ڕۆبێرت فڕۆست | (١٨٧٤ - ١٩٦٣)
February 26, 2025
ڕۆبێرت فڕۆست لە ساڵی ١٨٧٤ لە شاری سان فڕانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆڕنیا لەدایکبووە. لە ساڵی ١٨٨٤ ئەو کاتەی فڕۆست تەمەنی دە ساڵێک بووە باوکی کۆچی دوایی دەکات. ئەمەش کاریگەری زۆر لەسەر شیعرەکانی دادەنێت. لە ساڵی ١٨٩٢ لە قوتابخانەی ئامادەیی لۆرنس دەردەچێت دەکات و هەر لەوێوە وەک شاعیری قوتابخانەکەی دیاری دەکرێت. دوو ساڵ دوای ئەوە فڕۆست یەکەم بەرهەمی شیعریی خۆی بە ناوی “پەپولەکانم” لە گۆڤاری نیویۆڕک ئیندیپێندنت بڵاو دەکاتەوە. لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا یەکەم کتێبی شیعریی خۆی بڵاو دەکاتەوە. ستایلی شیعرەکانی فڕۆست تێکەڵەیەکن لە ڕیالیزمی سروشتی کە بە زمانێکی سادە و بێ گرێ و گۆڵ لە هەمان کاتیشدا قووڵ نووسراون. فڕۆست تاکە شاعیرە کە تا ئێستا چوار جار براوەی خەڵاتی پولیتزەر بووبێت کە یەکێکە لە بەناوباگترین خەڵاتەکان لە ئەمریکادا. لە ساڵی ١٩٥٨ وەک شاعیری نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبژێردراوە. جگە لەوە لە ساڵی ١٩٦٠ مەدالیای زێڕی کۆنگرێسی پێ بەخشراوە. ٣١ جاریش پاڵێوراوی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب بووە و زیاتر لە ٤٠ بڕوانامەی شەڕەفی پێ بەخشراوە، هەرچەندە ئەو زانکۆشی تەواو نەکردبوو. لە ساڵی ١٩٦٣ کۆچیدوایی کردووە.
ڕۆبێرت فڕۆست
لە ئینگلیزییەوە داستان گەڵاڵەیی
تێبینی: ئەم وتارە سەرەتا لە کۆلیژی ئەمهێرست پێشکەش کراوە و دواتر لە لایەن گۆڤارێک کە هەر لە کۆلێژی ئەمهێرست دەردەچوو بڵاوکراوەتەوە لە شوباتی ١٩٣١.
لەم وتارەمدا هیچ شتێک بەسەر هیچ کەسێکدا ناسەپێنم. نابمە داکۆکیکاری هیچیش. بەڵکو تەنها مژارێک دەخەمەڕوو و ئاریشەیەک ڕوون دەکەمەوە. ڕووی دەمیشم لە کۆلیژی ئەمهێرست ناکەم، بەوەی بڵێم هەرچی باشە لەوانەوە دێت و هەرچی خراپیشە لە کۆلیژەکانی دیکەوە.
چەندان کۆلیژ پێدەزانم کە بە تەواوی شیعری ئەمریکاییان قەدەغە کردووە. ئاگاداری چەندان کۆلێژم کە هەرچی شیعری هاوچەرخە تێیدا قەدەغەیە.
جارێکیان یەکێک بۆی گێڕامەوە کە قەشەیەک کچەکەی خۆی بەهۆی شیعر نووسینەوە لە ماڵەوە دەرکردووە چونکە باوەڕی وابووە جگە لە کتێبی خودا هیچ کتێبێکی دیکە پێویست نییە و نووسینیان زیادەیە.
دوای زانین و پەی پێبردن بە هەموو ئەوانەی سەرەوە پرسیارێک خۆی قووت دەکاتەوە: ئایا شیعر دەتوانێت وەک ئامرازێک بەکاربێت بۆ پەروەردەکردنی منداڵانمان؟ بێگومان پەروەردەکردن لە ڕێگەی شیعرەوە کارێکی سەختە بەڵام مەحاڵیش نییە.
بێگومان کۆلێژمان هەیە کە شیعر تێدا دەخوێندرێت بەڵام بە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت وەک ئەوەی هەموو شتێک بێت شیعر نەبێت. واتە شیعرییەت لە شیعر دادەبڕن. کارێکی زۆر سەخت نییە ئەوە و ڕەنگە هۆکارەکەشی لە خاکەڕاییان بەرانبەر بە شیعر بێت. تۆ بڵێی ئەو پڕۆفیسۆرانە کێ بن کە لەو کۆلیژانە وانەی شیعر دەڵێنەوە؟
ئەمەش تەنها لەکۆڵکردنەوەی ئاریشەی شیعرە لەو کۆلیژانەدا؛ بەوەی وەک هەر بوارێکی تری جگە لە شعر مامەڵەی لەگەڵدا بکەی. وەک بوارەکانی ڕستەسازی (syntax)، زمان و زانست. وا دەزانن گەر ئەوەت کرد دەتوانی شیعری ئەمریکایی و هاوچەرخیش بێ کێشە بخوێنیت.
