دەترسم لە سەوزێتی لاسکی گوڵەگەنمێک

سەرکەوت جەبار | (١٩٩٠ - )

سەرکەوت جەبار | (١٩٩٠ - )

March 26, 2025

سەرکەوت جەبار شاعیر و وەرگێڕ و فیلمساز و وێنەگرێکی کوردە، ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە. دەرهێنەری کورتەفیلمی هاوار (٢٠١٦) و درێژەفیلمی خەونەکانی شاعیرێکی مردوو (٢٠١٨) و بەڵگەفیلمی پۆرترەیتێکی سوفیان (٢٠٢٤)ـە. کۆمەڵە شیعرێکی هەیەبە ناوی  «تاریکیی پاش تاریکی»، کە لە ناوەندی باڵندە چاپ و بڵاو بۆتەوە، هەروەها ڕۆمانی «منداڵانی گوندی ژاوەژاو»ـی ئەسترێد لیندگرێنی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە و وەشانخانەی بەفر بڵاوی کردووەتەوە.

 

 

 

دەترسم لە سەوزێتی لاسکی گوڵەگەنمێک

سەرکەوت جەبار

 

 

 

 

١

 

ئەی گوڵەگەنمە تەنیاکە،
چیت دەوێت لە دەستەکانی جوتیارەکە؟
تۆ ئەی گوڵەبەڕۆژە بەدبەختەکە،
چیت دەوێت لە خۆرەتاوەکە؟
ئایا زیندوومانەوە ئەو هەموو کێشمەکێشمەی دەوێت؟
بۆچی کۆتایی پێ ناهێنیت؟ بۆچی پشتت ناکەیتە خۆرەتاوەکە و سەرت بۆ ئاڕاستەیەکی دیکە ناجوڵێنیت؟
ئەی باڵندە بچکۆلەکە تۆ چیت دەوێت لە ژیان؟
بۆچی چارەنووسی شوومی خۆت دەکەیت بە بەری هێلکەکانت؟
بۆچی بەرگەی ئەو هەموو نادڵنیایی و دڵەڕاوکێیە دەگریت؟
بۆچی کۆتایی بەو گەمەیە ناهێنیت، کە تۆ بەشێک نییت لێی؟
بۆچی لە چارەنووسی خۆت یاخی نابیت؟
ئایا لە پەڕ و باڵت بێزار نەبوویت؟
ئەی کچە تەنیاکە، ئایا هێشتا تێنەگەشتیت،
کە هیچ کەسێک تۆی خۆشناوێت؟ ئایا بەرگەگرتنی ئەو هەموو چاوەڕوانییە بەس نییە؟
ئاخۆ ئاوێنەکەت نیگەرانییەکەت دەبینێت؟
هێشتاش تێناگەیت کە پێخەفە چۆڵەکەت گۆڕی تۆیە؟
بۆچی کۆتایی بەم نیگەرانییەی بوونت ناهێنیت؟
ئەی دەریا
ئایا تۆ چێژ لە شەپۆلەکانت وەردەگریت؟
ئایا دڵخۆشیت کە ماسییەکان لە هەناوی تۆدا دێن و دەچن؟
شەپۆلەکانت نیگەرانت ناکەن؟
ئەی ڕووبارە بچکۆلە بریقەدارەکە،
هیچ کات لە خۆت دەپرسیت بۆ کوێ دەچیت؟
ئایا گێلگەمێش ئەوەی ویستی بەدەستی هێنا؟
بۆچی لە مەرگ دەترسا؟ بۆچی ژیانی خۆشویست؟
ئایا ژیان سەختتر، ترسناکتر لە مەرگ نییە؟
کەواتە بۆچی خونچەکان دەکرێنە و لە ژیان بێزار نابن؟
ئایا پەژمووردە بوون خەونێکی ترسناکە؟
بۆچی باڵندەکان لە جریوە ناکەون و کۆتایی پێناهێنن؟
ئەو هەموو فڕینە، ئەو هەموو ژیانە، ئەو هەموو خەونە، هێشتا بەس نییە؟
بیابان کەی لە وشکییەکەی بێزار دەبێت؟
بۆچی بیابان خەونەکەی سەوزبوونە؟
ئایا سەوزبوون خەونی بیابانە؟ ئەی کەواتە بۆچی سەری خۆی بەرەو دارستان هەڵناگرێت؟
ئەی دارستان ئەو هەموو درەختانە، ئەو هەموو باڵندانە، ئەو هەموو جریوەیە بۆ کوێ دەبات؟
چ ڕازێک لەنێوان دارستان و تەمدا هەیە؟
ئایا هەنگەکان بێزار نەبوون لەو هەموو گوڵە؟
ئاخۆ گەر مرۆڤەکان نەبن، هەنگەکان ئەو هەموو هەنگوینە بۆ کوێ دەبەن؟
بۆچی خۆر بارگەوبنەی ناپێچێتەوە؟ ئەو هەموو درەوشانەوەیە بەس نییە؟
ئایا خۆر هۆی نیگەرانی ئەستێرەکانە؟
چ ڕازێک لەنێوان ئەستێرەکان و شەودا هەیە؟
ئایا مەرگ و ژیان دوژمنی یەکدین؟
ئاخۆ شەهیدەکە لە خوێنەکەی نیگەران دەبێت؟
ئایا کاتێک مۆرانەکان دارەکە هەڵدەکۆڵن،
ئایا بیرەوەرییەکانیشی هەڵدەکۆڵن؟
ئایا خودا لێم بێزارنەبوو، هێندە نکۆڵیم لێی کرد؟
ئایا تۆوەکان بێزار نەبوون، هێندە ڕوان؟
ئایا دەنکە گەنمێک تەنیا دەڕوێت و ئیدی بیر لە هیچ ناکاتەوە؟
چۆلەکەیەکی خووساو، ئایا گلەیی لە باران دەکات،
یان لە هەورەکان؟
ئەو باڵندە برسییەی خواردنی دەستناکەوێت،
سەرزەنشتی کێ دەکات؟
ئایا سیلیسە بێزار نەبوو لە خۆڕازاندنەوە؟
چ کەسێک دەچێتە ژوانی سیلیسە؟
ئایا سیلیسە گلەیی لە ئاوێنەکەی دەکات؟
ئایا مانگ بێزار نابێت هێندە هەورەکان بەرچاوی دەگرن؟
ئەی ژنە قاوەگرەوەکە، بێزار نابێت لە خوێندنەوەی
ئەو هەموو جارەنووسە ڕەشە؟
ئایا مەرگ قاوە بۆ ژیان دەگرێتەوە؟
یان ژیان قاوە بۆ مەرگ دەگرێتەوە؟
ئایا ژیان لە مەرگ دەترسێت؟
ئەی مەرگ لە ژیان دەتۆقێت؟
ئایا کوێرەڕێگاکان بێزار دەبن لەوەی
هیچ ڕێبوارێک پێیاندا گوزەر ناکات؟
ئایا گەڵایەکی زەرد دڵتەنگی لقەکان و درەختەکە دەبێت کاتێک دەکەوێتە خوار؟
ئایا گەڵاکانیش ڕابردوویان هەیە؟
ئایا دار پرتەقاڵەکە ماندوو نابێت لەوەی هەمیشە سەوزە؟
ئەی دارەکان غەمگین دەبن کاتێک میوە نادەن؟
ئایا مانگ تامەزرۆی تاریکییە یان ڕووناکی؟
ئایا ئەو پرتەقاڵەی بەردەبێتەوە، دەزانێت بەربوونەوە چییە؟
ئایا بۆچی خەونەکانم منیان ناوێت؟.

