هەولێر، لەمدیو مناڵیمەوە… کەمێک

حسێن لەتیف

حسێن لەتیف | (١٩٧٤ - )

February 11, 2024

حسەین لەتیف شاعیر و نووسەر، لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەستی بە نووسین کردووە. خاوەنی دوو کتیبی شیعر و سێ کتێبە لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا. چوار جار لە فێستیڤاڵی گەڵاوێژ لە بوارەکانی شیعر و لێکۆڵینەوەدا خەڵاتی بردۆتەوە. هەندێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر   زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی. 

 

 

 

هەولێر، لەمدیو مناڵیمەوە… کەمێک
حسێن لەتیف

 

 

لەمدیو مناڵیمەوە،
لە هەولێر، خۆمم بینی… کەمێک.
قەڵا،
سووڕامەوە بە دەوریدا یەعنی.
لە شێخەڵا نەیاندەناسیم ئەو خەڵکە،
دەیانناسیم… هەستم وابوو ئەو خەڵکە.
لەوێ غەریب نییە کەس،
شاری غەریبانە ئەوێندەر… وەک دەڵێن: هەموو کەس.
چەند کتێبێکی کۆنە کڕیتم لەسەر شۆستەکانی،
لە مەچکۆ چای ڕوون و شیرینم خواردەوە،
هەرچەندە حەزی لە چای خەست و تاڵ بوو خۆم،
خواردنەوەی چای شیرین جۆرێکە لە خۆفریودان
بەرانبەر بە تاڵییەکانی ژیان.

بەسەر منارەوە بینیم،
غەمگین و بڕێکیش بە ویقار،
حاجیلەقلەقێک دەیڕوانییە شار.
لە هەولێر هیچم بەجێ نەهێشت،
هێنامنەوە لە خەیاڵمدا:
قەڵا،
منارە،
حاجیلەقلەقەکە.
بۆ کوێ؟
بۆ دەربەندیخان!
دەربەندیخان لە بیرێکی سەردانەخراو دەچێت،
جێگای زۆر شتی تێدا دەبێتەوە… بۆ نموونە هەولێر،
بە مەرجێک کەمێک قووڵ بێت،
خەیاڵەکەت!
قەزا و ناحیە بەشی خەیاڵی قووڵ ناکات،
بۆ ئەوەی خودان خەیاڵێکی قووڵ بیت… پێویستە بە تەنیشت ئیسپەرتۆ و دیتۆڵەوە… ڕەفەیەکیشت بۆ عارەق هەبێت… نەگبەتی من بە عارەق زمانم کۆڵنج دەکات.
ساڵانێک لە مەوبەر، شاعیرێکی دەشتی هەولێرم ناسی، ئەگەر یادەوەریم خیانەتم لێنەکات ماڵیان لە بەحرکە یان کەسنەزان بوو.
ئەرێ برادەر گیان، گوتم: وەکی خۆیەتی قەڵا؟
یان دەستدرێژی کردۆتەسەر ئەویش مۆدێرنە؟
لە شێخەڵا بگەڕێ، دەزانم ژمارەی هەژارەکان زیادی کردووە، ئەوان ئیشیان بە کتێب نییە، دەزانن بۆتە ماراسۆن بەدوای ناندا،
ژیان!
تۆ پێم بڵێ: عاجیلەقلەقەکە کوە؟
(ئەو مار خەراپانە لە عانی شەڕی ناوخۆ شەهیدیان کرد، ئێستا ناو بەناو هەندەک عاجیلەقەلەق دێنەوە سەر منارەی، پێدەچێت نەوەی عاجیلەقلەقە شەهیدەکە بن)! ئەو شاعیرە هەولێرییە وای گوت.
لەم رۆژانەدا، ڕۆشتمەوە هەولێرێ، ئەو شاعیرەم نەدیتەوە، دیتم هەولێر پڕبوو لە گوندی مۆدێرن،
مۆدێرنە زۆر شتی لاقە کردووە.
حەزم کرد وەک یەکەمجار، بەدەوری قەراتیدا بسووڕێمەوە، سووڕامەوە، چەند جارێک.
حەزم کرد وەک یەکەمجار، لەسەر شۆستەکانی کتێب بکڕم، کڕیتم.
حەزم کرد وەک یەکەمجار، بڕۆمەوە بۆ لای منارە، ڕۆشتم، دیتم:
تەڕ تەڕە،
دەبریسکانەوە بە منارەوە،
خوێنی حاجیلەقلەقەکە و… یادەوەری من.
بەڕێکەوت هاوڕێیەکی دێرینی خۆم دیتەوە… وەک خۆی دەیگوت: ڕەشەبای شەڕی ناوخۆ، یاری بە چارەنووسی کردووە و وەک پەڕێک لە هەولێر، بە دیواری قەڵا و منارەوە گیرساوەتەوە.
داوەتی کردم بۆ نانی ئێوارە،
سەر مێزەکەی ڤۆدگا بە شەربەتی هەنارەوە، گیا و گوڵی کێوی، خواردنی دەریایی و ماریفەتی زۆری لەسەر بوو، وەلێ هەر لای حاجیلەقلەقە شەهیدەکە بوو… دڵی من.