کێشەیەکی تر ئەو کۆلیژانە لەگەڵ شیعر هەیانە، ئەوەیە کە شیعر ناچێتە نێو چوارچێوەی نمرە بۆدانانەوە. گرنگترین شتیش لای ئەو کۆلیژانە نمرە دانانە. من وەک مامۆستایەکی بە ئەزموون کە چەندان ساڵ وانەم گوتۆتەوە، هەرگیز کێشەم لەگەڵ نمرە دانان نەبووە. دەتوانم بۆ هەر کەسێک بمەوێت نمرە دابنێم – بۆ ئازاییەتیان، بۆ بیرۆکەکانیان، بۆ ڕاستی و دروستییان، هەر شتێک کە بتانەوێت – هەروەها دەتوانم هەڵسەنگاندن بۆ هەرکەسێک بمەوێت بکەم بەوەی پەسەند، زۆرباشە یان نایابە…هتد. ڕاستییەکەی، ئێمە هەمیشە نمرەدانەری یەکترین و ناشتوانین لێی دەرچین. بەردەوام لەسەر چەندان بنەمای جۆراوجۆر نمرە بۆ یەکتر دادەنێین. من دژی نمرە دانان نییم. لە زۆر بادوودۆخدا پێویستە لەسەرت نمرە دابنێی. بەڵام بۆ من نمرە دانان هەموو شتێک ناگەیەنێت بەوەی کە تەنها لەڕێگەی نمرەوە باشی و خراپی کەسێک هەڵبسەنگێنم.
یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندنی شیعرمان لە کۆلیژەکاندا خستەڕوو. بێگومان ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی کە شیعر لە سرووشتی خۆی دابماڵرێت. هەر کەسێ بیەوێت شاعیرانە وانە بڵێتەوە ئەوا دەتوانێت، چ جای ئەوە وانەی ئینگلیزی، لاتین، یۆنانی یان فەڕەنسی بێت. ئەو مامۆستایانەی شیعر تێکەڵ بەوانەکانیان دەکەن دەبێ هاوسەنگییەک لە نێوان زمانێکی زبر و وشکدا و زمانی شیعری ڕابگرن. نمرەدانان لەسەر زمانێکی زبر و وشک ئاسانترە لە نمرەدانان لە زمانێکی شیعریدا. ئەوەندەی من بیزانم تا ئیستا هیچ مامۆستایەک خواستی ئەوەی نەبووە ئەو هاوسەنگییە ڕابگرێت. کەس ناخوزێت دان بەوەدا بنێت کە شێواز و رێساکانی وانەوتنەوەی جۆرێک لە شیعرییەتیان تێدایە.
ئایا کەسێک دەتوانێت بچێتە کۆلیژ بەبێ هەڵسەنگاندی مەیل و خواستەکانی؟ چی لێ دەردەچێت؟ کۆتاییەکەی بە چی دەگات؟ دەبێت بەردەوام بەشداری لە خولی کۆلیژەکاندا بکات. پێویستە بچێتە قوتابخانەی شەوانە. دەزانن ئێستا قوتابخانەی شەوانەش پەیدا بووە! بۆچی؟ چونکە نەیان توانیوە ڕێچکەی خۆیان بە باشی لە ئەدەبی هاوچەرخدا بگرنە بەر. کە دەچن بۆ کتێبخانە و گەلەرییەکان نازانن بەدوای چیدا دەگەڕێن. ناتوانن وتارێک باش هەڵبسەنگێنن. سەریان لە بانگەشەی هەڵبژاردن و پڕوپاگەندەی سیاسییەکان دەرناچێت. بێئاگان کاتێک دەکەونە ژێر کاریگەری خوازە (metaphor) یان نەزیلەیەکدا. بێگومان خوازەش ئەو شتەیە کە ئێمە لێرەدا دەمانەوێت بە وردی لێی ڕابمێنین چونکە پەروەردەکردن لە ڕێگەی شیعردا، پەروەردەکردنە لە ڕێگەی خوازەوە.
وا دابنێن خەیاڵ، داهێنان، تامەزرۆیی، ئیلهام و تازەگەری کۆتایی هاتووە. وا دانێن هەرگیز لەو ڕوانەوە کەس هەڵناسەنگێنین. هێشتا دوو شت ماون کە پێویستە مامەڵەیان لەتەکدا بکەین ئەوانیش: ئارەزوو و باوەڕە. ئەمریکاییەکان باوەڕیان دەخەنە پێش ئارەزوویان بەڵام ئارەزووش پێویستە تیشکی بخرێتە سەر. لێرەدایە کە گرنگیی شیعر وەک تاکە شۆڕەسواری مەیدانەکە دەردەکەوێت. من بەش بەحاڵی خۆم لا لە تامەزرۆبوون (enthusiasm) دەکەمەوە. بەڵام تەمەزرۆبوونێک نا کە بێ ماریفەتە و وەک تیشکێکی کوێرکەر و قیژەیەکی کەڕکەر شیعر لە شیعرییەت دادەماڵێت و پەروەردەکردنێکی شێواو بەرهەم دەهێنێت.
ئەو تامەزرۆبوونەی من مەبەستمە تابەزرۆبوونێکە بارگاوییە بە ماریفەت. ئامانجی سەرەکی فێرکردنیش لە ڕێگەی شیعرەوە ئەو جۆرە تامەزرۆبوونەیە. دوێنی زۆر شتم لەبارەی ڤێرجیلەوە بیست کە زۆربەیان جگە لە تامەزرۆبوونێکی بێ ماریفەت شتێکی تر نەبوون. تەنها یەکێک لەوانەی لەبارەی ئەو دوا توانی بیرۆکەی خۆی لە ڕێگەی تامەزرۆبوونێکی پڕ لە ماریفەت بخاتەڕوو.
