لێرەدا گوتارێکی ئیسماعیل سابیر دەخوێننەوە، کە دەربارەی کتێبی “تاریکیی پاش تاریکی”ـی سەرکەوت جەبار نووسیویەتی، کە لە بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی باڵندەیە و یەکەمین کتێبی شاعیرە.-ماڵپەڕی باڵندە
ژیان لە ڕووبەرێکی تاریکدا
چوار سەرنج دەربارەی کتێبی “تاریکیی پاش تاریکی” و خوێندنەوەی شیعر
ئیسماعیل سابیر
یەک
زۆرجار لە پاڵ ڕیاڵێتیی دەق، نووسەر بە نووسینەوەی خەیاڵ ژیانی داهێندراوی خۆی دەسەپێنێ.١ یان بۆ ئەنجامدان و خستنەکاری ئیستاتیکا وا ڕێک کەوتووە ئێمە کە دەخوێنینەوە بە ئاشکرا ڕووبەڕووی پارادۆکس و مانای دژ بە یەک له شیعردا ببینەوە. هەر ئەمەشە وای کردووە کاتێک خوێندنەوە بۆ دیوانێک دەکەین ناکرێت تەنیا دەربارەی (مانا)ـی دەقەکە پرسیار بکەین. لانیکەم سێ ڕەهەند یان ئاستی جیاوازی مانا هەن: مانای وشەیەک، گوتەیەک، دەقێک، کە کردەی بێژەرە، پشکدارن(وشەکانیش مانای خۆیان لەو ڕۆڵەی کە لەوانەیە لە گوتەکاندا بگێڕن وەردەگرن.) بەڵام ئەو شتەی نووسەرێک درووستی کردووە و ماناکەی بریتی نییە لە پێشنیارێک، بەڵکوو ئەو کارەی کە دەیکات توانستی هێزەکیی دەق بۆ کاریگەریدانان لەسەر خوێنەر. شتێکی گشتی کە دەکرێت بگوترێت مانا لەسەر بنەمای جیاوازی ڕۆ دەنرێت.٢ خاڵێکی تریش ئەوەیە نابێ وەک چیرۆک و ڕۆمان، گشتگیر و شموولییانە لە شیعر بڕوانین، یان زمان لە پنتێکدا قهتیس و پێناسە بکەین. یان فەزایەکی دیاریکراو بەسەر کۆشیعرێکدا بسەپێنین. ئەمڕۆ دوای زمان ڕەنگە بە بایەخترین کردە کە لای من جێی سەنج و شایەنی هەڵوەستە بێ، ئەویش بریتییە لە فۆڕم، فۆڕم بەو مانایەی کە وشەکان لە کاتی ئیدیت و تێهەڵچوونەوە لەسەر لاپەڕەکە چۆن خۆیان بە یەکەوە دەلکێنن و له دەرئەنجامدا چۆن بە پشوودرێژییەوە تا دواخاڵ دەمێننەوە. گرنگە سپەیس و ئینتەری کیبۆرد وەک جۆرێک لە نەخشەسازیی ناوەکیی شیعری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ و خۆجیاکردنەوەیەک هەبێ لە هەژموونی داڕشتەی شاعیرانی تر، کە چۆن وا لەم شاعیرە دەکات دوور لە هەر وەڕسبوونێک، شیعرییەت بە جۆرێکی مەتاتییانە بۆ لای دهروونی خوێنەر هەڵکشێنێ کەوا به جۆرێك مانای دووبارەبوو بە دوای خۆیدا ئاستەنگ بۆ بەردەوامیی لە خوێندنەوە درووست نەکات. لە پنتێکی ئەم شیعرانەدا ئەوەی بەری دەکەوین نەخشەی جۆرێکە لە نائارامی، کە وەک خەمی ئینسانی ئەمڕۆ خۆی بە ستوونی سەرگەردانیدا هەڵدەکشێنێ، لە شیعرێک بۆ شیعرێکی تر مانا تێکەڵ بە ڕووبەرێکی دیاریکراو لە شکستی ئەڤین و وێنەیەک لە كاتی نامۆیی دەبێتەوە. جارێک وەک مرۆڤێکی نەبینراو و بێبایەخ لای دەوروبەر و سرووشت خۆی وێنا دەکات، جارێکی تریش ئەم ئامادەیییەی دەکەوێتە دۆخێک کە وا دەزانێ شتێکی کردووە (کەتنێک/ تاوانێک) یان دەبێ شتێک بکات، وزەیەک وە گەڕ بخات، ئەکتێک بنوێنێ و خۆی بە ڕێی جیاوازدا هەڵشاخێنێ، تاوەکوو دەرچە و مانایەک بۆ ئامادەییی ئەم بوونە خەمگینەی خۆی بدۆزێتەوە.
