لە بەستەڵەکی هەنسک و خۆڵەمێشدا

ئیلهام ئەسەدی/شاعیری کورد

November 7, 2020

ئیلهام ئەسەدی، ساڵی ١٩٨٥ و لە شاری قوروەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. کۆمەڵناسی و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خوێندووە. پانزدە ساڵێکە بە فارسی شیعر دەنووسێت. ئیلهام جگە لە شیعر، خەریکی توێژینەوەی پسپۆڕانەیە لە بواری ئەدەبی منداڵان و کۆمەڵناسیی خێزاندا. کۆمەڵەشیعرێکی بڵاونەکراوەی هەیە و بابەتێکی لەمەڕ فرووغ فەرروخزادەوە نووسیوە، کە شادی نیکخا وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

لە بەستەڵەکی هەنسک و خۆڵەمێشدا
ئیلهام ئەسەدی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بەڕۆژ ئاکرەیی

 

 

 

 

کاتی بەرەبەیان
تۆ کە ڕۆیشتوویت
بۆچی بۆنی دەنگت بە سووروشیناییی شەودا هەڵگەڕاوە و
ترپەی قوڕگم توند لێ دەدات
بۆچی شوێنپێیەک لە قسەکانت لە زاری باڵندەکاندا
تەنانەت ئاوازێک لەمەڕ ئازادییەوە ناچڕێت
لای تو
نانی ماندوویەتیی کرێکارێک
جوانترە لە ژنانەترین چرکەکان
تۆ کە ڕۆیشتوویت
جارێک لە زیندانەوە
جارێک لە زینداندا
خوێن لە دەمارەکانتدا ئایا ڕادەکات؟
دەنگی کورسییەکان بۆچی هێشتا دەخولێنەوە لە کاتژمێری بەیانیدا و
بەر دەبنەوە بەر لە خۆرەتاو
بۆ نێو کۆشی سووروشینەکانی شەو

 

 

گەڵووەکان
هاوینی مەمکەکانت دەبێت کۆچکردن بزانن
تا بۆنی لەشت لە زەمهەریری زاهیدانەی پزدانت
دەرکێشێت
تا گەڵووە بەفراوییەکان
بگەیەنێتە گەرمای گەردنت
سەرما هەڵدەکات
هاوینی مەمکەکانت
دەرفەت بە هەتاوی پاییز نادات

 

 

جوانییەکەت
جوانییەکەت بخەرە لایەک!
لە بەستەڵەکی هەنسک و خۆڵەمێشدا
تەنیاییی زلتر دەبێت
مەیتەکان بەر لە سەربازەکان بەرەو وڵات دەگەڕێنەوە
جوانییەکەت بخەرە لایەک
لێرە تەنیا خەفەتە کە بە ساجۆری پڕەوە لە دایک دەبێت
بە ساجۆری پڕیشەوە دەمرێت

 

 

کۆماری ئیعدام
تۆم لە کۆماردا بینی
لە هوتێلکی ڤیەننا
لە زیندانێکی پایتەختدا

 

تۆم بە ئیعدام ناسی
لە سەرەی مردووە هەڵمساوەکان بە زاری خوێناوییەوە
لە خەونە چیمەنتۆکراوەکانی نێوان گۆڕەکان

 

لە کۆماری ئیعدامدا ماچت دەکەم
لە مەودای ئێسقان و چەکدا

 

تۆم
لە کۆماری ئیعدامدا
خۆش دەوێت.