ئامادەم هەموو شتێک بخەمە لاوە، تەنها ئەوە نەبێت کە: تامەزرۆبوون لەلایەن خوازەوە دەستەمۆ کراوە. با ئەوە باشتر بخەمە ڕوو. تامەزرۆبوون دەستەمۆ دەبێت بۆ خوازە، تامەزرۆبوونێکی لە ڕادە بەدەر. لەو باوەڕە دا نییم کەس ئاگاداری بەکارهێنان و مامەڵەکردنی ژیرانەی خوازە بێت، چ جای ئەو خوازانەی خۆی بەکاریدەهێنێت یان هی ئەوانی تر، تا ئەوکاتەی بە باشی پەروەردە دەکرێت لە رێگەی شیعرەوە.
فڕۆست لە کاتی خوێندنەوەی شیعردا بۆ خوێنکارانی زانکۆی ئەمهێرست
شیعر سەرڕێژە لە خوازەی هەڵیت و پەڵیت، خوازەی جوان، خوازەی دانسقە… هتد. شیعر ڕێمان پێ دەدات شتێک بڵێین و مەبەستمان شتێکی تر بێت. خەڵک دەڵێن: “بۆ چی بە ڕێک و ڕەوانی ئەو شتە ناڵێی کە مەبەستتە؟” منیش پێیان دەڵێم: “ئایا کەس لە ئێمە شتی وا دەکات. هەموومان ئەو شتانە دەڵێین کە مەبەستمان نییە، ئەوەش وەک ئەوە وایە هەموومان شاعیر بین.” هەموومان حەز دەکەین بە ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی ئاماژەوە لەگەڵ یەک بدوێین. جا ئەوە چ بە هۆی ترسنۆکی یان هۆکاری تر بێت.
لەم ساڵانەی دواییدا زۆر هەوڵم داوە کرداری بیرکردنەوە لە خوازەدا بەرجەستە بکەم. جاروبار لێرە و لەوێ بەر خەڵکی وا دەکەوم هاوڕان لەگەڵم لەوەی کە هەموو کردارێکی بیرکردنەوە – جگە لە بیرکردنەوەی ماتماتیکانە و زانستیانە – جۆرێکە لە خوازە. بیرکردنەوەی ماتماتیکانە بۆ من سەختە نموونەی پێ بهێنمەوە بەڵام بیرکردنەوەی زانستی بەجۆرێک لە جۆرەکان رێی تێدەچێت.
سەردەمانێک یۆنانییەکان سەرقاڵی ئەوە بوون کە گەردوون لە چی پێکهاتووە یاخود لە چی دەچێت. دەیانگوون گەردوون لە سێ توخم پێکهاتووە: هەوا، خاک و ئاو (سەردەمانێک باوەڕمان وابوو لە نەوەد توخم پێکهاتووە، بەڵام ئێستا لەوباوەڕە داین کە لە یەک پێکهاتووە). یەکێک دەیگووت: گەردوون بریتییە لە ماددەیەکی ڕەق و تەق. یەکێكی تر دەیگوون بریتییە لە گۆڕانی بەردەوام. بەڵام لە هەموویان سەرنجڕاکێشتر لێکدانەوەکەی پیتاگۆرس بوو کە دەیگووت: گەردوون بریتییە لە ژمارە. ژمارەی چی؟ ژمارەی پێوەرەکان، پاوەندەکان و چرکەکان. لەو ڕۆژەوە زانست بووە بنەمای هەڵسەنگاندنی ڕاستی و دروستی شتەکان. خوازە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە بەرز بوونەوەدایە، تەنها ئەو کاتانە تووشی ئاستەنگ دەبێت کە ڕووبەڕووی دۆخێکی دەروونی و ڕۆحی دەبێتەوە.
ئەوێ ڕۆژێ میوانداری زانایەکی دیارتان کردبوو لێرە کە کۆتا وشەی ئەوە بوو گەر تەواو بشزانی بە دەقیقی شتێک دەکەوێتە کوێ، ناتوانیت پێشبینی خێرایی جوڵەی بکەی. دەتوانی بە بێ گەڕانەوە بۆ دژیەکی زینۆ دەرک بەوە بکەی. کە ژمارە تێکەڵ بە پانتایی کات و بۆشایی دەکەیت تۆ چەند خوازەیەک تێکەڵ دەکەیت کە تێکەڵیش نابن چونکە دوو شتی تەواو لە یەک دوورن.
با چەند خوازەیەکی باوی دیکە بە نموونە وەربگرین. باسی یەکێک لە خوازە نوێیەکانم کرد ئەوەی کە تێکەڵەیەکی کەیلانە لە ماتماتیک و فیزیکیی باڵا: گەر تەواو بشزانی بە دەقیقی شتێک دەکەوێتە کوێ، ناتوانیت پێشبینی خێرایی جوڵەی بکەی. بێگومان هەموو شتێکیش لە جووڵە و گۆڕاندایە. هەمووشتێک ئێستا حیسابی پێشهاتی بۆ دەکرێت. ئەوەش خوازەیەکی دیکەیە. هەرچی هەیە و نییە، هەمووی هەر پێشهاتە. ئایا لەو باوەڕەدای کە وابێت؟ ڕەنگە بە تەواوی نا. لەو باوەڕەدام زۆرینەی نەک هەمووی سەروکاری لەگەڵ پێشهاتدا هەیە. بەڵام حەزم لە بەراوردکردنە لەگەڵ پێشهاتی هونەریدا.