دوو
لە شیعری( تابووتێک لە زەمەن درووست دەکەم)دا لە پاڵ فەرامۆشی، بێدەنگییەکی سامناک باڵی بەسەر کۆی دەقەکەدا کێشاوە. زۆرجار ئەم جۆری بێدەنگییە پارادۆکس دەبێتەوە بەوەی لە هەندێک کاتدا دۆشداماو منی شاعیر، کە ڕەنگە چەشنی وەگێڕی چیرۆک ئەوی تریش بێ، بەڵام لێرەدا ڕوون و ئاسان خۆی بە دەستەوە دەدات (ئەی بێدەنگی/ یارمەتیم بدە/ ئەژنۆ بریندارەکەم/ لە بەردەم چاوەکانتدا دەخەمە سەر زەوی/ کۆمەکم بکە و لەم تاریکییەدا دەرم بهێنە/ ڕزگارم بکە/ دەستەکانتم بدەرێ، تەنیا دەستەکانت/ یارمەتیم بدە تا تۆڵەی شکستەکانم، ئازارەکانم، تەنیایییەکەم بکەمەوە) لە زۆر شوێنی تریشدا ئەگەر وردتری بکەینەوە و درێژەی زیاتری پێ بدەین، ڕەنگە لەم کڵێشەیەی کەوا هەیە دەربچێ و ئەم جۆری بێدەنگییە وەک بێباک و خۆڕاگر خۆی بنوێنێ کاتێک لە یەکێک لە پەڕەگرافەکانی ئەم شیعرەدا دەنووسێ: (بە بێدەنگیم چاوی زەمەن کوێر دەکەم/ بە بێدەنگیم چاوەکانی خۆر هەڵدەکۆڵم/ تا نەتوانێ تیشکەکانی خۆی ببینێت/ بێدەنگییەکەم دەبەمە ناو ڕەشەبا/ گوێیەکانی کەڕ دەکەم/ تا لوورەلوورەکەی خۆی نەبیستێت.)٭
لە پنتێکی ئەم شیعرانەدا ئەوەی بەری دەکەوین نەخشەی جۆرێکە لە نائارامی، کە وەک خەمی ئینسانی ئەمڕۆ خۆی بە ستوونی سەرگەردانیدا هەڵدەکشێنێ، لە شیعرێک بۆ شیعرێکی تر مانا تێکەڵ بە ڕووبەرێکی دیاریکراو لە شکستی ئەڤین و وێنەیەک لە كاتی نامۆیی دەبێتەوە
سێ
لەم جۆرە شیعرانەدا هەمیشە دەکەوینە ڕووبەرێکی نەزانراو لە ئازار، کە وا لە شاعیر دەکات لە پاڵ هەڵچوونوداچوونهكانی سەرەڕای هەموو گوتنێک لە ڕێی شیعرییەت و هەڵڕشتنی ماناوە بەردەوام پرسیاری دووبارە لە دەربڕینی خۆیدا بهێنێتەوە پێشمان و مەودایەکمان لەناو بۆشاییدا وەک نەگوتراوێکی ئەبەدی لەناو نەستدا بۆ بهێڵێتەوە. هەر ئەمەشە وای کردووە زۆرێک لە شیعرەکان خاڵی بن لە هۆکار، زیاتر پێش بوونەهۆکار دیاری دەکەن. ئێمە نازانین بۆ ئەمە بووە، بەڵام دەزانین شتێک ڕووی داوە وەک برین بەردەوام ئێشی هەیە و خوێنی لێ دەچۆڕێ. ئەمەش وا دەکات لە ئەنجامدا ئازار خۆی بە تەماهیی پرسیار گرێ بداتەوە. پرسیارسازی وەک تاقەچارەسەر لەو هەڵدێرەی کە وەک تاریکییەکی ناوەکی ناودێر کراوە، ئهم لێره خۆ پێ دەرباز نەکردووە بۆیە بە فۆڕم و مانای جیاواز هەمیشە ئەم پرسیارسازییە وەک ئهوهی نەگوتراوێک بێ لە شیعرەکاندا خۆی دووبارە دەکاتەوە و لە ئەوی تر وەک ئهوهی خۆی بێ؛ دەڕوانێت. شیعریش هەر ئەم شوێنگۆڕکێکردن و دەستلێکبەردان و نقوومبوونەیە لەناو جێناوە جیاوازەکاندا، ئەویش ئەگەر بتوانێ لە چرکەساتێکدا زمان لهناو تێڕامان و دیارده ئهدهبییهكهدا تیژ بکاتەوە، تا ببێت بە ڕێگەیەک بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕووبهرێك لە گومان یان چوونی مرۆڤ بەرەو ویستی ژیان.
