هیلاکانە

دانیال محەمەد | (٢٠٠١ - )

دانیال محەمەد | (٢٠٠١ - )

January 28, 2025

دانیال محەمەد، دانیشتووی پێنجوێنە و ساڵی ٢٠٠١ لە مەریوان لەدایک بووە. ئێستا خوێندکاری بەشی پزیشکیی گشتیی زانکۆی سلێمانییە. چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و ئەمە  نوێترین شیعری دانیالە کە لە باڵندە بڵاو دەبێتەوە.

 

 

 

 

هیلاکانە

دانیال محەمەد

 

 

بۆ کەمێک نزیکبوونەوە لە لێواری وێنەکان
کەمێکیش دوورکەوتنەوە
لە خەرمانەی دەوری وشەکان
هەروەها ڕۆچوون
لە هەستە سەرئاوکەوتووەکان
مەودایەک نییە بۆ وەرگرتن
هەروەک چۆن
لە ساتی کوژاندنەوەی گڵۆپەکانەوە
تا دەرکەوتنی نادڵنیایییەکان لە تاریکیدا
بێدەنگییەک نادۆزرێتەوە بۆ پیتاندن
یان هەتا ژاوەژاوێکی هێند بەرز
بەشی لەباربردن

هەموو ڕۆژێک، هەرجارەو جۆرێک
سێبەر و ڕووناکی
بە بەرچاومەوە قەتارە دەبەستن
لێ چی بکەم لێیان کاتێک
لە هەوایە و لە هیلاکی
ئەوەی هەڵدەمژرێت و دەدرێتەوە

دەزانم خەونێک یان گفتوگۆیەک نییە
کە لایەکی ڕووخساری لە سێبەردا نەبێت
لێ هەرچۆنێک بێت
پشوویەک لەژێر شۆڕەبییەکدا
چاوەڕێم بێت یان نەبێت
هەر دێمە ژوانت
هەروەک چۆن
گەر ئەندامێکیش نەمابێت بۆ هەستکردن
دێڕە نەپچڕاوەکان
هێشتا هەن، هێشتا دێن و
هێشتاش، جاروبار، دەگەن