با لە گۆشەیەکی دیکەوە سەرنجتان بۆ شتێک ڕابکێشم. “لە گۆڕەپانی ماددەدا، بۆشایی لە شێوەیەکی چەماوەیی دەکات.” سەرنجڕاکێش نییە ئەوە! بۆ من زۆر دڵڕفێنە، “لە گۆڕەپانی ماددەدا، بۆشایی لە شێوەیەکی چەماوەیی دەکات.” “لە شێوەیەکی.”
شتێکی سەرجڕاکێشتری دیکە ئەوەیە کە – کتێب چییە؟ – وابزانم لە ڕێگەی خوازەیەکەوە پێتان بڵێم باشترە. ئامانجی ئەو شتە ئەوەیە ویستیی ئازادتان بۆ بگەڕێنێتەوە. هەروەها، دەخوازێت ئازادی ئیرادەتان پێ ببەخشێتەوە. دەبا پێتان بڵێم ئەوە چییە. ناتوانیت لە پۆلێکی دیاریکراودا بە دەقیقی بڵێی کێ پاش تەواو کردنی خوێندن دەمرێت بەڵام دەزانیت چەندە کەس دەمرن. هەروەک زاناکان کە نازانن کامە گەردیلەی دیاریکراو بەر کامە گەردیلە دەکەوێت بەڵام دەتوانن ژمارەی ئەو گەردیانەی بەریەکدەکەون دیاری بکەن. ئەمەش دەریدەخات گەردیلەکان هەر یەک لە خۆیاندا ئازادانە دێن و دەچن. هەر لەبارەی ئەوە پرسیارم لە بۆر* کرد ئەویش پشتڕاستی قسەکەی کردمەوە: “بەڵێ وایە. [گەردیلەکان] هەر کاتێک خۆیان بیانەوێ و خواستیان لەسەر بێت دێن و دەچن. جوڵەی هەر گەریلەیەکیش بە تەنها پێشبینی ناکرێت. بەڵام گەر بە کۆمەڵ بن دەتوانی پێشبینی بکەی. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە گەردیلە بە تاک ئازادترن لەوەی بەکۆمەڵ بن.”
یەکێکی تر لە خوازەکان کە جێی بایەخی ئێمە بووە و مێشکمانی سەرقاڵ کردووە خوازەی پەرەسەندنە(evolution). لێرەدا پێویست ناکات وشەی evolution کە ڕەگەکەی لاتینییە شی بکەینەوە. ئەم خوازەیە زۆر بە سادەیی بریتییە لە گەشەکردن و نەش ونماکردنی رووەک و شتەکانی دی. ماوەیەک پێش ئێستا یەکێک قسەیەکی زۆر ژیرانەی پێی گووتم، گووتی “تەواوی گەردوون و هەرچی شتە لەنێویدا لە گەشەکردن دایە.” ڕاستییەکەی هەرچەندە ئەوە خوازەیەکی زۆر جوان بوو من زۆر کەیفم بەو وتارانە نایەت کە باس لە پەرسەندی هەمووشتێک دەکەن – پەرەسەندنی نووقڵ، پەرەسەندی بەرزکەرەوە و نازانم چی و چی – تەنها دەتوانم ئەوە بڵێم ئەو خوازەی پەرەسەندەم زۆر بەلاوە گرینگە.
دەمەوێ سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم کە تا ئەوەی پەروردەیەکی شیعریت بە خوازە نەبێت لە هیچ شوێنێک سەلامەت نیت، چونکە ناتوانی لە بەها هێماییەکان و لاوازی و بەهێزی خوازە تێبگەی. ناتوانیت باش لە هەم زانست و هەم مێژووش بگەیت. با نموونەیەک بە مێژوو بهێنینەوە – جا ئەوە بۆ هەموو میژوویەکیش ڕاستە – دوێنێ گوێم لێ بوو یەکێک گووتی ئانیاس* بە جۆرج واشنتن دەچێت. لە کاتێکدا جۆرج واشنتن لەو جۆرە پاڵەوانە نەتەوەییانەیە کە سەر بە خێزانێکی چینی ناوەڕاست بوو و هەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە ببێت بە پاڵەوان، بەڵکو ئەو پەیوەست بوو بە بنیاتناتی داهاتوویەکی گەش بۆ خۆی و نەوەکانی. خوازەیەکەی زۆر خراپ نییە ئەوە گەر بەشێوەیەک لە شێواکان بیگونجێنی. دواتر هەر ئەو کەسە گووتی کە ئۆدیسۆس لە تیۆدۆڕ ڕۆزڤێڵت دەکات. لەو باوەڕەدا نییم ئەو خوازەیە ئەوەندە گونجاو بێت. کەسێک کە لە سەرەمەردگدا سەردانی گیبۆنی* کردبوو بە بێ ئەوەی هیچ خوازەیەک بەکاربهێنێت، گووتی کە هەر گیبۆنەکەی پێشان بوو.
