هەڵوەرین

نەوا ئەمین

نەوا ئەمین

September 1, 2026

نەوا ئەمین شاعیر و وەرگێڕ و نووسەرە. لە سلێمانی دەژیێت، بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە، لە زانکۆی سڵیمانی.
ساڵی ٢٠٢٥ یەکەمین کۆمەڵە شیعری لە ناوەندی باڵندە چاپ بووە بە ناوی “پەنگخواردنەوەی تیرۆژ”. بەرهەمەکانی لە ماڵپەڕێ باڵندە، دیدی من، ژنەفتن و گۆڤاری ئەدەبیی زانکۆی ئەمریکی بڵاو کردووەتەوە.

هەڵوەرین

نەوا ئەمین

بۆ براکەم

سێ حەفتە جارێک
بە تەنیشت بۆنی گەرمی خەردەلەکاندا
شەقامەکە دەبڕم بۆ گەیشتن بە تۆ،
کە شۆفێری تاکسییەکە دەزانێت دەچم بۆ ”هیوا”
پارەم لێ وەرناگرێت،
بەڵام من بۆ ئەرکێکی گرنگتر لەو ناوە دێم بۆلات؛
بۆ قەرەبوو کردنەوەی کاتی لە دەستچوومان.

چاوەکانت زیاتر دەدرەوشێنەوە چونکە
تاڵەکانی برژانگت تاکوتەرای ماون و
دڵم خورپە دەکات و دەیەوێت بڵێ:
هەڵوەرین نیشانەی ڤەژینە.

گەردی هەموو ئەو دڵ ڕەنجانانەی بەیەکترمان بەخشی
لە مەودای
پێکەوە گەورەبوونماندا
ئێستایش لە ژێر نینۆکەکانماندا ماون و
نیگەرانی ئەوەم
لەگەڵ هەر چارەسەرێکی کیمیاییدا
زیاتر ئەگەری کەوتنی نینۆکەکانت هەیە و ــ دەرکەوتنەوەیان.

هیوای من بۆ چاندنەوەی هاوڕێیەتیمانە
لەو جێیانەی کە هەرگیز
هیچ کەس ئامادە نییە تووشی بێت
وەک شیعر خوێندنەوە لە
ژوورێکدا لە قاوشی پیاوان
یان ڕۆتینی پیاسەکردنمان
بە کۆڵانەکانی منداڵیدا.

چاوەکانت زیاتر ئەدرەوشێنەوە و
لەگەڵ هەر قاقایەکماندا
برژانگێکت ئەوەرێت و
لەسەر سییەکانت
وەک گوڵی خەردەلە
دەڕوێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار