لە خراپترین حاڵدا

فازڵ عەززاوی/شاعیری عێراقی

May 14, 2020

فازڵ عەززاوی– شاعیری عێراقی، لە ساڵی 1940 لە شاری کەرکووک لە دایک بووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی و دکتۆرای لە زانکۆی “لایبزیگ”ـی ئەڵمانیا لە بارەی (گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم پەرەسەندنی رووناکبیریی عەرەبی) بە دەست هێناوە . بەر لەوەی بچێتە ئەڵمانیا و ببێتە پەناهەندە، لە عێراق لە ڕۆژنامەوانیی ئەدەبیدا کاری کردووە و لە ساڵی 1969ـدا بەشداریی دەرچوواندنی گۆڤاری “شیعری 69″ـی کردووە و پاشان (مانیفێستی شیعریی) نووسیوە، کە هەرایەکی ڕووناکبیریی نایەوە لە بارەی کۆنسێپت و ئاسۆی شیعری نوێی عەرەبییەوە. هەندێک لە دیوانە شیعرییەکانی: (سڵاو ئەی شەپۆل… سڵاو ئەی دەریا)-  (بەرەو ژوور هەتا لای چاوەی ئاو) – (پیاوێ بەرد هەڵدەداتە ناو بیرێک). وێڕای نووسینی شیعر، چەندین ڕۆمان و چیرۆک و توێژینەوەی ئەدەبییشی هەیە. لەگەڵ هەریەک لە شاعیرانی کەرکووک “سەرگۆن بۆڵس و موئەیەد ئەلڕاوی و سەڵاح فایەق و جان دەمۆ” گرووپێکی شیعرییان بە ناوی (گرووپی کەرکووک) ڕاگەیاند و ئەم گرووپە کاری لەسەر دامەزراندنی بنەماکانی ‘پەخشانەشیعر’ دەکرد. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

لە خراپترین حاڵدا
فازڵ عەززاوی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ژیار ئەسوەد

 

 

 

دەشێ ئەستێرەیەک

دەشێ گەوھەرێکی ونبوو

دەشێ کەشتییەکی وەلاکەوتوو

دەشێ چیایەک

یاخود درەختێک.

دەشێ ئەستێرەیەک کە ڕۆژێک لە سەری دابەزی

دەشێ گەوھەرێک کە بە ڕێکەوت بیدۆزیتەوە

دەشێ کەشتییەکی وەلاکەوتوو کە بە گوریس ھەڵیکێشی

دەشێ چیایەک کە پێیدا ھەڵشاخێی

یاخود درەختێک کە پێیدا ھەڵزنێی.

 

ھەردەم شتێک ھەیە ئەنجامی بدەی:

زوو بنووی

درەنگیش ڕابی

ڕووخسارت بە سابوون بشۆی

بە ناشتا جگەرە بکێشی

بە تاقی تەنیا بە شەقامێکدا ڕێ بکەی

لە قاوەخانەیەک دابنیشی.

تەنانەت گەر شتێک نەبێ بیکەی

ھیچ گرنگ نییە بیکەی

چونکە لە خراپترین حاڵدا دەکرێ بە خۆت بڵێی:

‏!So ist das leben

 

 


شاعیر دوایین دێڕی بە ئەڵمانی نووسیوە، کوردییەکەی: ژیان وایە!