کابووس

هەوراز محەمەد/شاعیری کورد

February 23, 2019

لێرەدا مرۆڤ کەوتووەتە تەنگانە-کابووسێکەوە دەرچوون لێی ئەستەمە. ئەگەر دەرچوونێکیش هەبێت، بەرەو کابووسێکی دیکەیە. شیعرەکە هەوڵی وێنەکێشانی چارەنووسی ئینسان دەدات، کە تەنیا (ڕۆژانێک لە ڕابردوودا/ڕەنگە) ژیانێکی خۆش ژیابێت؛ ژیانێکی لەناوچوو. ئێمە بە تەنیایی لەم کابووسەداین. – ماڵپەڕی باڵندە

 

کابووس
هەوراز محەمەد

 

 

 

نەخۆش دەکەویت، بە تەنیایت،
باوەش بە زەوییەکی سارددا دەکەیت،
ئەسانسۆر ئیش ناکات،
بە قادرمەکاندا دەچیتە خوار،
یانزە قات، سەد و حەفتاوشەش قادرمە،
سەد و حەفتاوشەش جار ڕاوەستان،
سیوچوار خولەک تا بەر دەرگا،
بەفر دەبارێت، لە چاوتدا ڕەش ڕەش دێتە خوار
باوەش دەکەیت بە دارێکی تەزیودا،
پۆلە ڕیشۆڵە لەو ناوە ژێر بەفرەکە بۆ خواردن دەگەڕێن،
سێ ڕۆژە نانت نەخواردووە،
بە ئاستەم قاچت زەوی دەگرێت،
هاوڕێت نییە،
ڕابردووت پڕە لە کەیف،
پڕە لە گۆرانی بە دەنگی بەرز،
ئێستات تەنیایی،
برینێکی تەڕ لەسەر سینەت
مەسیحیت و لە خاچ دابەزیویت،
مریەمێک شک نابەیت بتگرێتە باوەش…
با خەو بێت، با کابووس بێت و تەواو بێت.
تەواو نابێت ئەم ئازارە
سواری پاسێکی زەرد دەبیت،
لە پەنجەرەوە تەماشای شار دەکەیت
بەفر دەبارێت و لە چاوی تۆدا هەموو شت ڕەشە،
هەتوانی ئەم دەردە،
هێشتا هیچ کیمیاگەرێک نەیدۆزیوەتەوە.
لە پاسەکەدا خەوت لێ دەکەوێت
خەو بە باوەشی مریەمێکی ڕەشپۆشەوە دەبینیت
لە خەوەکەتدا نەخۆش دەکەویت،
بە تەنیایت،
باوەش بە زەوییەکی سارددا دەکەیت،
ئەسانسۆر ئیش ناکات،
بە قادرمەکاندا دەچیتە خوار.