گۆران ڕەسووڵ، لە شاعیرانی کوردە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ـە. بڕوانامەی ماستەری لە کولتووری ئەدەبە مۆدێرنەکان لە زانکۆی هارتفۆردشێری بەریتانیا و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە وەرگێڕان لە زانکۆی سەڵاحەددینی هەولێر بە دەست هێناوە. “ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت کۆنتڕۆڵ دەگۆڕم” دوایین کۆمەڵەشیعری ئەوە، کە ساڵی ٢٠١٨ بڵاو بووەتەوە. هەروەها چیرۆک دەنووسێت و لە ئینگلیزییشەوە وەردەگێڕێت. ئەو لەم شیعرەیدا، لە ڕێی نمایشی وێنەشیعرییەکانەوە دەیەوێت دنیای پەیوەست بە “چیرۆک”ێکەوە، وێنە بکێشێت.– ماڵپەڕی باڵندە
چیرۆك
گۆران ڕەسووڵ
کێ لەناو بازنەی ئەم چیرۆکەدا ئازادە؟
خه‌ون!
ئازادی له‌ناو خه‌ونی چ چیرۆكێكدایه؟
بوون!
ئه‌م چیرۆكه ده‌كه‌وێته كوێی بوونه‌وه؟
ئه‌بسێرد…
کە شەوەکان
وەک بایەکی تووڕە
بەناو ئەم چیرۆکەدا تێپەڕبوون،
کێ ڕۆژەکانی وەک پەتی تەسبیحێک پساند؟
ئەم دەریایانە
چیتر ناتوانن لارولەنجەی ئەستێرەکان لەناو خۆیاندا بلاوێننەوە
ئەم چیرۆکە بەناو قووڵاییی دەریاکانیشدا
تاریکیی نووسییەوە.
کەشتییەکان
یەک یەک بەر بەستەڵەکی دێڕەکانی دەکەوتن.
دەریاوانەکان
هانایان بۆ هێزی شەپۆلەکان دەبرد
تا لەنێوان چێژ و ترسی ڕووداوەکانیدا هاوسەنگ ببن.
چیرۆکێکی درێژ
بەڵام ئاشنا بە خولانەوەی ملیۆنبارەییی خۆی!
خۆر له‌گه‌ڵ بیستنی چیرۆكه‌كه
سه‌رگه‌ردان، هه‌ر له هه‌ڵهاتن و ئاوابووندا دێت و ده‌چێت
مانگ بۆ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ به چیرۆكه‌كه نه‌كرێت
ڕۆژێك خۆی ده‌كات به نیوه و ڕۆژێك كه‌رت.
گورگه‌كان
له ترسی ئه‌وه‌ی له ڕۆژێكی نوێ‌دا
چیرۆكه‌كه ترسناكتر نه‌بێت
شه‌وانه ڕوو له ئاسمان ده‌یان لووراند
ئاو
هەزاران شەپۆل و گێژی داوە
هێشتا ناتوانێ گرێیەک لەناو ئەم چیرۆکەدا درووست بکات!
ئاگر
هەر کڵپە دەدات و تین دەبەشێتەوە
ناتوانێت شێوەی ئەم چیرۆکە بگۆڕێت!
هەوا
وەک ئەوەی تەواو بووبێتە خۆڵ
هیچ بەشێکی چیرۆکەکەی لەناویدا دەرناکەوێت!
کێ لەناو پلۆتی ئەم چیرۆکەدا ونه؟
خودا!
نازانێنت چۆن چیرۆكه‌كه ته‌واو بكات،
دایه ده‌ست شاعیره‌كان
شاعیره‌كان لێ هه‌ڵاتن و دایانه ده‌ست پەیامبەرەکان
هەریەکەیان پەرستگەیەکی ڕەنگاوڕەنگیان بۆ درووست کرد و دایانە دەست بازرگانەکان
بازرگانه‌كان کارگەیان بۆ دامەزراند و دایانه ده‌ست ڕۆبۆته‌كان
ڕۆبۆته‌كان خستیانه ناو ماركێت و سه‌ر شاشه‌كان…
ئازادیی ئه‌م چیرۆكه له‌ناو چه‌ند بازنه‌دایە؟
له‌ناو لاكێشه‌كانی مه‌رگ!
باوه‌ڕداران گوتیان ئێمه ئه‌و چیرۆكه ته‌واو ده‌كه‌ین
ترس، زمانی شكاندن.
بیرمه‌نده‌كان هاواریان كرد: ئێمه ڕۆشنی ده‌كه‌ین
وه‌ك ته‌ونی جاڵجاڵۆكه ئاڵۆزتر بوو.
منداڵێك به سه‌رسووڕمانه‌وه له دایكی ده‌پرسێت:
كێ ناوی له‌م چیرۆكه ناوه
ب
و
و
ن؟