا دارهەرمێیەک یا دارگوێزێکدا
گوڵێکم دایێ، ڕەتی کردەوە

بەخەمباری گەڕامەوە ماڵەوە لە فەلسەفەی ڕەتکردنەوەی گوڵم کۆڵییەوە،
زۆری نەبرد چوومە سەر بەهای جوانی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا
جا سەرم هەڵگرت تا لە ڕەگی ئێستاتیکا لای «ئیمانوێل کانت» حاڵی ببم،
گەیشتمە سەر جوانییەکانی دزێوی لای «چاڕڵز بۆدلێر»
لە پەیدابوونی شەیتان و بیرۆکەی بەنەفرەتکردنی زەوی ورد بوومەوە

بووم بە دکتۆر لە میونشن، بووم بە باوک لە مۆسکۆ، لە ئاگر،
لە گەشەکردنی تاوان لای ئەشکەوتنشینان ڕامام، بووم بە پڕۆفیسۆر لە کوالالامپور،
بووم بە باپیرە، بووم بە هەشتاونۆ کیلۆ، بووم بە ڕووەکخۆر، بووم بە یەکچاو،
بووم بە ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی باڵندەی کاکاپۆ لە ئۆکلاند،
خەڵاتی باشترین کتێبم بۆ باشترین کتێب لەبارەی ناشیرینی وەرگرت،
ناویان لێنام: توێژەری بەناوبانگی دزێوییەکان

بووم بە نەوەد ساڵ،
بەیانی و دوو بەیانی دەبمە سەد،
هەفتەیەکی دی سەعات شەش و دوانزە خولەکی ئێوارە دەمرم و
باش بیرم نییە

لەژێر دارچنارێک دارهەنارێک دارگوێزێک دارهەرمێیەک دارپرتەقاڵێک دارتوویەک
دارهەنجیرێک داربەڕوویەک دارلیمۆیەک دارخورمایەک دارگێلاسێک سپێندارێک
دارهەڵووژەیەک دارخۆخێک دارسماقێک داربییەک
دارچوالەیەک دارسێوێکدا بوو گوڵێکم دایێ و

ڕەتی کردەوە!