سنگم پڕە لە ڕێبوار لە سواڵکەر لە سەرگەردان

ئیسراء ئەلنەمر/شاعیری میسری

April 15, 2019

  

ئیسراء ئەلنەمر، ڕۆژنامەنووس و شاعیری میسری، لە ساڵی ١٩٩١ لە قاهیرە لە دایک بووە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

سنگم پڕە لە ڕێبوار لە سواڵکەر لە سەرگەردان
ئیسراء ئەلنەمر
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جەمال غەمبار

 

 

 

 

1- کاتێ ڕێ دەکەن، سەریان دەکەوێتە خوارێ!

 

 

کە دەگەڕێمەوە ماڵێ

یەکسەر دەچمە ژێر دووشی حەمامەکە
بۆ ئەوەی لەو کەسانە پاک ببمەوە

کە بە جەستەمەوە لکاون.

ئەوانەی شانیان بەر شانم کەوتووە

ئەوانەش کە بێ مەبەست پێیان بەسەر دڵمدا ناوە.
ئەوانەی، نە من تەماشام کردوون

نە ئەوانیش تەماشایان کردووم.

ئەوانەی هەردوو دەست و هەردوو قاچیان نییە.

ئەوانەی بەبێ هــۆ پێدەکەنن.

ئەوانەی دەگریەن

چونکە ئەو دەمەی ڕێ دەکەن، سەریان لێ بەر دەبێتەوە.

ئەو کەسانەشی

لە باڵکۆنەکاندا وەستاون و

چاوەڕوانی شتێک دەکەن کە نایەت!

 

 

 

2- درزێکی درێژ

 

درزێکی درێژ لە ناوەڕاستی سنگمدایە.

درزێکی کراوە، وەک ئەوەی چاڵێ یان خەرەندێ بێت،

هەمیشە بە پێستێکی تەنک،

کە لە بازاڕێکی میللی هێناومە، دایدەپۆشم

هەر کێ بە بەردەمیدا تێدەپەڕێ، بەر دەبێتەوە ناوی!

وای لێ هاتووە سنگم پڕ بووە

لە خەڵکی ڕێبوار و سواڵکەر و سەرگەردان!

پڕە لەو کەسانەش کە ڕێگەی خۆیان بەڵەدن.

 

من ناترسم لەوەی ئیتر سنگم

جێگەی کەسانی زیاتری وەک ئەوانی تێدا نەبێتەوە

ئەوەی لێی دەترسم ئەوەیە؛

یەکێک لەوان، سەر لە سنگم بێنێتە دەر و

ژمارەی ئەو ئٶتۆبیسە ببینێ کە چاوەڕێی دەکەم!

 

 

 

3- چاوێکی شین و ئەوی تریان خۆڵەمێشی!

 

هەموان لە ڕووخسارم و

لەو چرچولۆچانەی تێی کەوتوون

ورد دەبوونەوە و

لە دڵی خۆیاندا دەیانگوت؛

کچێ لە تەمەنی بیستویەکساڵەیدا

بٶ وای لێ هات!

ئەوان لە لووتی چکۆلانەم ورد دەبوونەوە
هێندە چکۆلە بە قەد دەنکەزەیتوونێک.

لە چاوەکانیشم ورد دەبوونەوە

نەک لەبەر جوانییان (چونکە من جوان نیم)

بەڵکوو لەبەر ئەوەی چاوەکانم سەیرن

چاوێکم شین و ئەوی تریان خۆڵەمێشیی!

دێتە بیرم، جارێکیان منداڵێک

کە بۆ یەکەمین جار منی بینی،

بۆ ئەوەی پێکەنینەکەی،

یان ڕەنگە، هاوارەکەی بشارێتەوە،

دەستەکانی بە دەمیەوە گرت!

دواجار؛

ئەو منداڵە خۆم بووم!

ئەو هەمووەشی لێم ورد دەبوونەوە، هەر خۆم بووم!

 

 

 

 

سەرچاوە: رۆژنامەی (الحیاة) – 16 ی ئۆکتۆبەری 2018