سەرگەردانیی ئەبەدیی شتەکان

ئیرەج زیایی/شاعیری ئێرانی

November 20, 2020

ئیرەج زیایی ٤ـی ئەپڕیڵی ١٩٤٩ لە تاران لە دایک بووە. بە کتێبی «جووڵەی کتوپڕی شتەکان» وەک شاعیرێکی خاوەندەنگ-و-شێواز دەرکەوت. بە شاعیری شتەکان ناسراوە. شت کە هەر بە شت و دەگمەن جاریش- لێرەدا- بە کەلوپەل وەرگێڕدراوە، جێیەکی تایبەتی لە شیعری ئەودا هەیە و دەیەوێت لە ڕێی ئەوانەوە بە شیعر بگات/یان شیعر بنووسێت، نەک دەربارەی ئەوان بدوێت. لە مێژە دەنووسێت و درەنگ کتێبی شیعری چاپ کرد. کتێبەکانی بریتین لە «سەکۆکان چۆڵن»، «شیوەنی گەڕەکە مردووەکان» و «ئەم باڵندەیە لە سەردەمی سەلجووقییەکانەوە هاتووە».-ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

سەرگەردانیی ئەبەدیی شتەکان
ئیرەج زیایی
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

 

 

چۆن لە ڕیزی مردووەکاندا وەستاوە
زەوی ئاخۆ نازانێت گوڵەکان دووبارە دەبنەوە
زەوی ئاخۆ نازانێت شەمامەکان پێ دەگەن
دوگمە و دەرزی لای کورتەکی پیاوە گەنجەکەوە سەرگەردانن
زەوی ئاخۆ نازانێت شووشەی هەموو پەنجەرەکان
حەز دەکەن ڕوو بە هەتاو درز بەرن
شتەکان لە خەوەکانی پاشنیوەڕۆدا بلاوێنرێنەوە
ئێواران
مانگ
لە شووشەی شکاوی پەنجەرەوە بڕواتە مەتبەخەکەوە
خولێک بخوات
دەفرە شۆردراوەکان تەماشا بکات
گۆرانییەک ببیستێت
کە تەواونەکراو ماوەتەوە

*

 

 

ئاسان
ئاسان
زۆر ئاسان
ئاسانتر لەم شیعرە
لە کەلوپەلێک کە هەڕڕاج دەکرێن
لە کڕینی جانتایەک
سووڕانی کلیل
کرانەوەی دەرگا
ئارێ، ئاسان
زۆر ئاسان ئاشق دەبیت
بەڵام هەر زوو جانتاکە بەجێ دەهێڵیت
*

 

 

سەرگەردانیی ئەبەدیی کورسی
زۆر سادەیە
تەماشای خەڵکێک کە شتی جیاواز دەکڕن
گۆرەوی بازنگ سێچەرخە
بووکەشووشە مەکینەی دروومان مێشکوژ و
خانمێک کە زیاتر وەنەوشە و گوڵەنارنج پەسەند دەکات
بەڵام سادە نییە
تەماشای ئەو شتانەی لە پێش چاوت
هەڵدەدرێنە دەرەوە
لە پەنجەرەکانەوە پاسەکانەوە دووکانەکانەوە
کەشتییەکانەوە کەپرەکانەوە ماڵەکانەوە
لەوانەیە ڕۆژێک هێندێک لەم کەلوپەلە سەرگەردانانە
لە پەراوێزی کۆڵانەکان و زەریاکانەوە
لە هەینیبازاڕەکان و دەڵاڵخانەکانەوە دەربکەونەوە
تۆ کتوپڕ لەگەڵ شتێکی نامۆدا ڕووبەڕوو دەبیتەوە
بۆ نموونە کورسییەکی دارینی تاخۆر
ساڵانی دواتر بە وشەگەلی زۆر زۆر سادە
کورسییەکە لە شیعرێکدا لەسەر ڕووپەڕی کاغەز دادەنێیت
سەرگەردانیی ئەبەدیی کورسییەکە دەست پێ دەکات

 

 

مارس، ١٩٩٥

*

 

 

تەختی جەمشید
لەگەڵ پۆلی ئەو باڵندانەی
لای دێرینترین درەختی ئەم نزیکانەوە هاتوون
بە پلیکانە نۆژەنکراوەکاندا سەر دەکەویت
لەژێر سەقفێکدا کە نییە
لە نێوان ئیمپڕاتۆریی بەردەکان و نەقشەکاندا
تا هەروا بە یادی دێرینترین درەختی ئەم دەوروبەرە
خەفەتبار بمێنیتەوە و
نەزانیت چی لە خەمی بەبەردبوو بکەیت و
بترسیت لە هەرچیی چەخماخەبەردە
کە نەکا ئەم تۆزەئاسمانەت گڕ تێ بەر بدات

 

١٩٩٩
*

 

 

باکوو باکوو
کۆچبەرە گەنجە ڕووسەکە
قایشی چەرمینی گارمۆنەکە
دەکاتە شانی و
گۆرانی دەچڕێت
باکوو
بووکەکەمیان لە پترۆگراد دزی
باکوو
بووکەکەمیان لە چەرنۆبیل کوشت
دەنگی
بە نێوان کریستاڵەکانی چیکدا تێ دەپەڕێت
بە دەوری جامخانە و شتەکان و گالیسکەکاندا دەخولێتەوە
دەگاتە شۆستەکە
لە ناوەڕاستی بەفرەکەدا دەوەستێت
بەفر و دەنگ
دوور دەکەونەوە
دوور
دوور
لەوێ کە باوک لەنێو بەفرەکەدا بە پاڵتۆی درێژ و
گاڵۆش و گارمۆنەوە وەستاوە
بە دەنگی ساڵی کەونارا:
باکوو
بووکەکەمیان لە پترۆگراد
باکوو
بووکەکەمیان لە چەرنۆبیل
باکوو
باکوو

 

 

ئاستارا/جێنیوەری

*

 

 

چەکمە
فوو لە هەڵمێک دەکەم فەرامۆشی هێناویەتی
گای سواڵەتی
گاکێویی بڕۆنزی
دانیشتوون لای ئەم هەموو شتەوە
تەختەخەوی بێکەڵک
چرای کۆنینە
گۆڤاری ڕزیو
جووتێک چەکمەی ڕووسی
یادگارێک لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە
تۆپوتەشەری قەززاقەکانیشی بینیوە
لەوانەیشە بەفری سیبیریا و سەمای لەزگییش
بە کوڕەکەم دەڵێم
من ئەم چەکمانەم چەندین زستان
لە پێی باوکمدا بینیوە
چەندە چاک ماونەتەوە
دەڵێم لە داهاتوودا بە کوڕەکەت بڵێ
ئەم چەکمانەت هەرگیز لە پێی باوکتدا نەبینیوە
بەڵام باوکت
هەندێک جار بەم چەکمانەوە بینیوە

 

 


 

گارمۆن(بە ڕووسی)ئاکۆردیۆن
کورتەک(نیم‌تنه)
کورسیی تاخۆر: کورسییەک بنووشتێنرێتەوە و کۆ بکرێتەوە. تا بخوات.