با لە ڕوانگەیەکی ئاکاریشەوە باسی خوازەتان بۆ بکەم. جۆرێک بیرکردنەوەی خوازەییانە هەیە کە لە سۆزانیخانەکاندا باوە. جار و باریش لە دونیای دەرەوەی سۆزانیخانەکان دەبێتە باو. ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی هەموو ئەو وشانەی هەڵگری بەهای باڵان وەک: ڕاستگۆیی، ڕاشکاویی، سەڕاستی و هەر وشەیەکی باڵای تر کە تۆ بتەوێت. “لەژێر ناوی ڕاستگۆییدا، با کەمێک لەخۆمان ڕابمێنین.” یاخود “لە ژێر ناوی چێژدا، کە دوژمنی قەستەسەری باوباپیرانمان بوو، ئەو باپیرانەی کە پیوریتان* بوون… لەژێر ناوی چێژدا، کە دوژمنی پیوریتانەکانە…” دواتر “لە ژێر ناوی تەندروستیدا…” تەندروستی وشەیەکی باڵای ترە. یاخود لە ژێڕ ناوی سەلامەتی دەروونیدا. سەلامەتی دەروونی زۆر جێی بایەخی فڕۆیدییەکانە. بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو خوازانە پێش هەموو کەس هونەرمەندان بەرپرسیارن چونکە خوازەی باڵا بە مرۆڤی باڵا پەرەدەسەتێنێت. شانۆش بەرپرسیارییەتیەکی گەورەی دەکەوێتە سەرشان بەوەی کە شانۆ هەردوو جیهانی سەرەوە و خوارەوە بەیەکدەگەیەنێت.
دەمەوێت ئێستا ئەوە بڵێم کە تەنانەت ئەو وشانەش کە بەهایەکی باڵایان هەیە دەتوانرێت بۆ هەر شتێک بتەوێت بەکاریان بهێنیت، وەک چۆن ئەهریمەن دەتوانێت هەرچی وشەی بەهاداری ناو ئینجیلە بۆ مەبەستی خۆی بەکاری بهێنێت. تکایە ئەو قسانەشم لەڕووە ئاکارییەکەیەوە لێک مەدەنەوە. هەر وەک سەرەتا گووتم من هیچ شتێک بەسەر هیچ کەسێکدا ناسەپێنم. باشی و خراپی ئەو جیهانەم بەلاوە گرینگ نییە. من تەنها دمەوێت چەند شتێک ڕوون بکەمەوە.
با پیشانتان بدەم کە چۆن خوازەیەک لێکدەترازێنرێت:
ماوەیەک لەمەوبەر یەکێک پێی گووتم “زۆر بەلامەوە ئاساییە جیهان وەک مەکینەیەک وێنا بکەم،” منیش گووتم “مەبستت ئەویە کە گەردوون وەک مەکینەیەک وایە؟”
– نا لەو باوەڕەدام گەردوون خۆی مەکینەیەکە… یان وەک ئەو وایە… کەواتە گەردوون جیاوازە لە مەکینە
– نا لەو باوەڕەدام گەردوون خۆی مەکینەیەکە… یان وەک ئەو وایە…
– وابزانم تۆ مەبەستت ئەوەیە گەردوون وەک مەکینەیەک وایە
– زۆر چاکە با وای دابنێین گەردوون وەک مەکینەیەک وایە
– هەرگیز مەکینەیەکت بینیوە بە بێ پەیدان و دەسک بێت. یاخود بێ دووگمە کار بکات؟
– نەخێر، نەمبینیوە
– کەواتە، ئایا گەردوون وەک مەکینە وایە؟
– نا، مەبەستم ئەوە بوو، تەنها لە مەکینەیەک دەکا و تەواو
– کەواتە گەردوون جیاوازە لە مەکینە
ئەو دەیویست لەوە زیاتر لەسەر خوازەکەی خۆی نەڕوات. ئێمە هەموومان هەر واین. هەرچی خوازەمان هەیە لە شوێنێک لێکدەترازێت. هەر ئەوەشە جوانی خوازەمان بۆ دەردەخات. خوازەکان دێنە نێو ژیانمان و ماوەیەک لەگەڵمان دەمێننەوە، دواتر بێ ئەوەی پێ بزانین لە ژیانمان دەچنە دەرەوە. نازانین کەی و لە کوێ لە ژیانمان دەچنە دەرەوە و کەی دێنە ناو ژیانمان. خوازە ژیانێکە بۆ خۆی.
زۆر جار گوێم لێ بووە دەڵێن مامۆستا پێویستە قوتابییەکانی فێری بیرکردنەوە بکات. ڕۆژێک مامۆستایەکم بینی کە بە پەنجەی ئەسپێ کوژەی سەری قەتابییەکانی ختم دەکرد و پێی دەگووتن “بیر بکەنەوە.” ئەوە ئەو کاتانە ڕوودەدات کە بیکردنەوە دەبێت تەرز. ئەم تەرزە هێشتاش هەر ماوە.
ئێمە بەردەوام بە خوێندکارانی زانکۆ دەڵێین بیربکەنەوە بەبێ ئەوەی بۆیان ڕوونبکەینەوە بیرکردنەوە چییە. پێیان ناڵێن بیرکردنەوە جگە لە هەر پێناسەیەک کە بۆی کراوە بریتیشە لەوەی شتێک بڵێی و مەبەستت شتێکی تر بێت. پێیان ناڵێن بیرکردنەوە وەک پەیژەیەک وایە کەسەری لە ئاسمان دەرچووبێت.
