ئێسک

سۆران محەمەدەسوورە | (١٩٩١- )

سۆران محەمەدەسوورە | (١٩٩١- )

December 27, 2024

سۆران محەمەدەسوورە، چەند مانگێک بەر لە کۆڕەو، لە شارەدێی حاجیاوا لەدایکبووە، به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی كوردیی زانکۆی سۆرانی ته‌واو كردووه. دواتر به‌رده‌وامیی به‌ خوێندن داوه‌ و ماسته‌ری، له‌ بواری بەراوردی شیعری کوردیی و فارسیی، لە ساڵی ٢٠٢١ لە زانکۆی کوردستانی سنە، وه‌رگرتووه‌. وه‌ک ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری گۆڤاری كه‌لێن كاری كردووه. ئێستا دانیشتووی سۆرانە و خاوەنی چەندین توێژینەوە و وتارە لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریدا.
سۆران محەمەدەسوورە خاوەنی کۆمەڵە شیعرێکە بە ناوی قوژبن.

 

 

 

ئێسک
سۆران محەمەدەسوورە

 

”بە خەلیل سەلیم؛ هاوڕێی توولەڕێ و وتووێژی بەردەم بڵێسەی ئاگری شەوانی چیایەکان، پێشکەشە.”

 

 

لە قورگێک زمانی زارێک بێدەنگ دەژی
نازانێ بەیانی بانگ بکات!
دونیا لێی لە هێورە
تووڕەییشی کەفکردوو

*

ئەی ئازار! لە خوێنی مرۆڤ پەروەردەبوو
ئیرەیی لە دڕک وەدەرکەوتوو
ئەم هەموو ڕووناکییە کوێرەی شار ژاراندوومی
ئەم هەموو باران باخ ژیانی هەڵنەپچڕاوە غەریبیان کردووم
وەک گورگێک دوای برینێ کەوتبێت بۆنم کڤز و بێئامانییە
وەک مێروویەک کات پەڕاندبێتی ئارامیی تۆقاندوومی!
دونیا ڕەوتی گۆبەندە
کەچی ئەوەتا ئارام ڕێ دەکات
وەک من تۆش لێی وەزاڵە هاتوویت؟

*

کاتێک زەوی ئارامە ئاسمان سازوساوە
وەک دۆزەخی تێنووی قومێک ژیان قوڵپ دەدەم
خودا! بۆیە زارەترەکی دەستەڵاتی شاعیرە
دەزانێت بەرانبەر ئەم کەونە چ تووڕەیییەکی هەڵگرتووە
بێدەنگیی شاعیر
وەک ڕووەو دۆزەخ خودای حەیران کردبێت!
وەک هاوماڵێک لەگەڵت بژی نەتبینێت
ڕێگەیەک دوور بڕوات نەتڕوانێت
باوەشی کەوتووەتە گەروویەکی پڕ لە سمکۆڵان
ژووری خن و مۆتەک زمانی گزربووی سەگێک بیلێسێتەوە
بێدەنگیی نەبێت ناتوانێت وەک پیرکێک دەست بە داوێنی ژیانەوە بگرێت و
جوانییە چڵکاویییەکەی مرۆڤ هەڵبماڵێت
ئاھ! دەلێژی ئەو ڕۆژەم کە تۆ تێیدا ماچ دەکرێیت
ئەی جوانیی لە خودا داگەڕاو
شێتیی لە شەیتان هەڵگەڕاو
ژیان ئارام و هاوئاهەنگە …
قامچییەکەت بەدەوری ملی تووڕەییدا بسووڕێنە!
با کەللـەسەرت هێمای ژیانویستی ئازاری دەرپۆقیوت بێت
بڕەوتر بپەنمێوە قوڕگت!
شادیی ببێزێنە! خۆشەویستییش!
تووند چنگی قیژەت
بەدونیای تووڕە و کەفکردووی ناختدا بکە!
بەسەر مەرگی خۆراوییتدا
جگە لە دەستماڵێک دووچاوی بێدەنگ و کزۆڵە
لە ڕۆحی تاریکت چی جێدەمێنێت؟
لە نەسرەوت وەگیانم هێنایت و
ئێستا دونیا سازاو و کڕە

