ئائا، من بە ڕووتی چی بکەم؟
مشتێک هایکۆ
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: ساسان
بای پاییز
بۆ من نە خوای هەیە و
نە بوودا
■
کرێکاری کانەخەڵووزەکە
ژنێک لە ئاوێنەکەدا
دەموچاوی نیشان دەدات
■
لەو شوێنەی دەژیم
داهۆڵ زیاتر هەن
وەک لە مرۆڤ
■
من تازە وا هێندە پیر بووم
هەست بە شەرم دەکەم
لە بەردەم داهۆڵێکدا
■
مانگەشەوێکی تەواوە
“تکایە، تکایە ئەوەم بدەرێ”
منداڵە بچووکەکە دەگری.
Issa
■
شەوی پاییز
کونێک لە دەرگاکەدا
شمشاڵ دەژەنێت
■
لە ژوورێکدا
یەک مێش و
یەک مرۆڤ
■
مانگەشەو لە پەنجەرەکەدا
دزەکەی
بەجێ هێشت
■
گەردەلوولی زستان
بەردێکی بچووک ناگرێتە
زەنگی پەرستگاکە
■
لقی گوڵەگێلاسەکە
پیاوە بەڕێزەکەی
لە ئەسپەکەی دابەزاندە خوارێ
■
هەڵووژەیەک دەکەوێتە خوارێ
هەموو بۆقەکان لە ناکاو
لە قیڕەقیڕ دەکەون
Seonru
■
ئای چەند جوان و گەورەیە
ئا ئەو کەستانەیە
کە دەستی من نایگاتێ
Issa
■
مرۆڤ لە کوێ بێت
لەوێش مێش و
بوودا هەیە
■
بیرەئاوەکانی زستان
سەتڵێک
لە تیشکی ڕووناکیی ئەستێرەکان
■
بنەچەی بوونی
تۆ چییە
ئەی پیاوە بەفرینەکە؟
■
لە ئاست خودی قەیسەر خۆیشیدا
کڵاوە پووشەکەی لا نادات
داهۆڵ
■
بەفرخۆرەیەک دەفرێت
لەناو پەڕی سەرلووتییەوە
خۆری ئێواران دەبریسکێتەوە
■
نە چەترم پێیە نە كڵاو
بارانیش بە خوڕ دەبارێت.
ئائا، من بە ڕووتی چی بکەم؟
■
هاوڕێ، ئاگرەکە پێکە
شتێکی جوانت پیشان دەدەم
تۆپێکی بەفرین
Basho
■
گەر بمزانیایە
کە پیری دێت و لە دەرگا دەدات
بە باشی پێوەم دەدا دەمگوت
“نەخیر، خاوەنماڵ لە ماڵ نییە”
نووسینی (نەناسراوێک)
■
وەرە لێ گەرێ با بڕۆین بنووین
ساڵی تازە
شتێکە پەیوەندیی بە سبەینێوە هەیە
Buson
■
گوێ هەڵخە، بانگی کەڵەشێرێک
بارانێکی ساردی زستان دەبارێت
بەسەر گەوڕی مانگاکەدا
Basho
■
هیچ شتێک نییە بۆ بینین
نە ئاسمان و نە زەمین
بەفر دەبارێت و بەفر دەبارێت
Hashin
■
زۆر ساردە
تاقەمێشوولەیەکیش نافڕێت
بە دەوری چەتری گڵۆپەکەدا
Shiki
■
کەس لە ماڵ نییە
لە باخچەکەدا هەر بە تەنیا
ڕووناکیی چراکە
Shiki
سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە
JAPANISCHE JAHREZEITEN
MANESSE VERLAG
ZURICH