چوار
ڕەنگە شاعیران بە هۆی دۆخە سەمەرە و هەستیارییەکەیانەوە بێ، یان (ئەفسوونی ڕابردوو) بێ، کە وا دەکات لە هەموو کەس زیاتر جۆرێک لە مەیلگەری و پەیوەستبوون بە چرکەساتێکی تێپەڕ لایان بە چارەنەکراو و قەتیسکراوی بمێنێتەوە. ئەم فلاشباكییهی ئهدهب لایان ببێت بە دەستپێکی کار و ژیانی بەردەوام، یان دەکرێ چەشنی ئۆرفیۆس بەردەوام بە گومان بن لە بەڵێنەکانی ژیان، بۆیە ئاوڕ لە سێبەر و ژیانی دواوەی خۆیان دەدەنەوە، چونکە شاعیران هەر لە سەردەمی جاهیلییەوە تاوەکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئەگەر سەرنج بدەن بەردەوام لە دەرەوە بە نەفرەت دەکرێن و ڕەت دەکرێنەوە، (هەموویان ڕەتیان کردمەوە وەک زۆڵێک یان حەرامزادەیەک/ وەک دێوێک، مشکێکی خوساو ڕەتیان کردمەوە وەک ئاژەڵێکی کێوی، یان وەک بارانێک کە خەڵکی نەفرەت لە دابارینی دەکەن، وەک لاسکی دڕکاویی گوڵێک/ وەک ئایەتێک کە نەفرەتیان لێ دەکات/ ڕەتیان کردمەوە وەک شەوێکی سامناک کە بەسەریاندا دەبارێت)٭ لێرهدا بهیانكردنهكه ڕوونه كهوا شاعیر وەک لیبۆک یان گاڵتەجاڕی، لەناو مەجلیسە ئەدەبی و کۆمەڵایەتییەکاندا، شووناسی پێناسە دەکرێ، بۆیه دێت تاریکی ههڵدهبژێرێ، تا له بێهوودهییی دهرهوهدا وەک دەرکراوێک بەرەو ناوەوە دەگەڕێتەوە.٣ ئینجا لەوێدا وەک کارخانەیەکی گەورەی شیعری- خۆ شاعیران نابێ بوهستن- دێن ناوەوە دەکهنه ڕووبەرێک بۆ وەگەڕخستنی وزەی خەیاڵ و نەستی شیعرییان.
١ـ تیۆرێما، دەربارەی چەند چەمکێکی ئەدەبی، بەیان سەلمان
٢ـ تیۆریی ئەدەبی، پێشەکییەکی زۆر کورت، جاناتان کالر، و: عەبدولخالق یەعقووبی
٣ـ لە ناونیشانی وتارێکی بەختیار عەلی وەرگیراوە لە کتێبی (ناشوێن)ـدا هاتووە
٭ پەڕەگرافی شیعرەکان لەناو کتێبەکەوە وەرگیراون