*

دایە!
ئه‌ی جوانیی شکۆی شکستی شەیتان
گیراوەی پەرێشانیی خوداکان
ڕووخساری لەخۆڵەمێش هەڵسوویانم
بەنێو شکەوتەکەی پلاتۆدا دەکەمەوە
بەڵام لەم ژوورە کابووساویییەدا چی جێدەمێنێت؟
شیعر بۆشاییی نێوان من و خەڵکە

*

ئای لە قەهران ناسکسوور هەڵتۆقیوو
شێلدراو بە حیلەی ئەسپی جادووبازان
ئەو ئاسمانە کەڕوویی و باوە
لەبەردەم سەگ و پشیلەی شیو و باسکان
کە دووچاری خەمی بوون
خەڵوەتنشینی مرۆڤی بەیانین هەڵبتەکێنە!
شادیی بگوشە شیلەی ڕۆبکە
تا خودایەکی چاوسووری باریکەڵە و
میللەتێک لە بڵێسە وەپاشکەوێت

ئەگەر نا دایە دەبێت بنووم!
بەچاوێکی داخراو
دڵێکی کۆربووەوەی کەفگرتوو!
دەبێت بنووم دایە!
هیچم لەو مرۆڤانە بیر نامێنن
بەیانی هێور و دڵخۆش بەتەنیشتمدا تێدەپەڕن

*

دایکە
ڕۆژێکیان پیاوێکی باریکەڵەی کەڵەگەتی چاوشین پێش ئەوەی خۆی بکوژێت چیرۆکێکی بۆ گێڕامەوە “دوو کووپی بچووکی سنیی ئێسکێکیان بە شاوڵیی تێدا هەڵگیرابوو” ئەو چارەنووسی خۆی لەو ئێسکەوە بینیبوو کە بینیمەوە لەسەر ماهێکی به‌رز دارێک لقێکی بەرەو ئاسۆی ئەوبەر ڕاهێشتکردبوو جەستەیەکی باریکەڵەی ئێسکاسای لەنێوان زەوی و ئاسماندا به با دەخوولاندەوە
چونكه كوردیش بوو ناونانێك نه‌بوو بۆ له‌بیركراوانی
بێهوودە چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بووم حیکایەتەکەت بەڕاست بگەڕێت چیا ئاسمان زەویی ببنەوە مژ بپێچرێنەوە منیش بیانخەمە ژێر باڵم بێئاگا لەوەی ئەو وێرانبوون و سەرگەردانییە حیکایەتی من بوو کەڵکی یاریکردنیان نەمابوو نەشمدەزانی بۆ کوێیان دەبەم دەمێک ساڵان لە ژیان سووا لەمێژیش بوو لوولدرابوو
له‌و ڕۆژه‌وه دایە بووم به ئومێدێکی ڕەشبین و به‌خیلییم به‌خوداكان شكاند

*

ئەگەر هەر یەکێکمان قەڵەباڵغیی دەوروبەر لەبیر بکات و بۆی وەتەنگ نێت بێگومان ئاییندەی شەڕێک دەبێت بۆ خۆی دەپرسم چەندە بەتەنگ ئەو دەوروبەرە و بوودەڵەکانییەوە بووم؟ من هەمیشە خه‌ونی ژیانێک ده‌بینم بەسەر دوندی بەربەیانێکی دۆزه‌خیی و لەڕولاوازییمی وەپشتخۆگرتووە

*

زمانێک بوو داچەقیبووە قورگێکی بێدەنگیی تێئاخنراو
دوای خۆكوشتنی زمانی خۆکوژێک
خۆی لەگۆڕ دزیبووه‌وه.