دیارترین هەوڵ بۆ ئەوەی شتێک بڵێ و مەبەستت شتێی تر بێت ئەو هەوڵە فەلسەفیەیە کە دەیەوێت ماددە لەڕوی ڕۆحەوە ڕوونبکاتەوە یاخۆد باس لە ڕۆح بکات لەڕووی ماددیەوە، لە پێناو دروست کردنی ئەوەی یەکێتییەک لە نێوانیاندا. ئەمە گەورەترین هەوڵی شکستخواردووە. لێرەدا گرینگی شیعر و بیرکردنەوەی شیعریمان بۆ دەردەکەوێت کە هەوڵێکی سەرکەوتووانەی باسکردنی ماددیانەیە لە ڕووی ڕۆحەوە یاخود دوان لە ڕۆح لەڕووی ماددیەوە. هەر کەسێک وا بزانێت کەوا ماددیخوازی (Materialism) ئەوەیە هەمووشتێک بە ڕۆحیشەوە بە ماددیانە لێک بدەیەوە ئەوا کەوتۆتە هەڵەیەکی گەورەوە. ماددیخوازی هەوڵێک نییە بۆ ماددیانە لێکدانەوی هەرچی هەیە. مادییخوازی چەقبەستوو – جا چ شاعیر، زانا، یان سیاسەتمەدار بێت – ئەو کەسەیە لە ماددیخوازانەی خۆیدا ون بووە، بە شێوەیەک کە خوازەیەکی بۆ ماددیخوازیانەی خۆی نادۆزرێتەوە و لە ڕۆحێکی سەرلێشێواو زیاتر نابێت.
با نموونە بە خوازەیەکی تری خۆم بهێنمەوە. خوازەی خۆم گەر زۆر باڵاش نەبێت هەر پێ باشترە لە خوازەی باڵای خەڵکی تر.
لەبیرمە ڕۆژێک یەکێك گووتی، “ئەو لەو کەسانەیە بە قەڵغانی خۆی خەڵک زامدار دەکات.” ڕەنگە ئەو خوازەیە زۆر جوانیش نەبێت بەڵام بۆ وەسفکردنی کارەکتەری کەسێک زۆر باشە چونکە هەڵگری جۆرێک لە شیعرییەتە. “کەسێک بە قەڵغانی خۆی خەڵک زامدار دەکات.”
ئەو قەڵغانە قەڵغانێکی تری بە بیر هێنامەوە لە یەکێک لەو کتێبانەی باسی ئۆدیسە دەکات. کتێبەکە لەبارەی درێژترین مەلەکردنە. باش لەبیرم نەماوە ئەم مەلەکردنە چەندی خایاند، بەڵام پاش تەواو بوونی مەلەکردنەکەی، کە ئۆدیسۆس دەگات بە ناوچەی فیەیشا لە کەناردا قەڵغانێکی هەڵگەڕاوەی بەرچاو دەکەوێت.
هەر لە هەمان کتێبدا خوازەیەکی زۆر جوانتر هەیە. پاش ئەوەی ئۆدیسۆس دەگاتە کەناری فیەیشا، شەو لەژێر دوو درەختی زەیتووندا دەخەوێت. هەر ئەو شەوە ئۆدیسۆس خۆی بە گەڵای ئەو دارەدا دادەپۆشێت. لەو ناوچەیە کە ئاگر داگیرساند سەخت بووە، وا باو بووە ئاگریان بە خۆڵەمێشی خۆی داپۆشیوە. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت چ کارەکتەرێک بە ئۆدیسۆس دراوە لە کتێبەکەدا. “خۆڵەمێشی ئاگر.” کەواتە ئۆدیسۆس خۆی بە خۆڵەمێشی ئاگرە داپۆشیوە. خوازەیەکی چەندە بێوێنەیە!
بەڵام ئەو خوازانە لەو خوازانە نیین ڕۆژانە سەروکارمان لەگەڵیاندا هەیە. ڕاستە خوازەی زۆر سەرنجڕاکێشن. ڕاستە لەو خوازانەن کە دەرگا دەکەنەوە بۆ بیری قووڵ و بێهاوتا، ئەو بیرانەی کە نەمر دەبن، بەڵام نابنە بەشێک لە خوازەی ژیانی رۆژانەمان.
بەهادارترین خوازە ئەو خوازانەن لەرێگەی شیعرەوە فێریان دەبین. ئەو خوازانە باڵاترین پلەی خوازەیان هەیە و هەڵگری بیری قووڵن.
دەخوازم لەبارەی شیعرەوە ئەوە بڵێم تەنها ئەوانە دەتوانن ئەزموونێکی شیعریی بکەن کە لە شیعر نزیک دەبنەوە. دوو ڕێگەش هەیە بۆ نزیکبوونەوە لە شیعر. یەکێکیان بریتییە لە نووسینی شیعر. کە ئەوە دەڵێم هەندێک کەس وا دەزانن من دەمەوێت خەڵک شیعر بنووسێت، بەڵام من ئەوەم ناوێت یاخود باشترە بڵێم بە پێویستی نازانم. تەنها دەمەوێت ئەوانە شیعر بنووسن کە دەیانەوێت شیعر بنووسن. هەرگیز هیچ کەسێکم هاننەداوە شیعر بنووسێت کە نەیویستووە شیعر بنووسێت، تەنانەت ئەوانەشم هاننەداوە کە ویستوویانە شیعر بنووسن. شیعر نووسین گەمەی منداڵان نییە تا من کەسی بۆ هان بدەم. شیعر نووسین کارێکی ئێجگار سەختە.
