ئەنوەر عەباسی ، ناسراو بە هەرەس، شاعیر و نووسەرێکی کوردە، لە ساڵی ١٩٨٦ لە سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بە هۆی کاری سیاسی و ڕۆژنامەگەرییەوە ناچار بووە ڕۆژهەڵات جێبهێڵێت و لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕوو بکاتە باشووری کوردستان، تا ساڵی ٢٠١٥ لە هەولێر نیشتەجێ دەبێت و دوای ئەوە ڕوو دەکاتە دەرەوەی کوردستان و لە وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت. هەرەس دوو کتێبی شیعری ، یەکیان بە کوردی و ئەوی تریان بە فارسی بڵاو بوونەتەوە، هەوروەها ڕۆمانێکیشی بڵاو بۆتەوە. لە داهاتوویەکی نزیکیشدا کۆمەڵە شیعرێکی نوێی لە باڵندە چاپ دەبێت-باڵندە
کاتێک کە کەم
– بۆ پەنابەرێکی چیرۆکنووس کە هەر منم، کە هەر تۆی –
چەن دیمەنێکی ئاشنا
هەزار جار ژیاو
چەن دیمەنێکی ئاشنایە
کاتێک کە کەمتیارەکان
یارەکان
چەن دیمەنێکی ئاشنایە
کاتێک کە کەمتیارەکان
نەیارەکان
چەن دیمەنێکی ئاشنایە
کاتێک کە کەم
کاتێک کە کەم
کاتێک کە کەم… هاوڕێ
ئەم جەنگە پەستە چیه تووشی شاخ ئەبێ؟
ئەم چنگە پیسە
کە پێستی هاواری زەردی تۆ
دەڕووشێنێ
هێشتا کە با بە پرچت چنگ دەژەنێ
تۆ مشتەکۆڵەی مرۆڤ
به گوێلاکی کەمتیارەوە
یارەوە
نەیارەوە
(هەناسەی ساردت هێشتا هێندە گەرمە زستان وەدوا دەخا)
کاتێک کە سێبەری جیهانگیر
فراوان
لە قوڵایی جەنگەڵەوە سڵاوەکەت
ئەی بەوری چیرۆکبێژ
نرکەی پێداگری ”کەس نەڵێ…”
تۆ بڵێ چیرۆکبێژ
بە کام دەستت قوڕاچکەی نەگریسی بڵیندگۆکان دەگوشی؟
بەوەی کە تازە لە جەنگی کەمتیارەکان
یارەکان
نەیارەکان
گەڕاوەتەوە؟
یان بەوەیتر
کە دەبوو خەڵاتی پێ وەربگری؟
دەرفەت
دەرفەتێکی مەزنە
ئەگەر دەرەقەتی شەش حەوت هەشت نۆ یان بێی
پیاو دەڵێم.
ئێمە
زۆرینەی بێدەرەتان
دێوەزمەی کات بە شوێنمانەوە
لە بادرزی نێوان کات و شوێنەوە
بمبینە
چەن بێ بەزەیی
چەن بێ سەرنجام
دەک دەک دەک دەکرمێم
تکایە ددانەکانتان ڕۆژی شەش حەوت هەشت نۆ دە یانزە دوانزە سیانزە…
لە نۆبەی دوکتوردا
کڕیارتم کەنی،
تۆ فەقەت بێژە چەن گیرفانی بەتاڵ؟