هەمیشە تۆ

ئەحمەد سەلامە

ئەحمەد سەلامە | (١٩٩٠ - )

October 13, 2024

ئەحمەد سەلامە ڕەشیدی پزیشک و شاعیرێکی میسریی گەنجە. لە ساڵی ١٩٩٠ـدا، لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠١٦ ـەوە دەنووسێت و خاوەنی یەک کتێبی شیعریە بە ناوی “الرجال الذين حملوني وصيتهم” ، ئەم شیعرانەش لەو کتێبەوە وەرگیراون.

 

 

 

دوو شیعری ئەحمەد سەلامە
کوردییەکەی شاڵاو خالید

 

 

 

قوڕی تەڕ

 

پێشتر ھەرگیز بۆ جەنگ نەچوومە
بەڵام زۆر جار زانیوومە هەستی هەستی ئەو سەربازە چۆنە، کە
بە تفەنگێکی بەتاڵەوە
دەگەرێتەوە بۆ گوندە سووتاوەکەی، لەوبەری ڕووبارەکە

لە ژیانێکی دڵڕەقتر لەمەدا
ھەر خۆشم دەوێیت

تەنها تۆ
باشتر لە دایکم دەمناسیت
باشتر لە برا و هاوخوێنەکانم
باشتر لە ئەسپەکەی باپیرم کە لەسەر پشتی گەورە بووم
جەستەم ئەزبەر دەکەیت
وەک دوا نەخشەی گەنجینەیەکی فەرامۆشکراو
لە هەر برینێکیشدا دەوەستیت و
ئازارت دەدات

لە ژیانێکی کەمتر دراماتیکیدا لەم ژیانە
هەر خۆشم دەوێیت

ئەو خۆشەویستییەی کە لە هەر دیدارێکی تێپەڕدا نوێ دەبێتەوە
لە ڕێکەوتێک یان لە ژوانێکدا
لە خۆشی یان خەمدا
نە گەورە دەبێت تا شتێک بشکێنێت
نە دەمرێت وەک ئەندامێکی بەکارنەهاتوو
وەک پێستی دوو لێوە قڵیشاوەکەم کە دوای هەر ماچێکی تۆ
نوێ دەبێتەوە

با وەرزەکان بێن و بڕۆن
با کۆچی وەرزیی هێلانەی باڵندەکانی بەهەشت
بە بێدەنگی مەرگ پڕ بکات
مادام بە قووڵی
ڕەگمان داکوتاوە
لە ساتێکی ڕاستگۆییدا
لە قوڕێکی تەڕدا
بە تەمەنی زەویدا!

 

 

 

هەمیشە تۆ

 

زۆر خۆم بە مرۆڤەوە خەریک کرد و
باخچەم لەبیرچوو
خۆم بە باخچەوە خەریک کردوو
چۆلەکەکانم لەبیرچوو
خۆم بە چۆلەکەکانەوە خەریک کرد و
تفەنگەکانم لەبیرچوو
خۆم بە تفەنگەکانەوە خەریک کرد و
مرۆڤم بیرکەوتەوە
لە ناوەڕاستی باخچە دانیشتم
چۆلەکەکان لەسەر سەرمەوە دەیانجریواند
ھەرگیز بەخەیاڵمدا نەھات
لە پشتی چ دارێکەوە
گوللـەیەک دێت!