(ڕۆژێک لە یەکێک لەو شارانەی ڕۆژاوا بووم. شارێک کە پڕبوو لە شاعیر. شارێک کە بۆ شاعیران دروست کرابوو. شارەکە ئەوەندە جوان بوو، هەموو کوچە و کۆڵانێکی ئیلهامبەخشی شیعر بوو. بەڵام نازانم بۆ ئەو شیعرانەی لەو شارە دەنووسران ئەوەندە سەرنجڕاکێش نەبوون کاتێک لە دەرەوەی شارەکە دەخوێندرانەوە. وەک ئەو نوکتانەی لە کاتی سەرخۆشیدا دەیانڵێیت. پێویستە دووبارە سەرخۆش ببیەوە بۆ ئەوەی لێیان حاڵی ببیت.)*
با ڕێگەی دووەمیشتان بۆ نزیکبوونەوە لە شیعر پێ بڵیم ئەویش ئەوەیە کە بیخوێنیتەوە. خوێندەوەیەکی زمانەوانی یان مێژوویی نا، بەڵکو خوێندنەوەیەکی شیعرییانە. سەختترین شت بۆ مامۆستایەکی شیعر ئەوەیە هەوڵ بدات بزانێت قووتابیەکانی لەڕێی خوێندنەوەی شیعرەوە چەندە لە شیعر نزیک بوونەتەوە. من چۆن بزانم کەسێک بە خوێندنەوەی کیتس چەندە لە کیتس نزیک بۆتەوە؟ بەڕاستی کارێکی سەختە ئەوە. جاری وا هەبووە ساڵێک وانەی شیعرم گوتۆتەوە و نەمتوانیوە دەرک بەوە بکەم قوتابییەکانم چەند لە شیعر نزیکن. جاری واش هەبووە بە یەک دەربڕین بۆم دەرکەوتووە کەسێک چەندە لە شیعر نزیکە. هەندێک جار یەک دەربڕین بەسە بۆ ئەوەی باش لە یەکێک تێبگەیت. دەیان قسەی هەڵیت و پەلیت بکەیت بە یەک قسەی جوان تێیدەهێنیەوە.
مرۆڤەکان بە نزیکبوونەوەیان لەو شتەی لە هۆگرن پێی هەڵدەسەنگێنرێن. تەنها بەڕێکەوتیش دەزانین کێ هۆگری چییە نەوەک لەڕێی پرسیار و وەڵامەوە. ئەو کەسەی زۆر لە شیعر نزیکدەبێتەوە لە هەموومان زیاتر لە چەمکی باوەڕ دەگات، تەنانەت لە دیندارەکانیش زیاتر. باوەڕ لە دوو سێ کات و بارودۆخی جیاوازدا لە دەرەوەی دین خۆی دەردەخات. یەکێک لەوانە ئەو خود-باوەڕیەیە کە لە تەمەنی نێوان پازدە تا بیست ساڵی پێیدەگەین. هەرزەکارێک لە هەموو کەس زیاتر لەبارەی خۆی دەزانێت بە بێ ئەوەی بتوانێت ئەو ڕاستییە بۆ کەس بسەلمێنێت. هیچ ماریفەیەکیشی نییە لە لایەن ئەوانی ترەوە قبووڵکراو بێت. ئەو ئەوەندە باوەڕی بە ماریفەی خۆی هەیە وادەزانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان هەر پەسەند دەبێت لای ئەوانی تر.
باوەڕێکی تری لەو جۆرەش هەیە ئەویش باوەڕی نێوان دوو کەسە بە یەکتر. ئەو باوەڕەی کە لە نێو ڕۆمانەکاندا زۆر لەبارەی دەدوێین. باوەڕی عیشق. ڕۆمانەکان تژین لە جۆریک لە نائومێدی بەرانبەر بەو باوەڕە. ئەو باوەرە لەو باوەڕانەیە کە دەکرێ شکستی پێ بهێنرێت.
سەرباری هەموو ئەو باوەرانە، باوەڕێکی دیکەمان هەیە کە بۆ من زۆر جێگای بایەخە ئەوەیش باوەڕی ئەدەبییە. هەر شیعرێک کە دەنووسرێت، هەر کورتەچیرۆکێک کە دەهۆنرێتەوە بەهۆی باوەڕی نووسەرەکەیە نەک کارامەیی و شارەزابوونی ئەو لە تەکنینکی نووسین. ئەو جوانیەی لە بەرهەمە ئەدەبییەکاندا هەیە پێش ئەوەی بزانرێن؛ هەستیان پێدەکرێت. نوکتەیەک هەیە لەبارەی نووسەران هەمیشە جاڕسم دەکات ئەویش ئەوەیە نووسەران سەرەتا کۆتا وشەکانیان دەنووسن دواتر لەو وشانەوە دەست بە نووسینی پەرتووکەیان دەکەن. بەڵام ئەوە ڕێگە دروستەکە نییە چونکە ئەو جۆرە نووسینانە لە باوەڕەوە سەرچاوە وەرناگرن. هەر کەسێکیش شارەزای نووسین بێت دەتوانێت ئەو نووسینە دەستنیشان بکات کە لە باوەڕەوە سەرچاوەی نەگرتووە. ڕەنگە نووسینی چیرۆک ئاساییتر بێت کە لە باوەڕەوە سەرچاوە نەگرێت، بەتایبەتی ئەو چیرۆکانەی کارامەیی نووسەر دەور دەبینێت لە نووسینیان.
ئەو سێ باوەڕەی باسم کردن – خود-باوەڕی، باوەڕی عیشق و باوەڕی ئەدەب – هەر سێکیان پەیوەندیان بە خودا-باوەڕیەوە هەیە بەوەی کە باوەڕی هەرکەسێک بە خودا پەیوەستە بەو داهاتووەی دەیەوێت بەدیبهێنێت.
باوەڕی نەتەوەیش هاوشێوەی ئەوانەیە. زۆرجار خەڵکم بینیوە دژی نەتەوە و نەتەوەخوازی (nationalism) قسەیان کردووە لە پێناو بەرگریکردن لە نێونەتەوەیی خوازی (internationalism). خوازەکانیان هەمووی تێکەڵ و پێکەڵ کردووە. لەو باوەڕەدان کە مادام فەڕەنساییەک، ئەمریکاییەک و ئینگلیزەک لەسەر سەکۆیەکی هاوبەش بەیەکەوە دادەنیشن بۆ وەرگرتنی خەڵاتێک کەواتە شتێک بوونی نییە بەناوی نەتەوەوە. ئێمە هەموومان دەزانین ئەو جۆرە بیرکردنەوە بەدانە لە کوێوە سەرچاوە دەگرن. دەمەوێت بەو جۆرە کەسانە بڵێم: “سەیرکە! سەرەتا دەمەوێت ببم بە تاک. دواتر دەتوانم ببم بەو نێونەتەوەیەی تۆ دەتەوێت. دەتوانین لوتی یەکتر ڕابکێشین یاخود هەرشتێک کە تۆ پێتخۆشە بیکەین بەڵام سەرەتا دەبێ کەسایەتییەکی تایبەت بەخۆمان هەبێت. پێش ئەوەی نێونەتەوەییمان هەبێت دەبێ سەرەتا نەتەوەمان هەبێت، نوقتە سەری دێڕ.”
با خوازەیەکی تر بۆ ئەو نێونەتەوەیی خوازانە بە نموونە بهێنمەوە. وا دابنێن من تەختەڕەنگێکم هەیە کە لە بۆیەی جیاواز پێکهاتووە. لە شوێنێک لەبەرانبەر کانڤاسێک دانیشتووم و خەریکی وێنەکاشانم. ئەو بۆیانەی لە تەختەڕەنگەکەدا هەن هەموویان دەبێ لێک جودا بن و نابێ تێکەڵی یەکدی ببن دەنا ڕەنگی تایبەتی خۆیان لەدەست دەدەن. بەڵام کاتێک لەسەر کانڤاسەکە وێنە دەکێشم دەتوانم بە ئارەزووی خۆم تێکەڵاویان بکەم و چیم بوێت پێیان بکێشم. تەختەڕەنگەکە و بۆیەکانی ناوی بریتین لە نەتەوە و کانڤاسەکەش بریتییە لە نێونەتەوەیی خوازی.
پوختەی ئەم وتارەم ئەوەیە بڵێم چوار جۆر باوەڕ هەیە کە بەهۆی سەروکارم لەگەڵ شیعردا پێیان گەیشتووم. یەکێکیان خوود-باوەڕییە کە ناتوانیت بە کەسی بڵێیت چونکە ناتوانی ئەو باوەڕەی خۆتیان بۆ بسەلمێنی. بۆیە تۆ هیچ لەبارەی ئەو باوەڕەتەوە نادرکێنی. جۆرێکی تری باوەڕ، باوەڕی عیشقە کە دووبارە هیچی لەبارەوە ناڵێی. دەزانی کە ناتوانی هیچی لەبارەوە بڵێی؛ بەڵكو تەنها لەڕێگەی دەرئەنجامەوە ئەو باوەڕە خۆی دەردەخات. باوەڕێکی تر باوەڕی نەتەوەییە کە لەڕێگەی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە بەکۆمەڵ دەچینە ناوی بۆ ئەوەی داهاتوویەکی گەش بۆ وڵاتەکەمان دابین بکەین. ناتوانین ئەو باوەڕە بۆ کەسانی تری کە هەڵگری ناسنامەی ئەو نەتەوەیە نیین ڕوونبکەینەوە ئەوەش بەشێکی بەهۆی ئەوەیە کە ئەوان لەو باوەڕە تێناگەن و بەشێکیشی بەهۆی لووتبەرزی ئێمەوەیە کە ناتوانین باش ڕوونی بکەینەوە. سەرباری هەموو ئەوانە باوەڕی ئەدەبیمان هەیە کە ناتوانی تەنها بەهۆی شارەزابوون لە تەکنیکەکانی نووسین پێی بگەیت. سەرنج بدەن لێرەدا مەبەستمان ئەدەبی ڕاستەقینەیە. ئەدەبێک کە زیاتر بڵێت لەوەی نووسەر دەیەوێت و بە شتێکی چاوەڕواننەکراو کۆتایی بێت. دواتریش بچیتە جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵی کە هاوشێوەی پەیوەندی نێوان ئێمە و خودا وایە بەوەی وامان لێدەکات باوەڕمان بە دونیایەکی تر هەبێت.
___________________________________________________
*نیلس بۆر (١٨٨٥-١٩٦٢): فیزیازانێکی دانیماڕکی بوو
* ئانیاس: پاڵەوانێکە لە ئەفسانە یۆنانییەکاندا
*ئێدوارد گیبۆن (١٧٣٧-١٧٩٤): مێژووناسێکی بەریتانیایی بوو
*پیوریتان: گروپێکی پڕۆتستانتی ئینگلیزیی بوون له كۆتاییهكانی سهدهی شازده و حهڤدهدا. زۆر توندوڕهو و چهقبهستوو بوون، هاوشێوهی سهلهفییهكانی نێو ئیسلام.
*ئەم بەشەی وتارەکە خراووتە ناو کەوانەوە. هۆکارەکەشی بۆ من نەزانراوە.