من و شارەکان

هیوا قادر/شاعیری کورد

May 17, 2018

 

هیوا قادر، شاعیر، ڕۆماننووس و وەرگێڕی کورد، لە شاری سلێمانی گەڕەکی چوارباخ لە دایک بووە. قوتابخانەی سەرەتایی و ئامادەییی هەر لەو شارە خوێندووە. لە 1988ـدا پەیمانگای ئیدارەی لە کەرکوک تەواو کردووە. لە نێوان ساڵانی1992-2011 لە وڵاتی سوید ژیاوە. ئێستا لە سلێمانی دەژی و وەک ئەندامی ئەنجوومەن لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کار دەکات. یەکەمین کتێبی شیعریی “چاوە زەردەکان” بووە کە ساڵی ١٩٩٢ بڵاوی کردووەتەوە. – باڵندە

 

من و شارەکان
هیوا قادر
25/2/2017

 

 

 

دیمەنی شارەکان، وەک ڕێگا دوورەکان لە مندا درێژ دەبنەوە،
من درێژ دەبمەوە بەناو خەیاڵی شارەکاندا،
بە سواری مۆسیقاکان دەگەڕێمەوە بۆ شارەکان،
سەدان ڕەنگی کاڵبووەوە و تۆخبووەوەی زەردی گەڵای پاییزم بینیوە،
بۆنی بنچکەگیام کردووە و بەغیلیم بە کەروێشک بردووە،
باوەشم بە قەدی درەختدا کردووە و سوێندم خواردووە،
بەردی بریقەداری ژێر خوڕەی ئاوم ماچ کردووە و خستوومەتەوە جێی خۆی،
زەڕنەقوتەی مردووم لەژێر دارکاژدا هەڵگرتووەتەوە و
بە ئومێدی زیندووبوونەوە خستوومەتەوە هێلانەکەی،
ئومێدم هەمیشە وەک خاشخاش لە ترسی بێئومێدان لە خۆمدا چاندووە.
هێندە ڕاستگۆ بووم،
بە خودام وتووە من بۆیە تۆ دەکەم بە دۆستی خۆم چونکە دەمرم
ئەگەر نەمردمایە دۆستم ئەوەندە زۆر دەبوو تۆم هەر لە بیر نەدەبوو.
شارەکان بەو گەورەیییەیانەوە هێندە بچکۆلە بوونەتەوە
دەڵێی تەڵی دانەگیرساوی ناو پاکەتەشقارتەکەی گرفانمن،
بەڵام من ئەوەندە گەورە بووم شارەکان بەشم ناکەن،
گەڕان بەشم ناکات، بینینی وێنەی نوێ ئەلبوومە پەنجاساڵییەکەم پڕ ناکاتەوە.
ژنە فاڵچییەکانی ناو کۆڵانە تەسکەکانی شارەکانم ناسیوە،
ڕۆژژمێری چینیم خوێندووەتەوە و بە پەندی ڕۆژانەیان هێندە پێکەنیوم،
وام زانیوە فێری زمانەکەیان بووم.
لەگەڵ سەمای سامبادا تامی ڕووتبوونەوەم چەشتووە،
چەلۆم ژەندووە و تێر گریاوم.
خواردنم لەگەڵ سەگەکاندا بەش کردووە،
چەتری خۆمم داوە بەو ڕێبوارانەی کە زمانی منیان نەزانیوە،
پارەی خواردنم پێ نەبووە و دانم بۆ کۆترەکان کڕیوە،
دەستم ئەوەندە بەسەر بەچکەبەرازدا هێناوە
لە بری هەموو موسوڵمانەکان داوای لێبووردنم لێ کردوون.
ئاوی شارەکانم خواردووەتەوە، لەناو ئاوی شارەکاندا مەلەم کردووە،
لەژێر باراناوی ئاسمانی شارەکاندا هێشتوومە خەیاڵ بۆ کوێی بوێت بمبات،
گرفانەکانم پڕ کردووە لە لمی سارا بۆ ئەوەی پیشانی پەرداخێک ئاوی بدەم،
مۆسیقای شارەکان کوشتوومیان و لە شارێکی تر زیندوو بوومەتەوە،
کە چاو دەنووقێنم ڕووخسارەکانی ناو شارە جیاوازەکان
وەک شەپۆل دام دەپۆشن و دەمکەن بە وردەماسی ناو یادەوەری،
لە سەرقەبرانی ئاژەڵان، دڵی پیرەمێردێکم داوەتەوە بۆ مەرگی سەگەکەی،
کە بە کوڵ بۆی گریاوە و پێی وتووە، بۆ بەتەنها بەجێت هێشتم.
لەگەڵ منداڵێکدا چاڵم هەڵکەندووە بۆ شاردنەوەی بولبولێکی مردوو،
جگەرەم بۆ ڕێبوارەکان داگیرساندووە و چرای چاویان ڕووناکیان کردوومەتەوە،
هێلکەشەیتانۆکەکانم لەسەر ڕێگاکان لابردووە و پێم وتوون هێندە سەرکێش مەبن،
لەگەڵ ئەلکهولستەکاندا پێکەکانم لە چاوی یارە غەدارەکانیاندا هەڵداوە،
هەندێک جار دزیم لە خەیاڵی شاعیرەکان کردووە بۆ سەیرکردنی گوڵێک،
تێر لەگەڵ ئەو دەستانەدا فرمێسکم سڕیوە کە بۆ دواهەمین جار بۆ یەکتریان هەڵبڕیوە،
هەمیشە لەناو هەموو شارەکاندا ڕقم لە تەنها شتێک بووە، لە ماڵئاوایی،
ترسێک تۆقاندوومی، ترسی یەکترنەبینینەوە…
شارەکان گەورەتر دەبن، شارەکان پڕ دەبن لە مرۆڤەکان، پڕ دەبن لە خەمەکانیان
شارەکان، مرۆڤەکان و ئاپارتمانەکان و کۆڵانەکان بەجێیان دێڵن و
مرۆڤ و ئاپارتمان و کۆڵانی نوێی تر دێنە جێیان.
شارەکان یادەوەرییان لە یادەوەریی ماسییە ئاڵتوونییەکان دەچێت،
زوو هەموو شتێک فەرامۆش دەکەن و
لەناو حەوزی شینی زەویدا بەردەوام مەلە دەکەن.

 


سەرنج: ئەوەی دەیخوێننەوە تەنیا بەشێکە لە قەسیدەکە، کە لە باڵندەدا بڵاو دەبێتەوە.