 

 

 

 

 

٢

 

دەترسم
لە ئاوێنەکان
لە خوڕەی ئاو و
لە تریفەی مانگ و
لەو شەونمانەی ڕۆژگارێک مایەی خۆشحاڵیم بوون
لە پرشنگی چاوەکانت
لە پرچت کە وەک تاڤگە بە ڕووخسارتدا دێتەخوارەوە
لە خۆرهەڵاتن و خۆرئاوا
لە بریسکەی ئەستێرەکان و لە چارەنووسی شوومی خۆم
لە وێنەی خۆم لە ئاوێنەکەدا و
لە جریوەی چۆلەکەکان لە بەیانیاندا
لە پێکەنینی منداڵێک
لە ڕووناکی سەر ڕووبارەکە و
لە کەفی دەریاکان
دەترسم
لە سەوزێتی گیاکان
لە لەرینەوەی درەختەکان و سێبەری دارەکان
لە بەربوونەوەی پرتەقاڵێک کە لێوڕێژە لە ژیان
لە شەپۆلگەلێک کە هاوار بۆ کەنار دێین و کەنار
نایانگرێتە خۆی
لە وشەگەلێک دەترسم کە هەستەکانم دەرنابڕن
دەترسم لەم شارەی برینەکانم قووڵتر دەکاتەوە
لە هیواکانی سیلیسە و لە خەونە بەدینەهاتووەکانی خۆم
لە منداڵیی خۆم
لە چرکەساتی مردن دەترسم و
نازانم بۆ کوێ دەچم
لە چرکەساتی لەدایکبوونم
لە هاوڕێکانم دەترسم
لە چایخانە و پیاسەی ئێواران
لە ژاوەژاوی بازاڕ و لە تیشکی خۆر دەترسم
لەو سەگانەش دەترسم کە لە منداڵیمدا هاوڕێم بوون
لە بیرەوەری و لە لەدەستدانی بیرەوەری دەترسم
دەترسم ناوی خۆم لەبیربکەم
دەترسم
بریسکەی چاوەکانت لەبیربکەم
دەترسم لەو پشیلەیەی هەموو زستانێک
خۆی بە ژوورەکەمدا دەکات و دواتریش هەرگیز نایبینمەوە
دەترسم لە ڕووناکیی ئەو گڵۆپانەی ڕووخسارم ڕووناک دەکەنەوە
لەو تاریکییەی کە تێدا نوقم دەبم
لە پشکوتنی خونچەکان و لە سەوزێتی لاسکی گوڵەگەنمێک
من لە هەموو شتێک دەترسم.