شەڕ دێت و ماڵمان دەچێتە ئۆردووگا

هەوراز محەمەد

November 1, 2018

هەوراز محەمەد ساڵی ١٩٨٣ لە سلێمانی لە دایک بووە. دەرچووی کۆلێژی کۆمەڵناسییە لە زانکۆی سلێمانی. هەوراز دەرهێنەری سینەمایییە. خاوەنی ٩ فیلمی کورت و ١٢ فیلمی بەڵگەنامەیییە و  چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی وەرگرتووە. خاوەنی دوو کتێبە لە بواری لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسیدا.  لەم شیعرەی هەورازدا بە ئاشکرا هەست بە کاریگەریی سینەما دەکەین، هەم لە ڕێگەی وێنەکان و هەم لە ڕێگەی گێڕانەوە جیاوازەکانەوە. هەڵبەت کەمتر شیعر دەنووسێت، بەڵام کاتێک کە زمانی سینەما توانای گوێزانەوەی دۆخێکی نەبێت، ئەوکات پەنا دەباتە بەر زمانی شیعر. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

شەڕ دێت و ماڵمان دەچێتە ئۆردووگا

هەوراز محەمەد

 

 

پشیلەیەكی برسی بووم،
ماڵی ئێمە لەوێ بوو، لە كۆڵانێكی داڕووخاو..
دووكەڵ، ناهێڵێت خۆر لە هیچ پەنجەرەیەكی شكاوەوە خۆی بە ژووردا بكات..
دەستی چەپم شكاوە،
لە دوورەوە بمبینن كە دەڕۆم، وا دەزانن هەڵدەپەڕم..
دەم بۆ كۆترەشینەكەیەكی مردوو دەبەم
كرمی زەرد لەژێر چاوییەوە دێنە دەر،
سەیرم دەكات و نامبینێت، كۆترەشینكەیەكی مردوو..
باخچە بوو، ئێرە..
بۆنی گیای تەڕی لێ دەهات ئەم كۆڵانە
ماڵی لەسەر ئەم دارە سووتاوە بوو، كۆترەشینكەیەكی مردوو
ئەو تەنافەی نەپچڕاوە، هیچ ستیانێكی پێدا هەڵناواسرێت ئیتر..
پشیلەیەكی برسی بووم،
تەنها بووم، لە شارێكی داڕووخاو
دەترسم و شەوان، خەو بە كرمی زەردەوە دەبینم لەژێر چاومەوە دێنە دەر.

 

لەژێر درەختی زەیتووندا،
بە چیلكەیەك لەناو گڵی ئەو باخەدا، كرمی زەردمان دەردەهێنا و سەیرمان دەكردن
زەیتوونی سەوزمان دەخستە دارلاستیكەكانمانەوە و دەمانگرتنە كۆترەشینكەكان،
ماڵی كۆترەكان لەوە بەرزتر بوون، زەیتوون و بەردی ئێمە بیانگاتێ‌..
بەچكەپشیلەیەكی چاوشین، بە دەوری دارەكاندا دەسووڕایەوە
پێمان پێ دەكەنی و هەڵدەپەڕی… كرمە زەردەكانمان بۆ هەڵدەدا و ئەو ڕای دەكرد
لە تەلەفزیۆنی ناو خێمەكەمانەوە شارەكەمان نیشان دەدات
دووكەڵ، ناهێڵێت خۆر لە هیچ پەنجەرەیەكی شكاوەوە خۆی بە ژووردا بكات..
من بیر لە بەچكەپشیلە و كۆتر و كرمە زەردەكان دەكەمەوە..
رەشەبا، بەناو تەنافی جلەكانی دەرەوەدا دەڕوات و دەقیژێنێت..
لە ترساندا خەوم لێ دەكەوێت و كرمی زەرد لە چاومەوە دێنە دەر.

 

ماڵی ئێمە لەوێ بوو، لەو كۆڵانە
بەسەر دارێكی زەیتوونەوە.. لەناو باخێکدا
كۆڵانەكە بۆنی گیای تەڕی لێ دەهات
بەسەر تەنافەكانەوە دەمانگماند
من كۆترەشینكەی دەستگیرانم
وێنەی ماچی من و كۆترەشینكەی دەستگیرانم
لەناو مۆبایلی ئەو كوڕە چاوكاڵەدا هەر مابوو،
تا ئەو ڕۆژەی لە مەزادخانەی شارێكی دیدا فۆڕماتیان كرد…
وێنەكەی من و كۆترەشینكەی دەستگیرانم سڕایەوە
ڕەشەبا دووكەڵێكی ڕەشی هێنا
دووكەڵ، ناهێڵێت خۆر لە هیچ پەنجەرەیەكی شكاوەوە خۆی بە ژووردا بكات.
كرمی زەرد لەژێر چاومەوە هاتنە دەر، كاتێك پشیلەیەكی برسی دەیویست دەمم بۆ بەرێت.

 

 

شەو بوو، خەوم بە تۆوە دەبینی
دەمردیت…
كرمی زەرد لەژێر چاوتەوە دەهاتنە دەر
ڕەشەبایەكی بەهێز هەڵدەكات
دووكەڵی ڕەش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت
دەستی برا بچووكەكەم دەگرم
خوشكەكەم فریا ناكەوێت ستیانەكانی لە تەناف لێ بكاتەوە
كۆڵانەكە، بەجێ دەهێڵین
ماڵمان دەچێتە ئۆردووگا
لە تەلەفزیۆنەوە، شارەكەمان دەبینم
پشیلە و كۆترەكانی كرمی زەرد لەژێر چاویانەوە دێنە دەر
كۆڵانەكەمان داڕووخاوە،
دارەكان سووتاون،
تۆم ون كردووە،
مۆبایلەكەم لە مەزداخانەیەك بۆ كڕینی پارچەیەك سەهۆڵ دەفرۆشم
سەهۆڵ تا دەگاتەوە ناو تەرمۆزە دەبێتە  مشتێ‌ ئاوی تەڵخ
ماندووم و خەوم لێ دەكەوێت..
كرمی زەرد،
لەژێر چاومەوە دێنە دەر
خەو بە مردنی خۆمەوە دەبینم.