غادە سەممان، شاعیر، ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووسی سووری، لە ساڵی ١٩٤٢ـدا لە دیمەشق لە دایک بووە. سەرەتاکان لەژێر چاودێریی باوکیدا- ئەحمەد سەممان- بەرهەمەکانی چاپ و بڵاو دەکردەوە. لە ١٩٦٤ـدا یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی بە ناوی “چاوەکانت چارەنووسی منن” بڵاو کردەوە. بەم کتێبە خرایە ڕیزەی نووسەرە فێمێنیستەکانەوە و دواتر لەم بازنەیە دەرچوو. یەکەمەین ڕۆمانی بە ناوی “بەیرووت ٧٥” لە کۆتایییەکانی ١٩٧٤ـدا چاپ کرد. ناوی هێندێک لە دەفتەرەشیعرییەکانی: ئەڤین/١٩٧٥. خۆشەویستیمت پێ ڕادەگەیەنم/١٩٧٦. شایەتیی دەدەم دژ بە با/١٩٨٧. خەمنامەیەک بۆ یاسەمینەکان/١٩٩٦. ئەبەدییەت، ساتی ئەڤین/١٩٩٩. – ماڵپەڕی باڵندە
ئاوا دەدوێم، من
غادە سەممان
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی
وێنە
لە هەموو باڵکۆنێکدا ڕووخسارێکی هەڵواسراو هەیە،
یادەوەرییەکانیش ئامادەن.
ئامۆژگاری
چۆلەکەکان دەجریوێنن، خۆشبەختییش دەفڕێت.
بۆچی پەین دەڕشێنیت؟
خوێنبەرەکان وشک بوون.
لەدایکبوون
دکتۆرەکە چەقۆکەی هەڵدەگرێت
منیش ئازارەکەم هەڵدەگرم
ئایا کێ یەکەمجار دەجووڵێت؟
داگیرکردن
لە خۆشەویستیدا تامی ئاگر هەیە، وەک شۆڕش.
ئەوەی کە هیچ کەسێک قووتی نادات.
هاووڵاتییەکان
خۆشەویستیم کرد، سێ جار!
یەکەمیان ناپاک بوو…
دووەمیان ترسنۆک…
سێیەمیشیان مار بوو.
هەمووشیان سەر بە نیشتیمان بوون.
برین
واز لە لێوم بێنە.
گوللـە برین پاک ناکاتەوە،
پێش ئەوەی بیسووتێنێت.
بەئاگا
داستانەکەی نووسی، تا کیانی عەرەبی بهەژێنێت.
بەڵام ئاپۆڕاکە کیانەکەیان گواستەوە بۆ “کەمەر”ـێک.
ئاوات
خۆزگە هەوڵدانت بە قەبارەی ئەو دەنگە بوایە…
کە بەرزی دەکەیتەوە.
تکا
ئەگەر نەوەکەت لە ڕیزی نەوەکان نەبێت.
پێویستیمان بە وەحشیەتی زیاتر نییە.
تاراوگە
هەڕەشەم لێ دەکات بە ناردنم بۆ دۆزەخ.
کەوایە مانەوەم لێرە، ناو دەنێت چی؟
بەڵێن
کاتێک بڕی مەیـیەکەم پێوانە دەکەم و
شێتییەکەم ڕادەگەیەنم
پەتێکی سێدارەش دەدۆزمەوە کە لە وشەکانم بوەشێتەوە و دەیڵێم.
ڕێپێوان
لە پێناوت دڵتەنگ بووم خۆشەویستم
کاتێک ئاماژەیەک ڕایگرتیت
“بۆ دواوە پێشڕەوی بکە”
ڕەشبینی
دوودڵییەکی سوێر بەرەو ترسانم دەبات،
تا کۆتاییی کارەکە وشەکانم زیندانی دەکات.
بە عەقڵێکی کرچوکاڵ.
دەرهێنان
پڕاوپڕ وەک شکستهێنان لە قسەکردن
یان هەڵەیەکی چاپ.
لە هەموو خانەیەک غافڵگیرییەکی زۆر هەیە.
شۆڕش
لە ڕۆژگاری دووریدا…
تاریکیی شەو و پەتی سێدارە و ڕووخساری مانگ.
شەو ستەمی کرد
پەتی سێدارەش درێژ بوو و
مانگیش ڕوونتر بەدەر کەوت.
بوێری
بۆ ڕاستی و زیندان
یەک دەرگە هەیە.
ڕێزگرتن
بەڵێ بۆ کەر بکە، کاتێک دەزەڕێت
نەک کاتێک کە (بیر دەکاتەوە).
گاڵتەجاڕی
من ئەو جانەوەرەم ئەوەی لەو جیهانەدا زەنگ لێ دەدات
کە جەنجاڵە بە بەیەکداکێشانی مێشوولەکان.
وریاکردنەوە
پێش ئەوەی بکەویتە ژێر ئەوانەی تر،
بیرت بێتەوە کە دزەکان شەڕەنگێزییەکی توندیان هەیە.
مەرج
ئەگەر قسەکانت وەک برووسک درەوشاوە نەبوو،
جادوویی نەبوو وەک هەورەگرمە و
چارەسەرکار وەک گوللـە
بگەڕێ بۆ ئەوەی کە چۆن گۆکردن لە بیر بکەیت.
هەڕڕاج
بڕوا بەوە مەکە کە ئەوەی دەکڕێت دەشفرۆشێت
ئەگەر کەرامەتت بپارێزێت لەناو سندووقی (ئەسپاردەکان).
جیاوازییەکان
داهێنان لە لای من (ئازادی)ـیە.
ئازادی لای ئەوان (شکست)ــە.
خواست
پەڕەیەکی سپی
قەڵەمێکی جاف.
وەرە هاوڕێ بەو چەقۆیە…
لێدانێک… دوان…
دەمەوێ قەسیدەکە تەواو بکەم.
کۆتایی
ئاگادار بە،
قەڵەمەکە پڕە لە خوێن
لاپەڕەکە پیسە به قەسیدە…
هاوڕێکەشم پەنجەم لێ هەڵدەبڕێت…